پەرەگراف
كەمپی هۆل لە ڕۆژئاوای كوردستان، خێزانەكانی داعش و منداڵەكانیانی تێدا نیشتەجێن، ئەوانەی لە جەنگ و مردن ڕزگاریانبوو، پێش ئەوەی "خەلافەتی دەوڵەتەكەیان" كۆتایی بێت.
دوای ئەوەی منداڵی یەكێك لە داعشەكان چیرۆكی ژیانی خۆی لە ئێستا و ڕابردوودا گێڕایەوە، جارێكی دیكە كەمپەكە و دۆخ و چارەنوسی ئەوانەی تێیدا نیشتەجێن گەڕایەوە بەر باس و گفتوگۆكان، منداڵەكان كە بە "بێچووە شێرەكانی خەلافەت" ناودەبران، ئاماژە بە ناچاركردنیان دەكەن بۆ ئەوەی ڕاهێنان لەڕیزی چەكدارەكاندا ئەنجام بدەن.
عەبدوڵا منداڵێكی تەمەن 13 ساڵە، باس لەوە دەكات كاتێك تەمەنی هەشت ساڵ بووە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە فێری هەڵگرتنی چەك كراوە، كاتێك لە زیندانی "بێچووە شێرەكانی خەلافەت" بووە.
ئەو ئێستا حەزدەكات بگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا، دەڵێت، بیری دایكی دەكات كە چەند ساڵێك پێش ئێستا لە باغۆز كوژرا، بیری ئامادەكارییەكان بۆ جەژنی سەری ساڵ و یادی لەدایكبوون دەكات.
عەبدوڵا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی دەیلی مەیل، سەرسامیی خۆی بە یانەی چێڵسی دەردەبڕێت، حەزی زۆری بۆ خواردنی ڕێستۆرانتەكانی ماكدۆناڵدز ئاشكرا دەكات، لەگەڵ كێشانی وێنەی فیلم كارتۆنە ژاپۆنییەكان.
عەبدوڵا بە ڕەچەڵەك پاكستانییە، بەڵام لەگەڵ خێزانەكەی لە لەندەن ژیاوە و گەورەبووە، كاتێك تەمەنی بووەتە هەشت ساڵ دایك و باوكی لەگەڵ خوشك و براكانیدا بردویاننەتە سوریا بۆ ئەوەی لەژێر سێبەری دەوڵەتی ئیسلامیدا بژین.
هەموویان مردن
خێزانەكەی عەبدوڵا لە باغۆز كە دواین پێگەی داعش بوو لە سوریا بە بۆردومانی فڕۆكەكانی ئەمریكا لە ئازاری 2019 كوژران.
ئەو ئێستا لە كەمپی هۆل دەژی كە كوردەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێوەی دەبەن، ئەوێ ناوەندێكە بۆ دووبارە پەروەردەكردنەوەی ئەو منداڵانەی تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوان و لەژێر دەستی داعشدا ژیاون بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بگەڕێنەوە ناو كۆمەڵگە.
عەبدوڵا یەكێكە لەو دەیان منداڵەی داعش كە ژیانی ڕۆژانەیان پێكهاتووە لە نۆ كاتژمێر زیندانیكردن و ئەنجامدانی چەند كارێك.
ئەو ئێستا بە ئینگلیزییەكی لاواز قسە دەكات، بۆ یەكەمجاریش كە فێری بەكارهێنانیی چەك كراوە، دەمانچەیەكی جۆری (AK-47)ی پێدراوە.
كاتێك بچوك بووە بە دایكی وتووە، حەز بە هەڵگرتنی چەك ناكات، چونكە لە قوتابخانە وانەی چەكیان پێگوتووەتەوە.
