یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی چوار دەستگیركراوی بادینان بەڕێوە چوو؛ ئەنجامەكەی "لە بەرژەوەندیی دەستگیركراوەكان بوو"
پەرەگراف
چوار دەستگیركراوی دیكەی بادینان پاش 11 مانگ لە دەستگیركرنیان، ئەمڕۆ یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنیان بەڕێوە چوو. پارێزەرێكی دۆسیەكە دەڵێت "دادگاییكردنە تا ئێستا لە بەرژەوەندیی ڕاگیراوەكانە". تۆمەتی هەوڵی "تەقینەوە، تەقە لە پارێزگاری دهۆك، دانانی تەقینەوە بۆ كوڕی سەرۆكی حكومەت" دراوەتە پاڵ دەستگیركراوەكان.
پاش بەڕێوەچوونی دادگاییكردنەكەی ئەمڕۆ لە دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر، بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوان، وتی "هیچ بەڵگەیەكی باوەڕپێهێنەر نەبوو كە ئەو كەسانە بە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 سزا بدرێن".
لە دادگایكردنەكەدا ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان ئامادە بوون و چیرۆكی دادگاییكردنە دەگێڕنەوە. بەهۆی پێڕانەگەیشتنی دادگاییش بۆ تەواوكردنی دۆسیەكە، دانیشتنەكە بۆ كاتێكی دیكە هەڵگیرا.
عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، كە ئامادەی دانیشتنەكە بووە، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ئەو تۆمەتانەی خستووەتە ڕوو كە دراوەتە پاڵ دەستگیركراوەكان و دەڵێت تۆمەتبار كران بەوەی "گرووپی چاتی وەتسئەپیان هەبووە و گفتوگۆی سیاسییان كردووە. دژی حكومەت قسەیان كردووە. هانی خەڵكیان داوە بۆ خۆپیشاندان. ئەندامی حزبی هاوپەیمانی نیشتمانی بوون".
بەشێكی دیكە لە تۆمەتەكان ئەوەیە كە "لەگەڵ كونسوڵی وڵاتانی ئەمریكا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا كۆبوونەوەیان كردووە و هاوكارییان وەرگرتووە. گرووپێك هاوكارییان دەكات كە هاوكاریی لە د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح و موستەفا كازمی وەردەگرن".
بەشێك لەو تۆمەتە مەترسیدارانەی كە دراوەتە پاڵ دەستگیركراوەكان، ئەوەیە كە "گرووپی سیاسییان دروست كردووە بە ناوی بزووتنەوەی ئایندە (حركە مستقبل). ویستوویانە كاری تێكدەرانە بكەن، ئەمن و ئاسایش تێك بدەن، تەقینەوە ئەنجام بدەن، تەقە لە پارێزگاری دهۆك بكەن، تەقینەوە بۆ كوڕی سەرۆكی حكومەت دابنێن، سیلاح و قەناس بەكاربهێنن لە چالاكییەكانیان دژی حكومەت".
لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا پێنج دەستگیركراوی دیكەی بادینان كە سبەینێ دادگاییی دەكرێن، كراونەتە شاهێد بەسەر ئەم چوار دەستگیركراوەی كە ئەمڕۆ دادگایی كران.
بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوان، وتی "شاهێدەكان وتیان ئێمە نە ئاگادارین و نە زانیاریمان هەیە كە هیچ گرووپێكی چەكداری یان سیاسی دروست كرابێت".
هەروەها عومەر گوڵپی دەڵێت "هەموو شاهیدەكان ڕەتیان كردەوە كە هیچ زانیارییەكیان هەبێت لەسەر هیچ كارێكی خراپی تۆمەتباران. ئاگادار نین كە گرووپی سیاسییان هەبێت، تەنانەت یەكتریشیان نەدەناسی، تەنها لەگەڵ مەسعود لە چوارچێوەی حیزبی هاوپەیمانی نیشتمانیدا یەكیان ناسیوە، ڕەتیان كردەوە كە ئاگاداری ئەوە بوو بن كە بەنیازی كاری تێكدەرانە بن و دژی بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بن".
"لەبارەی شاهیدییەكەیەوە، د. عامر وتی: من مامۆستای شیروان بووم، لەگەڵ مەسعودیش لە هاوپەیمانی یەكمان ناسیوە، دوو ساڵە لە زانكۆ باس و لێكۆڵینەوە دەكەم، چۆن ڕێگە دەدەم دژی خەڵكی كوردستان كار بكرێت؟ چۆن ڕێگە دەدەم خەڵكێك گرووپ دروست بكات بۆ دژایەتیی كوردستان، ئەو شتانە بە ڕاستی غەریبن، من شاهیدیی وام نەداوە و ئاگاداری ئەو شایەتییە نیم. بە تەمەنی خۆم هیچ خراپەیەكم لەم كەسانە نەبینیوە و نەبیستووە"، عومەر گوڵپی وا دەڵێت.
ئەو كەلوپەلانەی كە دەستیان بەسەردا گیراوە و لە دادگا وەكوو بەشێك لە بەڵگەی تاوان خراونەتە ڕوو، بریتیبوون لە "سێ مۆبایلی جۆری هواوی، دوو لاپتۆپ، هێڵێكی ئینتەرنێتی فاست لینك، هەروەها وێنەیەكی یادگاری كە لە سەفرەیەك بە یەكەوە ژمارەیەك لەو چالاكوان و گەنجانە گرتوویانە".
سەبارەت بە چۆنێتیی بەڕێوەچوونی دادگاییكردنەكە، بەشدار حەسەن وتی "ڕێگەیان پێ داین بە كەیفی خۆمان تێبینی و پرسیارەكانمان بڵێین. تەنیا یەك تێبینیمان هەبوو، داوامان كرد كە نوێنەری ئاسایش بە هیچ شێوەیەك بۆی نییە لە ژووری دادگا ئامادە بێت، بەڵام بە كۆی دەنگی سەرۆكی دادگا و دادوەرە ئەندامەكان داواكارییەكەمان ڕەت كرایەوە".
ئەمڕۆ دانیشتنی دادگاییكردنی هەریەك لە (مەسعود شنگالی، شیروان ئەمین، كارگەر عەباس و بەندەوار ئەیوب) بەڕێوە چوو. سبەینێش وادەی دادگاییكردنی (عامر خالید عەگید، فرسەت ئەحمەد سەعید، جەمال خەلیل مەجید، سڵێمان كەمال سڵێمان و سلێمان مووسا ئەحمەد)ـە.
هەروەها لە 29-7-2021 هەریەك لە ئومێد بەرۆشكی و مامۆستا بەدەل بەرواری دادگایی دەكرێن. هەر 11 دەستگیركراوەكە هاوشێوەی پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسە سزادراوەكەی پێشوو تۆمەتی "سیخوڕی و تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی"یان دراوەتە پاڵ.