پەرەگراف
مەلا بەختیار چەند پەیامێك ئاڕاستەی هاوسەرۆكانی یەكێتی دەكاتو دەڵێت، وەلاخستنی لاهور شێخ جەنگی بە سروشتی نازانێتو داوای پێداچوونەوە بە ژیانی حزبایەتی یەكێتی دەكات.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی، لە وتارێكدا لەبارەی كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكەی دەڵێت: لە دوای چوارەمین كۆنگرەوە، ئۆرگانەكانی یەكێتی، سەراپا دۆش داماوون، كۆبوونەوەی حیزبی؛ شانەو كەرت نەماوە؛ پرنسیپەكان پێشێل كران؛ هیچ ئۆرگانێك كاریگەری نەماوە، جگە لە هاوسەرۆكەكان. بەڵام لە دوا ئاكامدا یەكێتی لەناو خەڵكدا باجی قورس قورس دەدا. ئەوەتانێ كێشەكان تەقینەوە، تا گەیشتە رادەی وەلاخستنی یەكێك لە هاوسەرۆكەكان، بەبێ رێرەوی حیزبایەتی سروشتی!
مەلا بەختیار پێیوایە، ئەوەی دەركەوتووە زیانەكانی چوارەمین كۆنگرەی یەكێتییە، "زیانەكانی چوارەمین كۆنگرە لە پرنسیب و دیسپلین و ژیانی حیزبایەتی، كەمتر نەبووە، لەو كارەساتانەی بەسەر یەكیتیدا هاتووە. لە كارەساتەكاندا یەكێتی بەهێزتر دەهاتەوە بۆتەی خەبات. بەڵام لەدوای چوارەمین كۆنگرەوە، هەتا دێت یەكێتی لاوازتر دەكرێ. مەترسیدارترین سیاسەتی ئێستای یەكێتیش، ئەوەیە كە زۆربەی سەركردایەتی ئێستا، لە فەلسەفەی سیاسی مام جەلال، لەناو هاوكێشە سیاسییەكان، بە قوڵی تێناگەن و متمانەی خەڵك، بەرە بەرە لە دەست دەدەن".
"پیشێلكردنی پرنسیپەكانی حیزبایەتی، چۆن لە چوارەمین كۆنگرەدا سروشتی نەبوو، ئێستاش وەلا خستنی هاوسەرۆكێك بە سروشتی نازانم. لێرەدا، نامەوێ قەتماغە هەڵبدەمەوە، ناشمەوێ لەسەر دەنگو باسەكان حوكم بدەم، ئەوی رویداوە، چاكبونەوەی گەلێ دژوارە" مەلا بەختیار وادەڵێت.
ئەو بەرپرسە باڵایەی یەكێتی، بەبێ ئەوەی ناوی بافڵَ تاڵەبانی بهێنێت، ڕووەو ئەو دەڵێت: تكایە، دەرس و پەندەكانی مێژوو بخەنەوە بیری خۆتان. وەلاخستنی هاوسەرۆكێك، بە هەل مەزانن بۆ رشتنی رق و كینە. پەلاماری لایەنگرانیان مەدەن و پاكتاویان مەكەن. رێز لە كادرو هاو تەكەتولەكانیان بگرن، گەرچی هەڵەشیان كردبێ، یان بە هەڵە لە هاوكیشەكانیش تێگەیشتبێتن. بەڵكو بەشی زۆریان لە ترسان و لە برسان رەدووی سیاسی كەوتوون. ئەوەتانێ بە یەك روداو، ئەوانەی لە ترسان و لە برسان رەدوو كەوتبون، زۆربەیان هەڵدەوەرن. بۆ؟ چونكە ژیانی حیزبایەتی پێشێل كرابوو.
وتارەكەی مەلا بەختیار لە كاتێكدایە، گرژییەكانی نێوان بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی كە چەند ڕۆژێكە بەردەوامە، دۆخێكی شڵەژاوی لەناو یەكێتی دروستكردووە.
گرژییەكان بەھۆی گۆڕانكارییە لە پۆستەكانی بەرپرسی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری یەكێتی، بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بە فەرمیی بەرپرسی نوێی ئەو دوو دەزگایە دەستبەكاربوون كە كەسانی نزیك لە خۆیانن، ئەژی ئەمین بۆ بەرپرسی دەزگای زانیاری و وەھاب ھەڵەبجەیی بەرپرسی دژەتیرۆر، بەوەش شوێنی ئەو كەسانەیان گرتەوە كە پێشووتر لەو پۆستانەدا بوون و نزیكبوون لە لاھور شێخ جەنگی.
لەبارەی ئەوانەی لەم گۆڕانكارییەدا دووردەخرێنەوە، مەلا بەخیتار پێیوایە هەقە تەنها ڕێگەی شەرعی بۆ مافەكانیان بگرنەبەر، "هەموو كەسێكیش، بە هەر پاساوێك وەلانرابێ، مافی خۆیەتی، لە بەردەم ئۆرگانە حیزبیەكاندا بەرگری لە خۆی بكات، بەپێی بەڵگەكان سزا بدرێ. نەك بێ بەڵگە حوكمی لەسەر بدری".
"بێگومان ئەم روداوە بە دڵی پارتیە و پارتی و لایەنەكانی تریش (جگە لە گۆڕان) سوردی لێ وەردەگرن، بەلام روداوەكە بە دەسیسەی پارتی نەبووە. ئەگەر هات و بشسەلمێ كەسێك، بە دەسیسە ئەم روداوەكەی ئەنجامدابێ، شەرمەزاری مێژوو دەبێ". مەلا بەختیار وا دەڵێت.
دەشڵێت "لەم روداوەشدا، تكایە، ژمارەی جنێوەكان، بەرامبەر یەكدی زیاد مەكەن؛ بەبێ بەڵگە تۆمەت مەبەخشنەوە؛ مەكەونە پاكتاوكردنی یەكتر؛ بوار مەدەن هەلپەرستان و پیاهەڵدەران، گوێدرێژ ئاسای ناوجۆگە، لەمبەرو ئەوبەری جۆگەی نێوان جەمسەرەكان، بلەوەڕن؛ خەڵكیش بە ئاگری خۆتانەوە مەسوتێنن. دڵنیابن كولتوری جنێو و پاكتاوكردن، سەرەتا بە گەرمی دەست پێ دەكات.. بەڵام وەكو سەرجەم هەڵمەتی پاكتاوكردنی مێژووی یەكێتی، پاشگەز بونەوەی بەدواوەیە!!".