یەکەم پەیامی لاھور شێخ جەنگی لەسەر ئاڵوگۆڕی پۆستەکان و گرژییەکانی ناو حزبەکەی

12-07-2021 12:50

پەرەگراف

لاھور شێخ جەنگی ڕایگەیاند "یەکێتی نە بەکارەساتی هەکاری و نە بەخەنجەری ژەهراوی ئاڵای شۆرش و نە بەخیانەتی ٣١ ئاب و نە بە پیلانگێڕییەکەی ریفراندۆم و دواجاریش بە گەلەکۆمەکی نێوخۆیی و ئیقلیمی و عوسمانی و چەند رۆژی رابردوو نەرووخا".

ھاوسەرۆکی یەکێتی دەشڵێت "یەکێتیی لەوە بەهێزترە وەک نەیار و دوژمنانی بیریان لێکردۆتەوە، یەکێتی پشت ئەستورە بە جەماوەری خەڵکی کوردستان و کەس و کاری شەهیدان رێگەنادەن یەکێتیی لاوازببێ، بۆیەدەبێت دوژمنان خەونەکانیان بەرنە ژێرگڵ".

لاھور شێخ جەنگی ئەو وتانەی لە فەیسبوکی فەرمیی خۆی نووسیوە، ئەوەش یەکەم پەیامییەتی لەدوای گرژییەکانی نێوانیان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کە چەند ڕۆژێکە بەردەوامەو دۆخێکی شڵەژاوی لەناو یەکێتی دروستکردووە، گرژییەکان بەھۆی گۆڕانکارییە لە پۆستەکانی بەرپرسی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری یەکێتی.

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بە فەرمیی بەرپرسی ئەو دوو دەزگایە دەستبەکاربوون کە کەسانی نزیک لە خۆیانن، ئەژی ئەمین بۆ بەرپرسی دەزگای زانیاری و وەھاب ھەڵەبجەیی بەرپرسی دژەتیرۆر، بەوەش شوێنی ئەو کەسانەیان گرتەوە کە پێشووتر لەو پۆستانەدا بوون و نزیکبوون لە لاھور شێخ جەنگی.