هێرش بۆ سەر كەشتییە نەوتهەڵگرەكەی ئیسرائیل؛ بەرەی تۆڵەسەندنەوە لە ئێران لە فراوانبووندایە

02-08-2021 02:32

پەرەگراف

پاش تۆمەتباركردنی ئێران بە هێرش بۆ سەر كەشتییەكی نەوتهەڵگری ئیسرائیل، ئەمریكا و بەریتانیا و ئیسرائیل هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەكەن. ڕۆمانیاش كە هاووڵاتییەكی لە هێرشەكەدا كوژراوە، دەنگی خۆی خستە پاڵ ئەو وڵاتانە بۆ نیشاندانی"كاردانەوەی گونجاو" دژی ئێران.

ڕۆمانیا پاش پێنج ڕۆژ لە ئەنجامدانی هێرشەكە، هەڵوێستی خۆی بە بەرپرسیاربوونی ئێران لە هێرشەكە ڕاگەیاند و بەو هۆیەشەوە بانگهێشتی باڵیۆزی ئێرانی لە بوخاریستی پایتەخت كرد.

ڕۆمانیا لەگەڵ ئەوەی "ئیدانەی توند"ی هێرشەكەی كردووە و داوای "ڕوونكردنەوەی بەپەلە" لە ئێران دەكات، هاوكات دەڵێت "هێرشەكە بە ئەنقەست و پلان بۆ داڕێژراو" بووە.

"هێرش بۆ سەر ئامانجی ناسەربازی كە قوربانی و زیانی جیددیی بەدواوە بووە، هیچ پاساوێكی نییە و پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە توندی ئیدانە بكرێت"، دەوڵەتی ڕۆمانیا وا دەڵێت.

هەروەها بە مافی خۆی زانیوە كە بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانی "كاردانەوەی گونجاو" لە دژی ئەو هێرشە نیشان بدات.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو هێرش كرایە سەر كەشتییەكی نەوتهەڵگری ئیسرائیلی لەناو دەریای عوماندا و بەهۆیەوە هاووڵاتییەكی بەریتانی و هاووڵاتییەكی ڕۆمانی گیانیان لەدەست دا. ئیسرائیل و ئەمریكا و بەریتانیا دەڵێن هێرشەكە لەلایەن ئێرانەوە و لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە ئەنجام دراوە، بەڵام ئێران ڕەتی دەكاتەوە.

لە كاردانەوەی هێرشەكەدا دوێنێ‌ 1-8-2021، ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند "بە لێكۆڵینەوە لە زانیارییە بەردەستەكان، دڵنیاین كە هێرشەكە لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام دراوە".

بلینكن ئاماژەی بەوە كردووە كە هیچ پاساوێك بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشە لە ئارادا نییە و ئەمریكا لەگەڵ هاوبەشەكانی تاوتوێی قۆناغەكانی داهاتوو دەكات، لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەكەشدا بۆ "وەڵامی گونجاو"ی هێرشەكە لە گفتوگۆدایە.

دواتریش دۆمەنیك ڕاب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند كە لێكۆڵینەوەكانی وڵاتەكەی نیشانی دەدات ئێران لە ڕۆژی 29-7-2021 "بە ئەگەری زۆر، لە ڕێگەی یەك یان چەند فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە، كەشتییە نەوتهەڵگرەكەی لە ئاوە نێودەوڵەتییەكاندا كردووەتە ئامانج".

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەگەڵ ئەوەی هێرشەكەی بە "ئەنقەست، ئامانجدار و پێچەوانە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەكان" ناو برد، هاوكات هۆشداریی دایە ئێران كە ئەم جۆرە هێرشانە ڕابگرێت. وتیشی كە وڵاتەكەی لە هەماهەنگیدایە لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانی بۆ نیشاندانی "كاردانەوەیەكی هاوبەش لە دژی ئەم هێرشە قبووڵنەكراوە".

سەرلەبەیانیی دوێنێ‌ 1-8-2021، سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەنجامدانی هێرشەكەی لەلایەن وڵاتەكەیەوە ڕەت كردەوە و بە "تۆمەتهەڵبەستنێكی منداڵانە" ناوی برد.

لە كاردانەوەی قسەكانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا، نەفتالی بینت، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، وتی "ئێران لە هەنگاوێكی ترسنۆكانەدا هەوڵ دەدات خۆی لە بەرپرسیارێتیی هێرشەكە بدزێتەوە".

سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل هێرشەكەی بە "هەڵەی گەورە" وەسف كرد و وتیشی "بە ئاشكرا دەڵێین كە ئێران بەرپرسارە لە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر كەشتییەكە و بە شێوەی خۆمان دەزانین چ وانەیەكی دابدەین".

خاوەندارێتیی كەشتیی (مرسر استریت) كە كراوەتە ئامانج، بۆ ئەیال ئوفەر، ملیاردێری ئیسرائیلی دەگەڕێتەوە، كە لەلایەن كۆمپانیای زودیاكەوە بەڕێوە دەبرێت.

پێشتریش لە ئاوەكانی نزیك سنووری ئێران هێرش كراوەتە سەر كەشتییە ئیسرائیلییەكان، بەڵام ئەمە یەكەم جارە كە كوژرانی كەسانی سەر كەشتییەكەی لێ‌ دەكەوێتەوە.