پەرەگراف
حكومەتی فیدراڵیی عێراق بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی پێشتر لەگەڵ حكومەتی هەرێم كرابوو، بڕی 200 ملیار دیناری وەكو "سولفە" خستە سەر هەژماری بانكیی حكومەتی هەرێم.
فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، ناردنی 200 ملیار دینارەكەی بۆ پەرەگراف پشتڕاست كردەوە و وتی "ئەو پارەیە وەكوو سولفەیەك بۆ حكومەتی هەرێم نێردراوە تا دواتر بودجەی تەواوی حكومەت دەنێردرێت".
دواتر وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمیش لە ڕاگەیاندراوێكدا وتی "پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 11-7-2021، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، یەكەمین بڕەپارە لە لایەن حكومەتی فیدراڵیی عێراقەوە كە بڕی 200 ملیار دینارە، خرایە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بانكی ناوەندیی عێراق لقی هەولێر".
هەرچەندە پێشتر لە ناوەڕاستی مانگی شەشدا، خالید شوانی، وەزیری ھەرێم بۆ پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و بەغداد، ڕایگەیاند "ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا مانگانە بڕی ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت و لە 1-1-2021ـەوە هەژمار بكرێت"، بەڵام فارس عیسا بە پەرەگرافی وت "ئەو 200 ملیار دینارە بۆ مانگێكی دیاریكراو نییە".
ئەمە لە كاتێكدایە كە دوای كۆبوونەوەی ڕۆژی 22-6-2021ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، حەسەن نازم، وتەبێژی حكومەتی عێراق، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ناردنی 200 ملیار دینار وەكوو سولفە بۆ هەرێمی كوردستان، بڕیاری لەسەر دراوە و بەمزووانە دەنێردرێت".
حەسەن نازم ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی بە ڕەچاوكردنی "لایەنی مرۆیی" لێك دایەوە و وتی "زۆربەی فەرمانبەرانی عێراقی لە هەرێمی كوردستان چەند مانگێكە مووچەیان وەرنەگرتووە". ئاماژەی بەوەش كرد كە دواتر لە چوارچێوەی پشكی هەرێمی كوردستاندا وەرگرتنەوەی ئەو پارە چارەسەر دەكرێت.
ڕۆژی 15-6-2021، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گەیشتنە ڕێككەوتنی لەگەڵ بەغداد ڕاگەیاند و وتی "خۆشحاڵم ڕایبگەیەنم كە گەیشتووینەتە ڕێكەوتنێك كە بەشەبوودجەی هەرێمی كوردستان بگەڕێندرێتەوە، ئەمەش لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە حیساب دەكرێت".
ئەوەی مەسرور بارزانی ئاماژەی پێ كردبوو، گەیشتنە ڕێككەوتنی شاندنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی بۆ ناردنی 200 ملیار دینار وەكو سولفەیەك تا كێشەكانی جێبەجێكردنی ماددەكانی پەیوەست بە هەرێم لە یاسای بوودجە چارەسەر دەبن، چونكە تا ئێستا هیچ كام لە هەرێم و بەغدا یاساكەیان جێبەجێ نەكردووە.
دوای ڕێككەوتنی ناردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان، سابت محەمەد سەعید عەباسی، سەرۆكی لیژنەی دەستپاكیی پەرلەمانی عێراق، لە نووسراوێكدا كە ئاراستەی وەزیری دارایی كردبوو، نووسیبووی "بۆ كاروباری وردبینی و چاودێری، بەپێی بڕگەی دووەمی ماددەی 61ی دەستوور، داوا دەكەین كە پابەند بن بە جێبەجێكردنی بەندەكانی یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021، بە تایبەت ماددەكانی 10 و 11، هەروەها یاسای كارگێڕیی دارایی ژمرە شەشی ساڵی 2019".
لە نووسراوەكەدا داوا كرابوو كە وەزارەتی دارایی پابەند نەبێت بە "هەر بڕیارێك كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران یان هەر لایەنێكی دیكەوە دەربچێت"، سەبارەت بە بوودجە، ئەگەر بڕیارەكە لە دەرەوەی یاسای بوودجە بێت.
دواتر مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی فەرمیی عێراق، جەختی لە ناردنی 200 ملیار دینارەكە وەكوو "سولفە" بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە و وتی "ئێمە تەنها پێشەكییەك دەدەین بە هەرێمی كوردستان بە مەبەستی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی، لەڕێی پڕۆسەیەكی ژمێریارییەوە دوای ئەوەی دیوانی چاودێریی دارایی لە عێراقو هەرێم حساباتەكان لێكدەدەنەوە لێیان دەبڕدرێتەوە".
یاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 كە دوای مشتومڕێكی زۆر پەسەند كرا، پاش تێپەڕێنی شەش مانگی ساڵەكە، هێشتا ماددەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان جێبەجێ نەكراون.
بەپێی ماددەی 11ی یاسای بووجە كە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان، حكوومەتی هەرێم ڕۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، دوای لێدەركردنی خەرجیی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بەكاربردنی ناوخۆیی و بڕی تایبەت بە پترۆدۆلار، داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ ڕادەستی حكومەتی فیدڕاڵی دەكات. هەروەها لەسەدا 50ی داهاتە فیدراڵییەكانیش دەگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا.
هەر بەپێی ماددەی 11ی یاسای بوودجە كە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان، دەبێت پاكتاوی شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان بكرێت بۆ ساڵەكانی 2014 تا 2020.
هەروەها هەرێمی كوردستان قەرزەكانی بۆ بانكی بازرگانیی عێراق دەگەڕێنێتەوە، بە جۆرێك كە وەزارەتی دارایی قەرزەكان دەكات بە قیستی مانگانە و لە بەشە بوودجەی هەرێمی دەبڕێت، پێدانەوەی ئەم قەرزە لەمساڵەوە دەست پێ دەكات و بە ماوەی حەوت ساڵ تەواو دەبێت.
لە بڕگەیەكی دیكەی ماددەی 11دا هاتووە كە "دەبێت هەرێمی كوردستان لیستی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازیی خۆی ڕادەستی بەغدا بكات بە وردەكاریی تەواوەتی پلەی وەزیفییانەوە".
لە دوای جێبەجێكردنی هەموو ئەوانە، ئەوە جێگیر كراوە كە "حكومەتی عێراق ئامادەیە شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان بدات".