لاهور شێخ جەنگی: پێم ڕاگەیەندراوە كوردستان بە جێبهێڵم، بە پێچەوانەوە هەڵدەكوتنە سەر ماڵەكەم
پەرەگراف
لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاند: لە ئێستادا پێم ڕاگەیەندراوە كوردستان بە جێبهێڵم، بە پێچەوانەوە وادیارە بڕیاریانداوە بە زەبری هێزی حكومی هەڵبكوتنە سەر ماڵەكەم لە كوردستان دوورم بخەنەوە، هەر بۆیە بڕیارم داوە كە وەك كۆڵەكەیەك ڕووبەڕووی ئەم پیلانگێڕییە ببمەوە و تا دوا هەناسەم میللەتەكەی خۆم بە جێنەهێڵم.
هاوسەرۆكی یەكێتی لە پەیامێكدا هەڕەشە لە لایەنی بەرامبەری دەكاتو دەڵێت "بەندەش دەمتوانی نەك لە ڕێگەی تۆمەتبەخشینەوە بەڵكو بە بەڵگە پەردە لەسەر زۆر كاری قێزەوەن هەڵبگرم، لەسەر ئەو كەسانەی تۆمەت بۆ بەندە دەبەخشنەوە، بەڵام پەروەردەی من و ڕەوشتی من هەرگیز ڕێگەی پێنەداوم كە كارێكی لەم جۆرە بكەم".
لاهور شێخ جەنگی ئەوەش دەخاتەڕوو، بە مەرجی پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی دەكرێن ئامادەبووە دەسەڵاتەكانی ڕادەستی بافڵ تاڵەبانی بكات، "بەڵام بە داخەوە وادیارە بە هۆی ڕێگریكردنەوە حزبەكەم نەیتوانیوە ئەو لیژنەیە پێك بهێنن و دوای نائومێدبوونم لە مەكتەبی سیاسیی حزبەكەم بڕیارمدا كە پەنابەرم بۆ بەردەم دادگای سلێمانی و داوا بكەم كە هەموو ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵم لە ڕێگەی دادگاوە یەكلایی بكرێتەوە".
دەقی پەیامەكەی لاهور شێخ جەنگی
پەیامێك لە هاوسەرۆكی یەكێتی لاهور شێخ جەنگییەوە
بە ناوی خوای گەورە و مهیرەبان
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەكان، هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس و دژەتیرۆر و هێزەكانی ناوخۆ، ئەندامان و كادران و لایەنگرانی یەكێتیی و جەماوەری خەڵكی كوردستان.
سڵاوی خۆڕاگری و ئەمەكداریتان لێ بێت
دوای دانبەخۆداگرتنێكی زۆر لە پێناو ئاسایشی شاری سلێمانی خۆشەویست و هەرێمی كوردستان بە گشتی، لە پێناو چارەسەركردنی كێشەكانی دوای پیلانگێڕیی ٨ـی تەمووز كە بەندە هەوڵمدا لە ڕێگەی دیالۆگ و ڕێڕەوی حزبییەوە چارەسەر بكرێت، هەر لەو پێناوەشدا ئامادەییم نیشاندا بە شێوەیەكی كاتی دەسەڵاتە تەنفیزییەكانی خۆم ڕادەستی هەڤاڵی هاوسەرۆك بكەم بە مەرجێك لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی حزبی پێكبهێندرێت بۆ دەرخستنی ڕاستی و دروستیی ئەو تۆمەتانەی كە لێرە و لەوێ دەخرێنە پاڵ بەندە، بەڵام بە داخەوە وادیارە بە هۆی ڕێگریكردنەوە حزبەكەم نەیتوانیوە ئەو لیژنەیە پێك بهێنن و دوای نائومێدبوونم لە مەكتەبی سیاسیی حزبەكەم بڕیارمدا كە پەنابەرم بۆ بەردەم دادگای سلێمانی و داوا بكەم كە هەموو ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵم لە ڕێگەی دادگاوە یەكلایی بكرێتەوە.
