دادگاییكردنی پێنج دەستگیركراوی بادینان؛ "هیچ بەڵگەیەكیان لەسەر نییە تاوانیان ئەنجام دابێت"

13-07-2021 02:19

پەرەگراف

یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی پێنج دەستگیركراوی دیكەی بادینان لە دادگای تاوانی دووی هەولێر بەڕێوە چوو. هاوشێوەی دادگايیكردنی دوێنێی چوار دەستگیركراوەكە، دانیشتنی ئەمڕۆیش بۆ كاتێكی دیكە هەڵگیرا. پارێزەرانی دۆسیەكە دەڵێن "ڕاگیراوان مەوقیفیان زۆر بەهێزە و هیچ بەڵگەیەكی یاساییان لەسەر نییە كە هیچ تاوانێكیان ئەنجام دابێت".

ڕێباز وسو، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژناماوانیدا ڕایگەیاند "دادگاییكردنە بە شێوەیەكی زۆر باش بەڕێوە چوو. زۆربەی ڕێكارەكانی دادگا كۆتاییان پێ هات، تەنیا ئاراستەكردنی تۆمەتەكە و خوێندنەوەی پارێزنامەی پارێزەران و لایحەی داواكاری گشتی ماوە. بەهۆی زۆریی داواكان لەلایەن سەرۆكایەتیی دادگاكەوە دانیشتنەكە دواخرا".

ئەو پارێزەرە وتیشی "هەموو ڕاگیراوان لە ڕووی یاساییەوە مەوقیفێكی زۆر بەهێزیان هەیە. هیچ بەڵگەیەكی یاساییان لەسەر نییە كە هیچ تاوانێكیان ئەنجام دابێت. هیچ شاهێدییەكیان لەسەر نییە، تەنانەت ئەو شاهێدانەی كە هاتبوون وەكوو شاهێدی سەلماندن، دەتوانین وەكوو شاهێدی بەرگری وەریان بگرین، چونكە هەموویان ئاماژەیان بەوە دا ئەو ڕاگیراونە كەسانی باشبوون و بەشداریی هیچ تاوانێكیان نەكردووە، بەڵوو ئازادیخواز بوون و بەرگرییان لە مافی هاووڵاتیان كردووە".

پرۆسەی دادگاییەكەی ئەمڕۆ بۆ 20-9-2021 هەڵگیرا. هەرێم ڕەفعەت، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوان، بۆ میدیاكان وتی "دواخستنی دادگاییكردنەكە وەكو عقوبەیەك سەیر دەكەم، ئیفادەی هەموو لایەنەكان وەرگیراوە، وتەی تۆمەتبار و شاهیدەكان وەرگیراوە، دواخستنی بۆ ئەو كاتە چ مانایەكی هەیە؟".

"ئەوە فەراغی چاودێریی دادوەرییە، ئەگەر چاودێریی داوەری هەبوایە بە هیچ شێوەیەك ئەو جۆرە دواخستنە نابێت. داواكارم لە دادگای تاوان بە بڕیارەكەدا بچێتەوە و ڕۆژی دادگاییكردنە پێش بخات"، هەرێم ڕەفعەت وای وت.

ئەو پارێزەرە جەختی كردەوە كە "تۆمەتباران لە كاتی لێكۆڵینەوە و لەبەردەم دادوەری دادگای تاوانی دووی هەولێریش هەموو تۆمەتەكانیان ڕەت كردەوە. هیچ تاوانێكیان لەسەر ساغ نەبووەتەوە و بە دڵنیاییەوە ئازاد دەكرێن".

هەرێم ڕەفعەت ئاماژەی بەوە كرد كە "ئەو دەستگیركراوانە كەسانی دڵسۆزن و ئەو پرۆژە و كارانەی ئەوان كردوویانە تا ئێستا بە خەیاڵی حكومەتدا نەهاتووە بیكات. هەستاون بەوەی پرۆژەیەك ئامادە بكەن كە لە ڕێگەیەوە ئافرەتانی ئێزیدیی ژێر دەستی داعش بگەڕێننەوە ناو كۆمەڵگا و ڕزگار بن لەو حاڵەتەی بەسەریان هاتووە".

سەبارەت بەو تۆمەتانەی كە دراوەتە پاڵ دەستگیركراوەكان، عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، كە ئامادەی دانیشتنەكەی دادگا بووە، وتی "تۆمەتبار كراون بەوەی كە لە ئامادەكاریدا بوون تەقینەوە بكەن، هێرش بكەنە سەر بارەگای حیزبی، هەوڵی تیرۆركردنی پارێزگار بدەن، هەوڵی تیرۆركردنی كەسایەتییە سیاسییەكان بدەن و ئاژاوە بنێنەوە. پەیوەندییان كردووە بە كونسوڵگەرییەكانەوە بۆ ئەوەی پارەیان بدرێتێ، پەیوەندییان كردووە بە عێراقەوە".

ئەو پەرلەمانتارە سەبارەت بەوەی كە وتراوە ئەو كەسانە لە كاتی ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانانە دەستگیر كراون، وتی "پرسیار كرا كە ئایا هیچ چەكێكیان پێ گیراو؟ وتیان نەخێر هیچ شتێكیان پێ نەگیراوە". عەلی حەمەساڵح دەپرسێت "ئایا گرووپی چەكدار هەبێت كە هەوڵی كودەتا و تیرۆر و كوشتن بدات، دەكرێت بە هەموویانەوە كڵاشینكۆفێكیان نەبێت؟!".

ئەمڕۆ دانیشتنی دادگاییكردنی هەریەك لە (عامر خالید عەگید، فرسەت ئەحمەد سەعید، جەمال خەلیل مەجید، سڵێمان كەمال سڵێمان و سلێمان مووسا ئەحمەد) بەڕێوە چوو، دوێنێش هەریەك لە (مەسعود شنگالی، شیروان ئەمین، كارگەر عەباس و بەندەوار ئەیوب) دادگایی كران.

پاش بەڕێوەچوونی دادگاییكردنەكەی دوێنێ‌ لە دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر، بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوان، وتی "هیچ بەڵگەیەكی باوەڕپێهێنەر نەبوو كە ئەو كەسانە بە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 سزا بدرێن".

* یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی چوار دەستگیركراوی بادینان بەڕێوە چوو؛ ئەنجامەكەی "لە بەرژەوەندیی دەستگیركراوەكان بوو"