ئەمریكا و بەریتانیا لە بەرانبەر هێرش بۆ سەر كەشتییە ئیسرائیلییەكە هەڕەشە لە ئێران دەكەن

01-08-2021 11:26

پەرەگراف

دوای ئیسرائیل و بەریتانیا، ئەمریكایش ئێرانی تۆمەتبار كرد بە هێرش بۆ سەر كەشتییە نەوتهەڵگرەی ئیسرائیل و لەوبارەیەوە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە هەڕەشەی "وەڵامێكی گونجاو"ی كرد.

ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند "بە لێكۆڵینەوە لە زانیارییە بەردەستەكان، دڵنیاین كە هێرشەكە لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام دراوە".

بلینكن ئاماژەی بەوە كردووە كە هیچ پاساوێك بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشە لە ئارادا نییە و ئەمریكا لەگەڵ هاوبەشەكانی تاوتوێی قۆناغەكانی داهاتوو دەكات، لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەكەشدا بۆ "وەڵامی گونجاو"ی هێرشەكە لە گفتوگۆدایە.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو هێرش كرایە سەر كەشتییەكی نەوتهەڵگری ئیسرائیلی لەناو دەریای عوماندا و بەهۆیەوە هاووڵاتییەكی بەریتانی و هاووڵاتییەكی ڕۆمانی گیانیان لەدەست دا. ئیسرائیل و ئەمریكا و بەریتانیا دەڵێن هێرشەكە لەلایەن ئێرانەوە و لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە ئەنجام دراوە، بەڵام ئێران ڕەتی دەكاتەوە.

دۆمەنیك ڕاب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند كە لێكۆڵینەوەكانی وڵاتەكەی نیشانی دەدات ئێران لە ڕۆژی 29-7-2021 "بە ئەگەری زۆر، لە ڕێگەی یەك یان چەند فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە، كەشتییە نەوتهەڵگرەكەی لە ئاوە نێودەوڵەتییەكاندا كردووەتە ئامانج".

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەگەڵ ئەوەی هێرشەكەی بە "ئەنقەست، ئامانجدار و پێچەوانە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەكان" ناو برد، هاوكات هۆشداریی دایە ئێران كە ئەم جۆرە هێرشانە ڕابگرێت. وتیشی كە وڵاتەكەی لە هەماهەنگیدایە لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانی بۆ نیشاندانی "كاردانەوەیەكی هاوبەش لە دژی ئەم هێرشە قبووڵنەكراوە".

بەیانیی ئەمڕۆ، سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەنجامدانی هێرشەكەی لەلایەن وڵاتەكەیەوە ڕەت كردەوە و بە "تۆمەتهەڵبەستنێكی منداڵانە" ناوی برد.

لە كاردانەوەی قسەكانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا، نەفتالی بینت، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، وتی "بیستم كە ئێران لە هەنگاوێكی ترسنۆكانەدا هەوڵ دەدات خۆی لە بەرپرسیارێتیی هێرشەكە بدزێتەوە".

سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل هێرشەكەی بە "هەڵەی گەورە" وەسف كرد و وتیشی "بە ئاشكرا دەڵێین كە ئێران بەرپرسارە لە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر كەشتییەكە. بە شێوەی خۆمان دەزانین چ وانەیەكی ئێران دابدەین".

خاوەندارێتیی كەشتیی (مرسر استریت) كە كراوەتە ئامانج بۆ ئەیال ئوفەر، ملیاردێری ئیسرائیلی دەگەڕێتەوە، كە لەلایەن كۆمپانیای زودیاكەوە بەڕێوە دەبرێت.

پێشتریش لە ئاوەكانی نزیك سنووری ئێران هێرش كراوەتە سەر كەشتییە ئیسرائیلییەكان، بەڵام ئەمە یەكەم جارە كە كوژرانی كەسانی سەر كەشتییەكەی لێ‌ دەكەوێتەوە.