بەندەش دەمتوانی نەك لە ڕێگەی تۆمەتبەخشینەوە بەڵكو بە بەڵگە پەردە لەسەر زۆر كاری قێزەوەن هەڵبگرم، لەسەر ئەو كەسانەی تۆمەت بۆ بەندە دەبەخشنەوە، بەڵام پەروەردەی من و ڕەوشتی من هەرگیز ڕێگەی پێنەداوم كە كارێكی لەم جۆرە بكەم، لە ئێستاشدا كە هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی دژوارتری سیاسی و ئەمنی و ئابووری و كۆمەڵایەتیدا تێپەڕ دەبێت و میللەتەكەمان بە هۆی سیاسەتی هەڵەی ئەو حزبانەی كە لە دەسەڵاتن بە حزبەكەی خۆشمەوە كەوتوونەتە ژێر بارێكی زۆر قورس، بەندە هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەم نەدەكرد ئەركی سەرشانی میللەتەكەم گرانتر بكەین، گەر بمزانیایە كێشەی میللەتەكەم و بنبڕكردنی گەندەڵی بە وازهێنانی لاهوری شێخ جەنگی و دووركەوتنەوەی لە وڵات كۆتایی پێدێت ئەوا دڵنیابن بەندە دەمێك بوو ئەو كارەم ئەنجام دابوو. بۆیە دەمەوێت گەلەكەم هۆشیار بكەمەوە، ئەو پیلانگێڕییەی كە لە ئارادایە زۆر مەترسیدارترە لەوەی كە باسی لێوە دەكرێت، ئێمە لەم چەند ساڵەی ڕابردوو هەوڵی ئەوەمان دابوو كە یەكێتیی خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆی بێت و نەكەوێتە ژێر كاریگەریی هیچ حزبێكی ترەوە، لە هەمان كاتدا هێڵە نیشتمانی و نەتەوەییەكەی یەكێتییمان دەستنیشان كردبوو، بە هیچ شێوەیەك ئامادە نەبووین بكەوینە ژێر كاریگەریی پیلانگێڕییە ئیقلیمییەكان و بە هەموو هێزی خۆمان هەوڵمان دابوو كە زۆنی سەوز بپارێزین و سەروەریی یاسا و ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین و ئاسایش و ئۆقرەیی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكەكەی خۆمان دابین بكەین، لەو پێناوەشدا باجی زۆرماندا، ئەم پیلانگێڕییەش بەشێكە لەو باجەی كە دەبوایە بیدەین، بە ئامانجگرتنی بەندەش تەنها سەرەتای ئەو پیلانگێڕییەیە، ئەگینا چەندین كردەوەی مەترسیدارتر بە دوای خۆیدا دەهێنێت.
دەمەوێت لێرەوە ئەندام و كادر و لایەنگران و كۆمەڵانی خەڵك ئاگاداربكەمەوە كە لە ئێستادا پێم ڕاگەیەندراوە كوردستان بە جێبهێڵم، بە پێچەوانەوە وادیارە بڕیاریانداوە بە زەبری هێزی حكومی هەڵبكوتنە سەر ماڵەكەم لە كوردستان دوورم بخەنەوە، هەر بۆیە بڕیارم داوە كە وەك كۆڵەكەیەك ڕووبەڕووی ئەم پیلانگێڕییە ببمەوە و تا دوا هەناسەم میللەتەكەی خۆم بە جێنەهێڵم، هەرچی لە دەستم بێت بە پشتیوانیی دڵسۆزان و ئێوەی كۆمەڵانی خەڵك ئەنجامی بدەم بۆ دەربازبوون لەم دۆخەی كە هەرێمەكەمانی تێكەوتووە، چونكە من بڕیارم دابوو كە خزمەتكاری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بم.
هەر شاد و سەربەرز و سەرفراز بن
لاهور شێخ جەنگی
هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان