پەرەگراف
بە درێژایی شەوی ڕابردوو دۆخی ناوخۆی یەكێتی لەبارێكی ناجێگیرو گرژدابوو، ئێرانو ئەمریكا لەسەر خەت بوونو بەرپرسە باڵاكانی یەكێتی لە كۆبوونەوەی بەردەوامدابوون تا دۆخەكە لە دەست دەرنەچێت، ئەوەش بەهۆی كێشەی نێوان بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی لەسەر گۆڕانكاریی لە دەزگاكانی دژەتیرۆر و زانیاریی یەكێتی.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكانی پەرەگراف، ئەمڕۆ ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی دەزگای زانیاریی ئازاد كران كە دوێنێ لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە دەستبەسەر كرابوون.
"هەریەكە لە محەمەد تەحسین تاڵەبانی بەرپرسی دەزگای زانیارییو ڕەنج تاڵەبانی لە دەزگای زانیاریی كە خوشكەزای لاهور شێخ جەنگییە ئەمڕۆ ئازاد كران" سەرچاوەیەكی باڵا بۆ پەرەگراف وای وت.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی "ئەمەریكیو ئێرانییەكان پەیوەندییان كردووەو داوایان كردووە كێشەكان چارەسەر بكرێنو گرژییو پێكدادان ڕوونەدات".
ئەو دوو بەرپرسەی دەزگای زانیاریی دوای ئەوە دەستبەسەر كران، كە ئامادە نەبوون بڕیاری گۆڕانكاریی لە دەزگای زانیاریی جێبەجێ بكەن كە لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە دراوە.
دەزگای زانیارییو دژەتیرۆر لەژێر كۆنتڕۆڵی لاهور شێخ جەنگیدا بوون، ئێستا بافڵ تاڵەبانی خستنییە ژێر ڕكێفی خۆیەوە، "لە شوێنی محەمەد تەحسین تاڵەبانی بۆ بەرپرسی دەزگای زانیاریی ئەژی ئەمین دانراوە، هەروەها وەهاب هەڵەبجەیی وەك فەرماندەی دژەتیرۆری یەكێتی دانراوە كە هەردووكیان ئێستا لەسەر بافڵ تاڵەبانی هەژماردەكرێن".
كێشەكانی نێوان بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی نوێ نین، بەڵام دوێنێ تەشەنەیان سەندو نزیكبوو لەوەی پێكدادانی چەكداریی ڕووبدات، ئەوەش دوای بەرهەڵستیی بڕیاری گۆڕانكارییەكانو جوڵاندنی هێز لەلایەن بافڵ تاڵەبانی بۆ جێبەجێكردنی ئاڵوگۆڕ لە بەرپرسی دەزگای زانیاریی.
دوێنێ لەكاتی گرژییەكاندا سەرچاوەیەكی ئاگادار بە پەرەگرافی وت "دەمێكە كێشە لەسەر گۆڕانكاریی لەو دوو دەزگایە دروست بووە، ماوەیەك لەمەوبەر دژەتیرۆر لە بەرژەوەندیی بافڵ تاڵەبانی یەكلابووەوە، پاشان دەزگای زانیاریش، بڕیاربوو كەسێك وەك بەرپرسی دەزگا دەستبەكاربێت كە سەربە بافڵ تاڵەبانییە، بەڵام لاهور شێخ جەنگیو ستافی دەزگا كە سەربە ئەون ناڕازیی بوون، ئامادە نەبوون بڕیاری گۆڕانكارییەكە جێبەجێ بكەن".
هەر دوێنێ بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق گەڕایەوە بۆ سلێمانیو كەوتە نێوەندگیریی بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هاوسەرۆكانی یەكێتی.
ئەو دۆخە شڵەژانی لەناو یەكێتیدا دروست كردووەو زۆربەی سەركردەو بەرپرسانی ئەو حیزبە بەسەر هەردوو بەرەی ماڵی مام جەلالو ماڵی شێخ جەنگیدا دابەش بوون، بەپێی بەدواداچوونەكانی پەرەگراف "ئێستا زۆرینە لەگەڵ ماڵی مام جەلالدان"، بە پێچەوانەی ئەو كاتەی دواین كۆنگرەی یەكێتی بەسترا كە "زۆرینە لەگەڵ كوڕەكانی شێخ جەنگیدا بوون".
بەهۆی حیزبیی بوونی هێزی چەكدارو ئەمنییو هەواڵگریی لە هەرێمی كوردستان، كەسانی باڵادەستی ناو ئەو هێزانە پێگەی بەهێزیان دەبێت لە ناوخۆی حیزبەكانیاندا، هەربۆیە بەردەوام دانانی بەرپرسانی ئەو هێزو دەزگایانە بەشێكە لە ململانێی ناوخۆیی پارتیو یەكێتی كە خاوەنی ئەو دامودەزگایانەن.