ڕۆژی لەدایكبونی نازانێت
عەبدوڵا ئێستا بەجۆرێك لە ژیانی ئاسایی دابڕاوە ئاگاداری زۆر شت نییە، تەنانەت ڕۆژی لەدایكبونی نازانێت، بەڵام كاتێك لەگەڵ خێزانەكەی لە لەندەن بووە یادی ئەو ڕۆژەیان كردووەتەوە، قاڵبێك كێكیان بۆ كردووە، بەڵام ئێستا لە كەمپەكە هەموو ئەو شتانە قەدەغەیە.
ئەو ئێستا زۆر بیری دایكی دەكات و دەڵێت "زۆر كەس پێیان وتووم كوژراوە، من دوو خوشكم هەیە یەكێكیان لەمن گەورەتر و ئەو دیكە منداڵتر، دوو براشم هەیە، گەورەكەیان لە شەدادی كوژرا، بچوكەكەشیان لەگەڵ دایكم و خوشكە بچوكەكەم پێكەوە كوژران، خوشەكە گەورەكەشم شوی بە داعشێك كردبوو، پێش ئەوەی بكوژرێت لەگەڵ ئەواندا دەژیام".
لەبارەی ژیان لە باغۆز ئەو منداڵە ئاماژە بەوە دەكات، پیاوێكی بینیوە خۆی كوشتووە، كە مەبەستی لە كەسێكە خۆی تەقاندووەتەوە، هەروەها چەند قەناس بەدەستێكیشی بینیوە، لەگەڵ زۆر شتی دیكە.
دایكی بۆ سەلماندنی دڵسۆزیی بۆ داعش پاسپۆرتی هەموو ئەندامانی خێزانەكە سوتاندووە، بەڵام ئێستا عەبدوڵا حەز دەكات بگەڕێتەوە بۆ لەندەنو لەوێ بژی.
لە زینداندام
ئەو منداڵە تەواوی ژیانی ئێستای بە زیندانیی وەسف دەكات، چونكە لە كاتژمێر 9ی شەوەوە سەرجەم دەرگاكان دادەخرێن، بەپێی ڕێنماییەكان دەبێت بەیانیان كاتژمێر 6:30 خولەك لەخەو هەستن، دوای ئەوە دەستدەكەن بە وەرزشكردن و نانخواردن، دواتر لەگەڵ هاوڕێكانی دادەنیشێت و قسە دەكەن.
پێش چەند هەفتەیەك جێگۆڕكێ بە بەشێكی خێزان و لایەنگرانی داعش كرا لە كەمپەكە، ئەوەش نیگەرانیی زۆری شارەزایانی ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆری لێكەوتەوە، چونكە ئەوان پێیانوایە بە گواستنەوە و جوڵەپێكردنی ژن و منداڵانی كەمپەكە، چاودێریكردنیان لەلایەن حكومەتی وڵاتانەوە قورستر دەكات، تەنانەت ئەگەر شوێنی نوێی نیشتەجێبونیشیان بزانرێت، ئەوە ڕای ڤێرا میرۆنۆڤایە كە توێژەرە لە ئەكادیمیای زانكۆی هارڤارد، كە وەك بەشێك لە توێژینەوەكەی بەردەوام قسە لەگەڵ دانیشتوانی كەمپەكە دەكات.
منداڵان ڕۆژەكەیان لەناو شەقامە خۆڵەكانی كەمپەكە بەسەردەبن، بە شمشێری خەیاڵی و هەڵگرتنی ئاڵای ڕەش یاری دەكەن، وەك لاسایكردنەوەیەكی چەكدارانی داعش، ژمارەیەكی كەمیان توانیویانە فێری خوێندنەوە و نوسین ببن، چونكە ئامرازی فێركردنی بەشێكیان دایكیانە، ئەوانیش بەردەوام پڕوپاگەندە بۆ داعشەكان دەكەن.
بەپێی ئامارەكان دوای دوو ساڵ لە كۆتایهاتنی دەسەڵاتی داعش، 27 هەزار منداڵ لە دوایان جێماوە كە لە كەمپی هۆل لە ڕۆژئاوای كوردستان دەژین.