لە سێ‌ ڕۆژدا 71 ئاگر لە دارستانەكانی توركیا كەوتووەتەوە و هۆكارەكەی نەزانراوە؛ زیانەكان چین؟

30-07-2021 09:15

پەرەگراف

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، ڕایگەیاند كە لە ماوەی سێ‌ ڕۆژدا "71 ئاگر لە دارستانەكانی توركیا كەوتوونەتەوە. 57یان كۆنترۆڵ كراون و هەوڵەكان بۆ كوژاندنەوەی 14 ئاگری دیكە بەردەوامە". ئاگركەوتنەوەكان گیانلەدەستدانی چوار كەس و برینداربوونی 183 كەسی لێ‌ كەوتووەتەوە، زیانی ماددیی گەورەیشی بەدواوە بووە.

لە ڕۆژی چوارشەممە 28-7-2021ـەوە ئاگركەوتنەوەكان دەستیان پێ‌ كردووە و دیارترینیان لە دارستانەكانی پارێزگای ئەنتاڵیادایە كە ناوچەیەكی گەشتیارییە، ئەوەش بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە كەرتی گەشتیاریی ئەو وڵاتە.

موراد كوروم، وەزیری ژینگەی توركیا، دەربارەی زەرەر و زیانەكان دەڵێت "پێمان وایە نزیكەی دوو هەزار و ٣٠٠ بینا بەهۆی ئاگرەكەی ئەنتاڵیاوە زیانیان بەركەوتووە. كارەكانیش بۆ تۆماركردنی زەرەر و زیانەكان بەردەوامن".

هەروەها بەكر پاكدەمیرلی، وەزیری كشتوكاڵ و دارستانی توركیا، دەڵێت "بە سێ فڕۆكە، نۆ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، یەك تانكیی ئاو، ٣٨ كۆپتەر، ٦٨٠ ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە و چوار هەزار كارمەند، لە هەوڵی كوژاندنەوەی ئاگرەكەی ئانتاڵیاداین".

پێشتریش وەزیری كشتوكاڵ و دارستانەكانی توركیا وتی "بەگوێرەی لێكۆڵینەوە بەراییەكان، ١٥٠ ئاژەڵی گەورە، هەزار سەر مەڕ و بزن، شەش هەزار دۆنم زەویی كشتوكاڵی و ٥٠٠ دۆنم كێڵگە زیانیان بەركەوتووە".

تا ئێستا هۆكاری كەوتنەوەی ئەو ژمارەی زۆرەی ئاگر لە ماوەیەكی كورتدا لە توركیا نەزانراوە. ئەردۆغان دەڵێت"لێكۆڵینەوەكان بە شێوەیەكی چڕ بەردەوامن. لە لێكۆڵینەوەكاندا كار لەسەر ئەوە دەكرێت كە ئایا ئەم ئاگرانە بە مەبەست كراونەتەوە یان نا".

دەربارەی لێكۆڵینەوەكان لەو كەس و لایەنانەی تۆمەتبار كراون بە كردنەوەی ئاگرەكان، مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا، ڕایگەیاند "گومانمان بۆ ئەوە دەچێت كە لایەنێك بەرپرسیار بێت لە كەوتنەوەی ئاگرەكان. دەزگا پەیوەندیدارەكان بەردەوامن لە لێكۆڵینەوە و چەند كەسێكیش دەستبەسەر كراون".

بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكان، توركیا هاوكاریی لە ژمارەیەك وڵات وەرگرتووە. لەوبارەیەوە سەرۆككۆماری توركیا وتی "لەمڕۆوە ژمارەی فڕۆكە ئاگركوژێنەوەكان كراوەتە پێنج بۆ شەش فڕۆكە. ئەم فڕۆكانەمان لە ڕووسیا و ئۆكراینا وەرگرتووە. لە دوای ئەنجامدانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی، وڵاتی ئازەربایجانیش فڕۆكەیەكی ئاگركوژێنەوەمان بۆ دەنێرێت".

"ئەو كەسانەی بەهۆی ئاگرەكانەوە ماڵیان سووتاوە، یان ئاژەڵەكانیان لەناو چوون، لە دوای تۆماركردنی زەرەر و زیانەكان، هەموویان قەرەبوو دەكرێنەوە و ھیچ ھاووڵاتییەك بەشخوراو ناكەین"، ئەردۆغان وای وت.