پەرەگراف
دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەركرد.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەرەگراف وتی "هاوڵاتییەك سكاڵای لەسەر لاهور شێخ جەنگی تۆمار كردووەو دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركردووە".
سەرچاوەكە وتیشی "بە تۆمەتی ڕفاندنو ئەشكەنجەدان سكاڵا لەسەر لاهور شێخ جەنگی تۆمار كراوە".
لە دوای ڕووداوەكانی 8ی تەمموزو تەقینەوەی ناكۆكییەكانی نێوان بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی، لە میدیای یەكێتییەوە چەندین تۆمەتی قورس ئاڕاستەی لاهور شێخ جەنگیو كەسە نزیكەكانی كراون، تائێستاش فەرمانی دەستگیركردن بۆ چەند كەسێك لە نزیكەكانی دەرچووە بە تۆمەتی جیاواز، لەوانەش د.میران محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیو دوو برای لاهور شێخ جەنگی.
ئەو كەسانە هێشتا دەستگیر نەكراونو پەرەگراف زانیویەتی لە ماڵی لاهور شێخ جەنگیدان لە گردی سەرچنار لە سلێمانی.
هاوكات پەرەگراف شەوی ڕابردوو ئەوەی ئاشكرا كرد، كە سەرلەبەیانیی دوێَنێ لاهور شێخ جەنگی سكاڵای یاسایی لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆمار كردووە.
"لاهور شێخ جەنگی لە سكاڵاكەیدا باسی لەوەكردووە ناوی زڕێنراوەو سووكایەتی پێكراوە، داوادەكات ئەو تۆمەتانەی لە دوای 8ی تەمموزەوە ئاڕاستەی كراون لە دادگادا بسەلمێندرێن".
هەر لە چوارچێوەی گرژییو ئاڵۆزییەكانی نێوان بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگیی، میدیای فەرمیی یەكێتی دوێنێ لە زاری سەرچاوەیەكی ڕەسمیی یەكێتییەوە بڵاویكردەوە "لاهور شێخ جەنگی تۆمەتبارە بە داڵدەدانی تاوانباران و تێوەگلاوان لەكەیسی گەندەڵی هەمەجۆر كە دادگا بە ڕەسمیی داوایكردوون".
"لاهور شێخ جەنگی تۆمەتبارە بەخراپ بەكارھێنانی دەسەڵاتەكانی پێچەوانەی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی و كۆمەڵانی خەڵك و كەسوكاری شەهیدان" سەرچاوە ڕەسمییەكەی یەكێتی وادەڵێت.
شەوی ڕابردووش میدیای یەكێتی چاوپێكەوتنی دوو برایان بڵاوكردەوە كە بازرگان بوونو براكانی لاهور شێخ جەنگییان ناسیوە، لە چاوپێكەوتنەكەدا باسلەوە دەكەن "ڕفێندراونو دەستبەسەر موڵكو ماڵیاندا گیراوە لە ژێری فشارو هەڕەشەدا".
لاهور شێخ جەنگی دوێنێ لە پەیامێكدا ڕایگەیاند "لە ئێستادا پێم ڕاگەیەندراوە كوردستان بە جێبهێڵم، بە پێچەوانەوە وادیارە بڕیاریانداوە بە زەبری هێزی حكومی هەڵبكوتنە سەر ماڵەكەم لە كوردستان دوورم بخەنەوە، هەر بۆیە بڕیارم داوە كە وەك كۆڵەكەیەك ڕووبەڕووی ئەم پیلانگێڕییە ببمەوە و تا دوا هەناسەم میللەتەكەی خۆم بە جێنەهێڵم".
لاهور شێخ جەنگی لە پەیامەكەیدا هەڕەشەی كردو وتی "بەندەش دەمتوانی نەك لە ڕێگەی تۆمەتبەخشینەوە بەڵكو بە بەڵگە پەردە لەسەر زۆر كاری قێزەوەن هەڵبگرم، لەسەر ئەو كەسانەی تۆمەت بۆ بەندە دەبەخشنەوە، بەڵام پەروەردەی من و ڕەوشتی من هەرگیز ڕێگەی پێنەداوم كە كارێكی لەم جۆرە بكەم".
هاوسەرۆكی یەكێتی ئەوەش دەخاتەڕوو، بە مەرجی پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی دەكرێن ئامادەبووە دەسەڵاتەكانی ڕادەستی بافڵ تاڵەبانی بكات، "بەڵام بە داخەوە وادیارە بە هۆی ڕێگریكردنەوە حزبەكەم نەیتوانیوە ئەو لیژنەیە پێك بهێنن و دوای نائومێدبوونم لە مەكتەبی سیاسیی حزبەكەم بڕیارمدا كە پەنابەرم بۆ بەردەم دادگای سلێمانی و داوا بكەم كە هەموو ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵم لە ڕێگەی دادگاوە یەكلایی بكرێتەوە".