پەرەگراف
لاهور شێخ جەنگی لە كاتی پێشوازی لە حەیدەر عەبادی، جەختی لە هاوسەرۆكبوونی خۆی لە یەكێتیدا كردووەتەوە و دەڵێت "هاوڕا بووین لەسەر مامەڵەكردنی حەكیمانە لەسەر ئەو پیلانگێڕییە ناوخۆیی و دەرەكییانەی كە ڕووبەڕووی یەكێتیی بووەتەوە".
ئەمە لە كاتێكدایە هەر ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی پێشوازیی لە حەیدەر عەبادی كرد و لە میدیاكانی یەكێتی و پەیجی فەرمیی خۆیدا بۆ یەكەم جار بافڵ تاڵەبانی بە "سەرۆك"ی یەكێتی ناوبرا و ناسێنرا.
لاهور شێخ جەنگی لە پەیجی فەرمیی خۆی لە فەیسبووك دەڵێت "وەك هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەڵوێستی حیزبەكەم دووپات كردەوە بۆ بە بەردەوامیی گفتوگۆكان و پەنابردنە بەر دەستوور و پابەندبونی هەردوولا بە ڕێككەوتنەكانی نێوانیان، لە پێناو چارەسەركردنی ڕیشەیی كێشە هەڵپەسێردراوەكان و دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و مووچەی مووچەخۆران".
لە كۆبوونەوەكەدا باس لە كێشەكانی ئەم دواییەی ناو یەكێتی و بە تایبەت نێوان هاوسەرۆكانی یەكێتی كراوە. لەوبارەیەوە لاهور شێخ جەنگی دەڵێت "هاوڕا بووین لەسەر مامەڵەكردنێكی حەكیمانە لەسەر ئەو پیلانگێڕییە ناوخۆیی و دەرەكییانەی كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان و یەكێتیی بووەتەوە".
سەبارەت بەو "پێشهاتە نوێیانە" لاهور شێخ جەنگی "سوپاسی پشتیوانی و هەڵوێستە واقیعییەكان"ی عەبادیی كردووە و دەڵێت "دڵنیامان كردەوە كە پاراستنی یەكێتی لای ئێمە لە ڕیزی پێشەوەیە".
بۆ یەكەمجار لە دوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی و بوونی بە هاوسەرۆك لە كۆنگرەدا، بافڵ تاڵەبانی دەستەواژەی "سەرۆك"ی بۆ خۆی بەكار هێنا، ئەوەش لە دوای گرژی و ئاڵۆزییەكانی دێت لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی.
پەیجی فەرمی بافڵ تاڵەبانی لە فەیسبوك نووسیویەتی "سەرۆك بافڵ تاڵەبانی، لەدەباشان پێشوازیی كرد لە حەیدەر عەبادی، سەرۆكی ھاوپەیمانی نەسر و سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق".
هاوكات ماڵپەڕی پی یو كەی میدیا و كەناڵی گەلی كوردستان كە زمانحاڵی فەرمیی یەكێتین، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی هەواڵی كۆبوونەوەی لەگەڵ حەیدەر عەبادیدا، بافڵ تاڵەبانی-یان بە "سەرۆك" ناساندووە و پاشگری هاوسەرۆكیان بۆ بەكار نەهێناوە.
ئەوە یەكەم جارە دەستەواژەی "سەرۆك" بۆ بافڵ تاڵەبانی بەكار بهێنرێت، پێشتر لە سەرجەم هەواڵ و ڕاگەیەندراوەكاندا دەستەواژەی "هاوسەرۆكی یەكێتی" بەكار هێنراوە بۆ هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی.
هێشتا گرژیی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی كۆتایی نەهاتووە. سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی بۆ پەرەگراف دەڵێت "ئەو گۆڕانكارییە ئەمنی و هەواڵگرییەی كە كرا، بەردەوام دەبێت و گۆڕانكارییەكە پۆستەكانی دیكەی ناو حیزبیش دەگرێتەوە، ئاڕاستەیەكی بەهێز هەیە پێداچوونەوە بە پەیكەری ڕێكخستنی یەكێتیدا بكرێت".
ئەو سەرچاوەیە وتیشی "هەڵوەشاندنەوەی سیستمی هاوسەرۆك یەكێكە لە بابەتەكانی گفتوگۆی ئەم چەند ڕۆژە، بەڵام هێشتا بڕیاری لێ نەدراوە و داوا دەكرێت لە كۆبوونەوەی فراوانی حیزبیدا وەك بەستنی پلنیۆم، گۆڕانكاریی بكرێت".
گرژییەكانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی كە چەند ڕۆژێكە بەردەوامە، دۆخێكی شڵەژاوی لەناو یەكێتی دروست كردووە، گرژییەكا ن بەھۆی گۆڕانكارییە لە پۆستەكانی بەرپرسی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری یەكێتی.
دوێنێ بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، بە فەرمیی بەرپرسی نوێی ئەو دوو دەزگایە دەستبەكاربوون كە كەسانی نزیك لە خۆیانن، ئەژی ئەمین بۆ بەرپرسی دەزگای زانیاری و وەھاب ھەڵەبجەیی بەرپرسی دژەتیرۆر، بەوەش شوێنی ئەو كەسانەیان گرتەوە كە پێشووتر لەو پۆستانەدا بوون و نزیكبوون لە لاھور شێخ جەنگی.