گرژیی تووند دەكەوێتە نێوان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی؛ جووڵە بە هێز كراو "چەند كەسێك دەستبەسەر كران"

08-07-2021 10:27
لاهور شێخ جەنگی‌و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكانی یەكێتی

پەرەگراف

گرژیی‌و ئاڵۆزیی توند لە نێوان هاوسەرۆكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دروست دەبێت‌و جووڵە بە هێز دەكرێت، هێزەكانی بافڵ تاڵەبانی "چەند بەرپرسێكی دەزگای زانیاریی دەستبەسەر دەكەن كە یەكێكیان كەسی یەكەمی دەزگاكەیە"، بە وتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار بۆ پەرەگراف.

كێشەكانی نێوان هاوسەرۆكانی یەكێتی، پەیوەندیی بە گۆڕانكاریی لە دوو دەزگای هەستیاری ئەو حزبە هەیە، ئەوانیش دەزگای زانیاریی‌و دژەتیرۆرن، بەرلەوەی ببنە هاوسەرۆكی یەكێتی، هەردوو دەزگاكە لەژێر كۆنتڕۆڵی لاهور شێخ جەنگیدا بوون، ئێستا بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت بیانخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە.

"دەمێكە كێشە لەسەر گۆڕانكاریی لەو دوو دەزگایە دروست بووە، ماوەیەك لەمەوبەر دژەتیرۆر لە بەرژەوەندیی بافڵ تاڵەبانی یەكلابووەوە، پاشان دەزگای زانیاریش، ئەمڕۆ بڕیاربوو كەسێك وەك بەرپرسی دەزگا دەستبەكاربێت كە سەربە بافڵ تاڵەبانییە، بەڵام لاهور شێخ جەنگی‌و ستافی دەزگا كە سەربە ئەون ناڕازیی بوون، ئامادە نەبوون بڕیاری گۆڕانكارییەكە جێبەجێ بكەن" سەرچاوەیەكی باڵا بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی هێزی جوڵاندووە بۆ جێبەجێ كردنی بڕیارەكەو لە ئەنجامدا دوو بۆ سێ بەرپرسی باڵای دەزگای زانیاریی دەستبەسەر كردووە كە یەكێكیان بەرپرسی دەزگای زانیارییە، لە بەرامبەردا لاهور شێخ جەنگی‌و ئەو بەرپرسە سەربازییانەی سەربە ئەون هێزەكانیان كۆكردووەتەوە، بەڵام هیچ شەڕو پێكدادانێك ڕووی نەداوە".

پەرەگراف زانیویەتی، ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی‌و نێوەندگیریی دەكات لە نێوان هاوسەرۆكایەتی یەكێتی بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە.

سەرچاوەیەك دەڵێت "بەرهەم ساڵح بەپەلە بەهۆی ئەو گرژییانەوە گەڕاوەتەوە"، بەڵام سەرچاوەیەكی دیكە وتی "كاك بەرهەم خۆی پلانی گەڕانەوەی هەبووە، كە هاتووەتەوە بەسەر ئەو كێشەیەدا، كەوتووەتە نێوانیان".

ئەو دۆخە شڵەژانی لەناو یەكێتیدا دروست كردووەو زۆربەی سەركردەو بەرپرسانی ئەو حیزبە بەسەر هەردوو بەرەی ماڵی مام جەلال‌و ماڵی شێخ جەنگیدا دابەش بوون، بەپێی بەدواداچوونەكانی پەرەگراف "ئێستا زۆرینە لەگەڵ ماڵی مام جەلالدان"، بە پێچەوانەی ئەو كاتەی دواین كۆنگرەی یەكێتی بەسترا كە "زۆرینە لەگەڵ كوڕەكانی شێخ جەنگیدا بوون".

بەهۆی حیزبیی بوونی هێزی چەكدارو ئەمنیی‌و هەواڵگریی لە هەرێمی كوردستان، كەسانی باڵادەستی ناو ئەو هێزانە پێگەی بەهێزیان دەبێت لە ناوخۆی حیزبەكانیاندا، هەربۆیە بەردەوام دانانی بەرپرسانی ئەو هێزو دەزگایانە بەشێكە لە ململانێی ناوخۆیی پارتی‌و یەكێتی كە خاوەنی ئەو دامودەزگایانەن.