ئەو دەستگیركراوانەی بادینان كێن كە هەبوونی پارێزەریان ڕەت كردووەتەوە؟ بۆچی ڕەتیان كردووەتەوە؟

10-07-2021 02:47

پەرەگراف

لەو 11 دەستگیركراوەی بادینان كە بڕیارە لەم مانگەدا دادگایی بكرێن، نۆ كەسیان هەبوونی پارێزەریان قبووڵ كردووە و دوانیان كە "ترسێندراون" و یەكێكیان بە خێزانەكەی وتووە "من تێداچووم، با ئێوەش تێدا نەچن"، پارێزەریان ڕەت كردووەتەوە. پارێزەرێك هەر 11 دەستگیركراوەكەی بینیوە و زۆرینەیان لەناو زیندانی ئاسایش پێیان وتووە پارێزەریان ناوێت، بەڵام دواتر لە دادگا بەشێكیان هەبوونی پارێزەریان قبووڵ كردووە.

هەرێم ڕەفعەت، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، بە پەرەگرافی وت "دوای ئەوەی داوام لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد كە هاوكارم بن بۆ بینینی دەستگیركراوەكان، ڕۆژی 23-6-2021 سەردانی ئاسایشی گشتیم كرد و وەكالەتنامەكانم برد بۆ دەستگیركراوەكان تا پەنجەمۆری لەسەر بكەن".

ئەو پارێزەرە وتیشی "لە كاتی سەردانەكەمدا یەك بە یەك زیندانییەكانیان دەهێنایە بەردەمی من، لە بەرچاوی خۆیاندا(ئاسایش) دەیانوت پارێزەرمان ناوێت". دواتریش "بە نووسین و واژووی خۆیان هەبوونی پارێزەریان ڕەت كردەوە".

هەرێم ڕەفعەت بۆ پەرەگراف ئاماژەی بەوە كرد كە "لە ڕۆژی دادگاییكردنەكەی پێنج دەستگیركراوەكە، وەكالەتنامەم بۆ هەر پێنجیان ئامادە كرد و خستمە بەردەستیان، دادوەر لێی پرسین: ئایا ڕازین بیكەنە پارێزەری خۆتان؟ كەسێكیان ڕازی بوو و ئەوانی دیكە وتیان پارێزەرمان ناوێ‌، دوای من پارێزەرەكانی دیكەیش وەكالەتنامەیان خستەبەردەم تۆمەتبارەكان".

وەكو ئەو پارێزەرە وتی، لەو 11 دەستگیركراوە، دواجار سێ‌ كەسیان كە هەریەك لە "كاركەر ڕۆستینكی، بەندەوار ئەیوب و ئومێد بەرۆشكی"ن، ئەویان بە پارێزەر قبووڵ كردووە.

پاش نزیكەی 11 مانگ لە دەستگیركردنیان، ڕۆژی 5-7-2021 پێنج كەس لە دەستگیركراوانی بادینان (عامر خالید عەگید، فرسەت ئەحمەد سەعید، جەمال خەلیل مەجید، سڵێمان كەمال سڵێمان و سڵێمان مووسا ئەحمەد) بردرانە دادگای هەولێر بۆ بەڕێوەچوونی یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنیان، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی یەكێك لە دادوەرەكان و وەرنەگرتنی دۆسیەكە لەلایەن دادوەری یەدەگەوە، دانیشتنەكە بۆ 13ی ئەم مانگە دوا خرا.

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوان، بە پەرەگرافی وت "ڕۆژی دادگاییكردنەكە هەریەك لە فرسەت ئەحمەد و سلێمان كەمال هەبوونی پارێزەریان ڕەت كردەوە، سیانەكەی دیكە قبووڵیان كرد".

بەپێی قسەی ئەو پارێزەرە، دەستگیركراوەكانی دیكەیش لەناو زیندان "پەنجەمۆریان لەسەر وەكالەتنامەكانی پارێزەران كردووە، بەڵام ئاسایش وەكالەتنامەكانمان ناداتەوە".

سەبارەت بە هۆكاری قبووڵنەكردنی پارێزەر لەلایەن ئەو دوو دەستگیركراوەوە، بەشدار حەسەن وتی "ترسێندرابوون و لەناو هۆڵی دادگا دەلەرزین".

پێشتریش لە ڕۆژی دادگاییكردنەكەدا، تیمی كوردستانی ڕێكخراوی سی پی تی كە لە دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر ئامادە بوون، بۆ میدیاكان وتیان "خانەوادەی زیندانییەكان بە ئێمەیان وت كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر یەكێك لە زیندانییەكان لە پەیوەندییەكدا بە خانەوادەكەی وتووە: ئێمە تێداچووین، با ئێوەش تێدا نەچن. ئەمڕۆ ئەو زیندانییە داوای كردووە هیچ پارێزەرێكی نەبێت، بۆیە پێویستە لێكۆڵینەوە لە بوونی فشار لەسەر زیندانییان بكرێت".

