فەرید ئەسەسەرد: میدیای یەكێتی دووربخرێتەوە لە ململانێكانو هێزی چەكدار بەكار نەهێنرێت
پەرەگراف
فەردی ئەسەسەرد سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نووسراوێكی ئاڕاستەی هاوسەرۆكو مەكتەبی سیاسی حزبەكەی كردووەو لەبارەی كێشە ناوخۆییەكان سێ داواكاریی هەیەو دەڵێت: بەوپەڕی نیگەرانییەوە لەو دۆخە دەڕوانین كە گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدارو ناكرێت لەمەزیاتر تەشەنە بكات.
ئەوە یەكەم پەیامی ئاشكرای سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتییە لە دوای ڕووداو و گۆڕانكارییەكانی 8ی تەمموز كە لەناو یەكێتی هاتنە ئاراوە، ئەسەسەرد دەڵێت "پێویستە دەستبەجێ میدیای ڕەسمی (ی.ن.ك) دووربخریتەوە لە ململانیی ناوخۆ، دەبێت میدیای یەكێتی ڕۆڵی هێوركردنەوە و یەكڕیزیو تەبایی ناوخۆی (ی.ن.ك) ببینێت".
لە خاڵێكی دیكەی نووسراوەكەیدا ئەسەسەرد داوا دەكات، "پێویستە بە هیچ شێوەیەك هێزی چەكدار بۆ یەكلاییكردنەوەی ململانێی ناوخۆی حیزب بەكار نەهێنرێت".
سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە خاڵی كۆتایی نووسراوەكەیدا ئاماژە بەوەدەكات، ئەنجومەنی سەركردایەتی باڵاترین دەسەڵاتە بۆیە پێویستە لە زووترین كاتدا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەنجامبدرێو تەواوی كێشەكان لەناو ئەنجومەن ڕێگا چارەی گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە، "بەردەوام بوونی كێشەكان بەم شێوەی ئێستا (ی.ن.ك) بەرەو چارەنووسێكی نادیار دەبات".
ئەو پەیامەی فەرید ئەسەسەرد لە كاتێكدایە، تادێت كێشەكانی نێوان هاوسەرۆكانی یەكێتی تووندتر دەبێتەوە، پەرەگراف دوێنێ ئەوەی ئاشكرا كرد كە شەوی 1ی ئەم مانگە، ئاڕاستەی ماڵی مام جەلالو پشتیوانەكانیان لەناو یەكێتی ئامادەكارییان كردووە بە هێزی سەربازیی بچنەسەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی لە گردی سەرچنار لە سلێمانی.
ئەمەریكا پەیامی بۆ یەكێتی ناردووە كە هێزی چەكدار لە كێشە ناوخۆییەكانیاندا بەكار نەهێننو چوونەسەر ماڵی لاهور شێخ جەنگیی بە "هێڵی سوور" لەقەڵەم داوە، بەپێی دوو سەرچاوەی باڵای یەكێتی بۆ پەرەگراف.
"پاساوی چوونی هێزەكە دەستگیركردنی چەند كەسێك بووە كە دادگا فەرمانی گرتنی بۆدەركردوونو لەماڵی ئەودان" سەرچاوەیەكی پەرەگراف وای وت.
وتیشی "هێزەكانی دژەتیرۆر بە فەرماندەیی وەهاب هەڵەبجەیی ڕەتیانكردووەتەوە بەشداری بكەن لە چوونەسەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی، پەیامەكەی ئەمەریكاش كاریگەر بووەو لە ئەنجامدا جووڵەپێكردنی هێزەكە جێبەجێ نەكراوە".
دوای بیستنی پەیامەكەی ئەمەریكا، لاهور شێخ جەنگیی ئێوارەی دوێَنێ بێدەنگیی شكاندو پەیامێكی بڵاوكردەوە، سەرلەبەیانیی دوێنێش سكاڵای یاسایی لەسەر بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی تۆمار كرد.
" لاهور شێخ جەنگی لە سكاڵاكەیدا باسی لەوەكردووە ناوی زڕێنراوەو سووكایەتی پێكراوە، داوادەكات ئەو تۆمەتانەی لە دوای 8ی تەمموزەوە ئاڕاستەی كراون لە دادگادا بسەلمێندرێن".
هەوڵدان بۆ بەكارهێنانی هێز لە دژی لاهور شێخ جەنگی، دوای ئەوەدێت كە لە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ قوباد تاڵەبانیدا، لاهور شێخ جەنگیی داواكارییەكانی ئەوانی ڕەت كردووەتەوەو گرژییو مشتومڕ لە نێوانیان ڕوویداوە.