پەرەگراف
بافڵ تاڵەبانی داوا لە لاهور شێخ جەنگی دەكات "كوردستان بەجێبهێڵێتو بە تەواوەتی دەستبەرداری یەكێتی ببێت"، ئەم پەیامەی بە كەسێكدا بۆ ناردووە، بەپێی دوو سەرچاوەی ئاگادار بۆ پەرەگراف.
سەرچاوەكان نزیكن لە هاوسەرۆكانی یەكێتیو قسەیان لەگەڵدا كردوون، لە وەڵامی ئەو داوایەی بافڵ تاڵەبانیدا، لاهور شێخ جەنگی وتویەتی "ناچمە دەرەوەی كوردستان مەگەر بۆ گەشتێكی كورت نەبێت. دەستبەرداری یەكێتیش نابمو هەر گۆڕانكارییەك بكرێت دەبێت بە ڕێكاری حزبییو بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ بێت".
لە دوای ڕووداوەكانی 8ی تەمموزو تەقینەوەی ناكۆكییەكانی نێوان هاوسەرۆكانی یەكێتی، لە 15ی تەمموزدا لاهور شێخ جەنگی دەسەڵاتەكانی ڕادەستی بافڵ تاڵەبانی كرد. دواتر لاھور شێخ جەنگی لە پەیامێكدا ڕایگەیاند، بەشێوەیەكی كاتیی دەسەڵاتەكانی پێشكەش بە بافڵ تاڵەبانی كردووە تا ئەو كاتەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكەیان هەموار دەكرێتەوە.
ئێستا ماڵی مام جەلال دەیانەوێت بە شەرعییو بەپێی ڕێكارەكانی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، بە تەواوەتی لاهور شێخ جەنگی دووربخەنەوەو لە حزبەكەیان دایببڕن، داوای جێهێشتنی كوردستانیش لەو چوارچێوەیەدایە تا لاهور شێخ جەنگی بە "ئامادەنەبوو" لە قەڵەم بدرێت، بەوپێیەی مادەی 36 لە پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی دەڵێت: لەكاتی ئامادەنەبوونی هەریەكێك لە هاوسەرۆك، هاوسەرۆكەكەی دیكە دەسەڵاتەكانی دەگرێتە ئەستۆ.
ئەگەر لاهور شێخ جەنگی سووربێت لەسەر جێنەهێشتنی كوردستان، ئەوا ماڵی مام جەلال چەند ڕێگایەكی دیكەیان لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكەیان كە دوورخستنەوەی یەكجاریی لاهور شێخ جەنگییە، بەوتەی سەرچاوەكانی پەرەگراف، هیچكام لەو ڕێگایانە ئاسان نینو دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كە لە 124 ئەندام پێكدێن.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، ئەگەر هاوسەرۆكی یەكێتی خۆی دەستلەكار كێشانەوە پێشكەش بكات، ئەوا پێویستی بە دەنگی زۆرینەی سادەی سەركردایەتی هەیە بۆ پەسەندكردنی كە دەكاتە 63 دەنگ.
بەڵام ئەگەر متمانەی لێوەربگیرێتەوە بەهۆی "پابەند نەبوون بە ئەرك و دەسەڵاتەكان"، ئەوا پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەیە كە 83 دەنگ دەكات.
هەرچەندە لە كۆنگرەی یەكێتیدا لاهور شێخ جەنگی دەنگی یەكەمی هێناو دواتریش زۆرینەی ئەندامانی سەركردایەتی لەگەڵدابوو كە نزیكەی 80 ئەندام دەبوون، بەڵام ئێستا ئەو زۆرینەیەی لەگەڵدا نەماوە.
لەگەڵئەوەشدا، سەرچاوەیەكی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی دەڵێت "هێشتا دەوری 50 ئەندامی سەركردایەتی لەگەڵ كاك لاهوردان، ماڵی مام جەلال دوو لەسەر سێ-یان مسۆگەر نەكردووە بۆیە تائێستا پەنا بۆ ئەوە نابەن لە سەركردایەتی متمانەی لێوەربگرنەوە".
بەدەر لە هەوڵەكانی دوورخستنەوەی یەكجاریی لاهور شێخ جەنگی، بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت سیستمی هاوسەرۆكی بگۆڕێت بۆ یەك سەرۆكیو ئەو پۆستە بۆ خۆی بێت. هەروەها سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی یەكێتی هەڵبوەشێنێتەوەو سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی نوێ لە 30 بۆ 40 كەس پێكبهێنێت.
بۆ ئەو گۆڕانكارییانە دەبێت پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی هەموار بكرێتەوە، ئەوەش دەبێت 50 ئەندامی سەركردایەتی داوای هەموارەكە بكەنو هەر گۆڕانكارییەكیش لە پەیڕەودا پێویستی بە دەنگی چوار لەسەر پێنجی سەركردایەتی هەیە كە 100 دەنگ دەكات لەكۆی 124 ئەندامی سەركردایەتی، بەبێ ئەوەی بۆیان هەبێت دەستكاریی بنەما گشتییەكان بكەن.
بنكۆڵكارییەكی پەرەگراف بخوێنەرەوە لەبارەی دیوی پشتەوەی ڕووداوەكانی ناو یەكێتیو تەقینەوەی ناكۆكییەكان