مەزڵووم كۆبانێ: ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەر لایەنێك بە ئامانجی چارەسەركردنی قەیرانی سووریا
پەرەگراف
مەزڵووم كۆبانێ، فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات، جەخت دەكاتەوە كە ئامادەن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەر لایەنێك كە ئامانجی چارەسەركردنی قەیرانی سووریا بێت، لەناویشیاندا حكومەتی سووریا. كۆبانێ دەشڵێت كە ئەركی لەپێشینەیان گەڕاندنەوەی ئاوارە ناوخۆییەكان بۆ زێدی خۆیان و درێژەدانە بە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش.
ئەمڕۆ 1-8-2021، هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، بە ئامادەیی مەزڵووم كۆبانێ فەرماندەی ئەو هێزانە و فەرماندەكانی دیكەی هەسەدە و بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەر و نوێنەرانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، كۆنفرانسی ساڵانەی خۆی ئەنجام دا.
مەزڵووم كۆبانێ لە وتارێكدا جەختی لە ئامانج و كاری لەپێشینەیان لەم قۆناغەدا كردەوە و تی "ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش هێشتا گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ناوچەكە، پێویستە هەموو جیهان و هاوبەشەكانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان، درێژە بە هاوكارییەكانیان بۆ ئێمە بدەن".
"لەم قۆناغەدا توانا سەربازییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش وەكوو پێویست نییە. بونیادنانەوەی شوێنە وێرانكراوەكان و باشكردنی گوزەرانی خەڵك، زۆر پێویستە و هەموو ئەمانەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی تەواوەتیی داعش پێویستن. بۆ شكستهێنان بە داعش، پێویستە پاڵپشتی لە هەوڵە سیاسی، خزمەتگوزاری و كۆمەڵایەتییەكان بكرێت، ئەمە بەشێكی دانەبڕاوی پلانی ئێمەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش"، فەرماندەی گشتیی هەسەدە وای وت.
كۆبانێ جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكارییەكانی زیاتر بكات بۆ باشتركردنی بارودۆخی زینداندانەكان و كەمپی ئاوارەكان، تا ئەو كاتەی دەتوانن ئەو كەسانە بۆ وڵاتەكانی خۆیان بگەڕێننەوە.
سەبارەت بە گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانەی ڕۆژئاوای كوردستان كە توركیا داگیری كردوون، فەرماندەی گشتیی هەسەدە وتی "هێشتا هەنگاوەكانی گۆڕینی دیمۆگرافی لە ناوچە داگیركراوەكان بەردەوامن". باسی لەوەش كرد كە گرووپە چەكدارییەكانی سەر بە توركیا ڕۆژانە پێشێلكاریی ئەمنی ئەنجام دەدەن و وتی "هێزەكانی سووریای دیموكرات لەگەڵ هێزەكانی ڕووسیا هاوكارن تا بارگرژییەكانی ناوچە سنوورییەكانی باكووری سووریا كەم بكەنەوە".
مەزڵووم كۆبانێ ئامادەیی هێزەكانی سووریای دیموكراتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەر لایەنێك نیشاندا كە هەوڵی چارەسەری قەیرانی سووریا بدات وتیشی "نابێت لێكدانەوەی هەڵە بۆ بۆچوونەكانمان بكرێت، دەربڕینەكانی ڕژێمی سووریا دەربارەی هێزەكانمان، لە خزمەتی هاووڵاتیانی سووریادا نییە".
"ئێمە شانازی بە ناسنامەی سووریاییبوونی خۆمانەوە دەكەین و هەموو لایەنەكانی ناو هێزەكانی سووریای دیموكرات شانازی بە سووریبوونی خۆیانەوە دەكەن"، فەرماندەی گشتیی هەسەدە وای وت.
دەربارەی ئامانجی كۆنفرانسی ئەمساڵی هەسەدە، كۆبانێ وتی كە دەیانەوێت ئەو بڕیارانەی لە كۆنفرانسی پێشوودا دەرچوون و بەهۆی داگیركارییەكانی توركیا و كۆرۆناوە جێبەجێ نەكراون، بڕیار لە جێبەجێكردنیان بدرێت، كە خۆیان دەبیننەوە لە "فراوانكردنی دەمودەزگا سەربازییەكان، پەرەپێدانی توانا سەربازییەكان، پێشخستنی ئیداری و بەڕێوەبردن".