پەرەگراف
خراپیی دۆخی كرێكاران بە شێوەیەكی گشتی، بابەتێكی گەرمە كە بەردەوام باسی دەكرێت، بەڵام لە وەرزی هاویندا دۆخیان خراپتر دەبێت، تینی تیشكی خۆر و گەرمای تاقەتپڕووكێن، زیاتر بێزاریان دەكات، بە تایبەت بۆ ئەوانەی بە كرێی ڕۆژانە كار دەكەن.
ئەوان زۆرجار چەند كاتژمێرێكی ڕۆژ تەنها بە چاوەڕوانی لەسەر شۆستەی شەقامەكان بەسەر دەبەن، بەو هیوایەی كەسێك بێت و كارێكیان پێ بدات تا بژێویی ئەو ڕۆژەیان دەست بكەوێت.
مستەفا، كرێكارێكە خاوەنی موزەخەیەكی هەواییە، ڕۆژانە لەسەر یەكێك لە شەقامەكانی سلێمانی ئامێرەكەی دادەنێت، چاوەڕوانە یەكێك بێت و لەگەڵ خۆیدا بیبات بۆ كار.
ئەو كرێكارە دەڵێت "كارەكە قورس و ماندووكەرە، بەڵام هیچمان دەسەڵات نییە، ئێمە ناچارین، چونكە هیچ كارێكی دیكە نازانین و پەیداكردنی بژێویی ژیانی ڕۆژانەش قورس بووە، گرانییە و كرێمان لەسەرە، نرخی هەموو شتێكیش بەرزبووەتەوە".
"هەموو ڕۆژێك بۆ چەند كاتژمێرێك ئێمە لەژێر تینی خۆردا دەوەستین، چاوەڕێی موشتەرییەكین كە پێویستی بە خزمەتگوزارییەكی ئێمە بێت، تاوەكو زێرابی ماڵ یاخود چێشتخانەكەی بكەینەوە و پاكی بكەینەوە بۆی"، مستەفا بەو شێوەیە باسی ژیانی ڕۆژانەی خۆی دەكات.
ئەو باس لەوە دەكات لەگەڵ ئەو ماندووبوونە زۆرەی دەیچێژن، تێڕوانینی زۆر كەس بۆیان نەرێنییە، كارەكەیان بە پیس دەبینن، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو بەربەستەی لە كاتی كاركردندا دێتە ڕێیان، بەوپەڕی تواناوە كار دەكەن بۆ ئەوەی بژێویی خۆیان و خێزانەكانیان دابین بكەن. دەست لە هیچ كەسێك پان ناكەنەوە، چونكە كاركردن هەر چۆنێك بێت، عەیب نییە.
كرێییەكی كەم
لەتیف حسێن، توێژەری كۆمەڵایەتی، لەبارەی دۆخ و ژیانی كرێكارانەوە دەڵێت "شێوازی كار و ئەو دۆخی كاركردنەی لە تەواوی عێراق هەیە، زۆر خراپە و هیچ مەرجێكی تەندروستی و مرۆڤایەتی و یاسایی تێدا نییە، بیمەیان نییە و پارێزگارییان لێ ناكرێت. خاوەن كارەكان زیاتر لە ماوەی خۆیان كاریان پێ دەكەن، زۆر جاریش ئەوانەی سادەن و پێویستی زۆریان بە كارە، ئیستغلال دەكرێن بە كرێیەكی كەم، هەروەها ژینگەیەكی گونجاو و تەندروستیان بۆ دەستەبەر ناكرێت".
"لەبەر ئەو هۆكارانەیە، ڕووداوی نەخوازراو دووبارە دەبنەوە، كرێكاران گیان لەدەست دەدەن یاخود بە سەختی بریندار دەبن و كەمئەندام دەبن، ئەوەش لە كاتی گەڕانیان بە دوای بژێویدا ڕوو دەدات، بەتایبەت لە كاتی كاركردن لە دروستكردنی باڵەخانەكاندا، لەو كاتانەشدا قەرەبووی خۆیان و خێزان و كەسوكاریان ناكرێتەوە، چونكە هیچ یاسایەك نییە بە ڕوونی لە بەرژەوەندیی ئەو چینە بێت و مافەكانیان بپارێزێت" توێژەرەكە وا دەڵێت.
لەتیف حسێن تیشك دەخاتە سەر ئەوەی كە ئەو كرێكارانەی بە كرێی ڕۆژانە كار دەكەن و كارێكی جێگر و مووچەیەكی مانگانەیان نییە، خراپیی دۆخیان دوو هێندەیە، ئەوان بە شێوەیەكی ڕۆژانە بە دوای موشتەریدا دەگەڕێن، دەیانەوێت كاری گواستنەوەی ماڵ و كەلوپەل یاخود خاوێنكردنەوەی كیڵگە و باخ بكەن، لە زۆر كاتیشیدا درەنگانێكی ڕۆژ دەگەڕێنەوە ماڵەوە بێ ئەوە هیچ كاریان دەستكەوتبێت.
هەرچەندە عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەندە بە نەوت و سەرچاوە سروشتییەكان، بەڵام هەژاری بە شێوەیەكی بەرچاو تێدا بڵاوە، بەپێی ڕاپۆرت و ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق و لایەنە جیهانییەكان بە تایبەت بانكی نێودەڵەتی، 12 بۆ 15 ملیۆن عێراقی كە دەكاتە نزیكەی سێ یەكی دانیشتوانی وڵات كە 40 ملیۆنە، بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن و لە دۆخ و گوزەرانێكی خراپدا ژیان دەگوزەرێنن.