بافڵ تاڵەبانی لە هاوسەرۆكەوە بۆ "سەرۆك"ی یەكێتی

12-07-2021 12:47
پێشوازیی بافڵ تاڵەبانی لە حەیدەر عەبادی كە لەگەڵ بڵاوكردنەوەیدا دەستەواژەی "سەرۆك" بۆ بافڵ تاڵەبانی بەكارهێنراوە

پەرەگراف

بۆ یەكەمجار لە دوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی‌و بوونی بە هاوسەرۆك لە كۆنگرەدا، بافڵ تاڵەبانی دەستەواژەی "سەرۆك" بۆ خۆی بەكاردەهێنێت، ئەوەش لە دوای گرژیی‌و ئاڵۆزییەكانی دێت لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی.

پەیجی فەرمی بافڵ تاڵەبانی لە فەیسبوك نووسیویەتی "سەرۆك بافڵ تاڵەبانی، لەدەباشان پێشوازیكرد لە حەیدەر عەبادی، سەرۆكی ھاوپەیمانی نەسر و سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق".

هاوكات ماڵپەڕی پیوكەی میدیاو كەناڵی گەلی كوردستان كە زمانحاڵی فەرمیی یەكێتین، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی هەواڵی كۆبوونەوەی لەگەڵ حەیدەر عەبادیدا، بافڵ تاڵەبانی-یان بە "سەرۆك" ناساندووەو پاشگری هاوسەرۆكیان بۆ بەكارنەهێناوە.

ئەوە یەكەمجارە دەستەواژەی "سەرۆك" بۆ بافڵ تاڵەبانی بەكاربهێنرێت، پێشتر لە سەرجەم هەواڵ‌و ڕاگەیەندراوەكاندا دەستەواژەی "هاوسەرۆكی یەكێتی" بەكار هێنراوە بۆ هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی.

هێشتا گرژیی نێوان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی كۆتایی نەهاتووە، سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی بۆ پەرەگراف دەڵێت "ئەو گۆڕانكارییە ئەمنیی‌و هەواڵگرییەی كە كرا بەردەوام دەبێت‌و گۆڕانكارییەكە پۆستەكانی دیكەی ناو حزبیش دەگرێتەوەو ئاڕاستەیەكی بەهێز هەیە پێداچوونەوە بە پەیكەری ڕێكخستنی یەكێتیدا بكرێت".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "هەڵوەشاندنەوەی سیستمی هاوسەرۆك یەكێكە لە بابەتەكانی گفتوگۆی ئەم چەند ڕۆژە، بەڵام هێشتا بڕیاری لێ نەدراوەو داوا دەكرێت لە كۆبوونەوەی فراوانی حزبیدا وەك بەستنی پلنیۆم گۆڕانكاریی بكرێت".

گرژییەكانی نێوان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی كە چەند ڕۆژێكە بەردەوامە، دۆخێكی شڵەژاوی لەناو یەكێتی دروستكردووە، گرژییەكا ن بەھۆی گۆڕانكارییە لە پۆستەكانی بەرپرسی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری یەكێتی.

دوێنێ بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بە فەرمیی بەرپرسی نوێی ئەو دوو دەزگایە دەستبەكاربوون كە كەسانی نزیك لە خۆیانن، ئەژی ئەمین بۆ بەرپرسی دەزگای زانیاری و وەھاب ھەڵەبجەیی بەرپرسی دژەتیرۆر، بەوەش شوێنی ئەو كەسانەیان گرتەوە كە پێشووتر لەو پۆستانەدا بوون و نزیكبوون لە لاھور شێخ جەنگی.

لاھور شێخ جەنگی، لە یەكەم پەیامیدا لەبارەی ئەو دۆخە ناوخۆییەی یەكێتی، دوێنێ ڕایگەیاند "یەكێتی نە بەكارەساتی هەكاری و نە بەخەنجەری ژەهراوی ئاڵای شۆرش و نە بەخیانەتی ٣١ی ئاب و نە بە پیلانگێڕییەكەی ریفراندۆم و دواجاریش بە گەلەكۆمەكی نێوخۆیی و ئییقلیمی و عوسمانی و چەندرۆژی رابردوو نەرووخا".

ھاوسەرۆكی یەكێتی لە پۆستێكی فەیسبوكدا وتیشی "یەكێتیی لەوە بەهێزترە وەك نەیار و دوژمنانی بیریان لێكردۆتەوە، یەكێتی پشت ئەستورە بە جەماوەری خەڵكی كوردستان و كەس و كاری شەهیدان رێگەنادەن یەكێتیی لاوازببێ، بۆیەدەبێت دوژمنان خەونەكانیان بەرنە ژێرگڵ".