پەرەگراف زانیویەتی كە ئەو دەستگیركراوەی ئەو قسەیەی بە كەسوكارەكەی وتووە، سڵێمان كەمال بووە. هەردوو پارێزەر هەرێم ڕەفعەت و بەشدار حەسەنیش ئەو زانیارییەیان بۆ پەرەگراف پشتڕاست كردەوە.

بەپێی دەستنووسێك كە ڕووپاك ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، چوار كەس لەو دەستگیركراوانەی كە بڕیار بوو ڕۆژی 5-7-2021 دادگایی بكرێن، بە واژووی خۆیانەوە نووسیویانە پارێزەریان ناوێت، بەڵام بەشدار حەسەن بە پەرەگرافی وت كە لە ڕۆژی دادگاییكردنەكەدا دوان لەو كەسانە (عامر خاید و سلێمان مووسا) هەبوونی پارێزەریان قبووڵ كردووە.

ڕووپاك ئەحمەد بە پەرگرافی وت "ڕۆژی 23-6-2021 كە یەكێك لە پارێزەركان (هەرێم ڕەفعەت) سەردانی ئاسایشی گشتیی هەولێری كردووە و وەكالەتنامەی بۆ دەستگیركراوەكان بردووە تا واژووی بكەن و وەكو پارێزەر قبووڵی بكەن، ئەو چوار دەستگیركراوە لە پشتی وەكالەتنامەكە ئەوەیان نووسیوە".

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "ئـەو نووسراوە بە ڕوونی ئـەوەمان پێ دەڵێت كە گیراوانی بادینان لەژێر ئـەشكەنجەدان و بە زۆر ئـەم نووسراوەیان بۆ كراوە و پارێزەریان پێ ڕەف كراوەتەوە".

هەفتەی ڕابردوو پەرەگراف بڵاوی كردەوە كە تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی دەستگیركراوانی بادینان سەردانی نێچیرڤان بارزانی دەكەن، بۆ ئەوەی داوای دەركردنی لێبوردنێكی تایبەت بۆ پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكە سزادراوەكەی بادینان بكەن.

بڕیار بوو سەردانەكە دوێنێ‌ پێنج شەممە ئەنجام بدرێت، بەڵام بەشدار حەسەن بە پەرەگرافی وت "سەردانەكە دواخراوە بۆ كاتێكی دیكە و تیمی پارێزەران وایان پێ‌ باش بووە ئێستا ئەنجام نەدرێت".

بڕیارە 12-7-2-2021 یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی (مەسعود شنگالی، شیروان ئەمین، كارگەر عەباس و بەندەوار ئەیوب) بەڕێوە بچێت". ڕۆژی دواتریش وادەی دادگاییكردنی (عامر خالید عەگید، فرسەت ئەحمەد سەعید، جەمال خەلیل مەجید، سڵێمان كەمال سڵێمان و سلێمان مووسا ئەحمەد)ـە.

هەروەها لە 29-7-2021 هەریەك لە ئومێد بەرۆشكی و مامۆستا بەدەل بەرواری دادگایی دەكرێن. هەر 11 دەستگیركراوەكە هاوشێوەی پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسە سزادراوەكەی پێشوو تۆمەتی "سیخوڕی و تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی"یان دراوەتە پاڵ.

* پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان سەردانی سەرۆكی هەرێم دەكەن

* هەڵوێستی نەتەوەیەكگرتووەكان لەبارەی حوكمی كۆتایی ڕۆژنامەنووس‌و چالاكانی بادینان

* دادگای پێداچوونەوە سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكەی بادینان پەسەند كرد

* دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان؛ سزای ساڵێك زیندانی بۆ ئومێد بەرۆشكی لەسەر "هاندان بۆ خۆپیشاندان"

* دادگاییكردنی نۆ دەستگیركراوی دیكەی بادینان؛ تۆمەتی وەرگرتنی پاڵپشتی لە چەند وڵاتێك و كازمی دراوەتە پاڵیان

* دادگاییكردنی بەرواری و بەرۆشكی دوای ساڵێك لە دەستگیركردنیان؛ "نادادپەروەرییەكی گەورە"

* پێشێلكارییە یاساییەكانی دۆسیەی حوكمدراوانی بادینان؛ لە زاری دادوەر، پسپۆڕی یاسایی و پارێزەران