پەرەگراف
ژمارەیەك چەكدار هەڵیان كوتایە سەر كەناڵەكەی لاهور شێخ جەنگی لە شاری سلێمانی و دەستیان بەسەردا گرت.
سەرچاوەیەك لە کەناڵەکە بە پەرەگرافی وت "چەكدارەكان هەندێك ئامێریان شكاندووە و ژمارەیەك كەسیشیان بۆ ماوەیەکی کورت لە ھۆڵێکی کەناڵەكەدا دەستبەسەر كردووە".
دامەزراوەی ئای پڵەس كە تۆڕێكی میدیاییە، خاوەنەكەی لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتییە و بڕیار بوو بەم زوانە كەناڵەكەی دەست بە پەخش بكات.
ڕۆژنامەنووسێکی کەناڵەکە کە لەکاتی ڕووداوەکەدا لەوێ بووە بۆ پەرەگراف وتی "ژمارەیەکی زۆر چەکداربوون، ھەندێکیان دەمامکداربوون، بەبێ خۆناساندن ھاتنەسەرمان، کامێراو شتەکانیان شکاندو ھەمومانیان لە ھۆڵێکدا دەستبەسەر کردو مۆبایلیان لە چەند کەسێکمان وەرگرت".
ئەو ڕۆژنامەنووسەی ئای پڵەس وتیشی "ئازاری کەسیان نەدا، پاشان ئامێری پەخشەکەیان لەگەڵ خۆیاندا بردو ئێمەیان ئازادکردو تەنھا ھیوا جەمال بەڕێوەبەری کەناڵەکە لەوێ مایەوەو دواتر ئەویشیان ئازاد کردووە".
دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەناڵە دوای ئەوەدێت، چەند ڕۆژێکە گرژیی و ناکۆکیی تووند کەوتووەتە نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی، لەو چوارچێوەیەشدا بۆ یەكەمجار لە دوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیو بوونی بە هاوسەرۆك لە كۆنگرەدا، بافڵ تاڵەبانی دەستەواژەی "سەرۆك"ی بۆ خۆی بەكارھێناو میدیای فەرمیی ئەو حزبەش وەک "سەرۆک" ناساندیان.
هێشتا گرژیی نێوان بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی كۆتایی نەهاتووە، پێشتر سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی بۆ پەرەگراف وتی "ئەو گۆڕانكارییە ئەمنییو هەواڵگرییەی كە كرا بەردەوام دەبێتو گۆڕانكارییەكە پۆستەكانی دیكەی ناو حزبیش دەگرێتەوەو ئاڕاستەیەكی بەهێز هەیە پێداچوونەوە بە پەیكەری ڕێكخستنی یەكێتیدا بكرێت".
ئەو سەرچاوەیە وتیشی "هەڵوەشاندنەوەی سیستمی هاوسەرۆك یەكێكە لە بابەتەكانی گفتوگۆی ئەم چەند ڕۆژە، بەڵام هێشتا بڕیاری لێ نەدراوەو داوا دەكرێت لە كۆبوونەوەی فراوانی حزبیدا وەك بەستنی پلنیۆم گۆڕانكاریی بكرێت".
گرژییەكانی نێوان بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی كە چەند ڕۆژێكە بەردەوامە، دۆخێكی شڵەژاوی لەناو یەكێتی دروستكردووە، گرژییەكان بەھۆی گۆڕانكارییە لە پۆستەكانی بەرپرسی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری یەكێتی، بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بە فەرمیی بەرپرسی نوێی ئەو دوو دەزگایە دەستبەكاربوون كە كەسانی نزیك لە خۆیانن، ئەژی ئەمین بۆ بەرپرسی دەزگای زانیاری و وەھاب ھەڵەبجەیی بەرپرسی دژەتیرۆر، بەوەش شوێنی ئەو كەسانەیان گرتەوە كە پێشووتر لەو پۆستانەدا بوون و نزیكبوون لە لاھور شێخ جەنگی.