سزای لەسێدارەدان بۆ چەند ئەفسەرێكی عێراقی دەردەچێت بەهۆی تێوەگلان لە كوشتنی خۆپیشاندەران

08-07-2021 05:07
خۆپیشاندەرێكی دژە حكومەت ئاڵای عێراقی بەرزكردووەتەوە لە بەغدادی پایتەخت، مانگی 11ی 2019

پەرەگراف

سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە عێراق ڕایگەیاند، فەرمانی لەسێدارەدان بۆ ژمارەیەك ئەفسەری هیزە ئەمنییەكان دەركراوە بەهۆی تێوەگلانیان لە كوشتنی خۆپیشاندەران.

فایەق زێدان ئەنجومەنەكە، لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردەوە، ئەوەی ئاشكرای كردووە كە سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو ئەفسەرانە بەهۆی تێوەگلانی ڕاستەوخۆیە لە كوشتنی خۆپیشاندەران و دەركردنی فەرمانی تەقەكردن لە خۆپیشاندەران لەلایەن كارمەندەكانیانەوە.

زێدان دەڵێت "بەشێكی دۆسییەكانی كوشتنی خۆپیشاندەران تەواوبوون، بەتایبەت لە پارێزگاكانی كوت و بابل، فەرمانی لە سێدارەدانی چەند ئەفسەرێكیان تێدایە"، باسی لەوەشكردووە "دۆسییەكانی تایبەت بە كوشتنی خۆپیشاندەران زۆر ئاڵۆزن".

لەبارەی دۆسیەی تیرۆركردنی هیشام هاشمی توێژەری دیاری عێراقیی كە بە یەكێك لە دیارترین دۆسییەكانی تیرۆركردن دادەنرێت لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەڵێت، فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ چەند تۆمەتبارێكی كوشتنی هاشمی دەركردووە، بەردەوامیش دەبن لە گەڕان بەدوای ئەوانەی لەو دۆسیەیەوە تێوەگلاون تا دەخرێنە بەردەم دادگا.

ڕۆژی 6ی ئەم مانگە ساڵێك تێپەڕی بەسەر تیرۆركردنی هیشام هاشمی، لەماوەی ئەو ساڵەدا هیچ كەسێك لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستگیر نەكراوە، چالاكوانان میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە ئێران بە كوشتنی تۆمەتبار دەكەن.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریدا، باسی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە و تێیدا هاتووە "هەرێمی كوردستان هاوكاریی حكومەتی ناوەندیی نییە لە بابەتی ڕادەستكردنی هەڵهاتوان و ئەوانەی ڕایانكردووە بۆ هەرێم و لە دۆسیەی واقعیدا تێوەگلاون".

دەستگیركردن و دواتر ئازادكردنی قاسم موسڵح یەكێك لە سەركردە دیارەكانی حەشدی شەعبی لە مانگی ئایاری ڕابردوودا بە تۆمەتی كوشتنی چالاكوانێكی شاری كەربەلا، مشتومڕێكی گەرمی نایەوە، بەهۆیەوە حەشد چەند نمایشێكی سەربازیی لە بەغداد ئەنجامدا و هەڕەشەی هێرش‌و پەلاماردانی كرد ئەگەر سەركردەكەیان ئازاد نەكرێت.

فایەق زێدان لەبارەی دۆسیەی قاسم موسڵح دەڵێت "ئەنجومەنی دادوەری ڕوبەڕوی هیچ فشارێك نەبۆتەوە بۆ ئازادكردنی قاسم موسڵح".

پێشتر سەرچاوەیەكی حكومی بەرپرسیارێتی ئازادكردنی موسڵحی خستبووە ئەستۆی دەسەڵاتی دادوەری، "چونكە لایەنی حكومەت بەڵگەی تەواوی لەبارەی تێوەگلانی ئەو سەركردەیەی حەشد لە تیرۆركردنی ئیهاب وەزنی چالاكوانی شاری كەربەلا پێشكەشی یاسا كردبوو، بەڵام بەهۆی فشارەكانەوە ئازادكراوە".

سەرچاوەكە باسی لەوەكردووە "پەیوەندی تەلەفونی لەنێوان قاسم موسڵح و جێبەجێكارانی تیرۆركردنەكەدا هەبووە، ئیفادە و شایەت لەو بارەیەوە هەیە، خێزانی قوربانییەكەش هەڕەشیان لێكراوە" لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتی دادوەری وتویەتی، بەڵگەی پێویست لەبەردەستدا نییە بۆیە ئازادیان كردووە.

دۆسیەی كوشتنی خۆپیشاندەران و چالاكوانانی عێراق لەدوای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی 2019 بابەتێكی گەرمە، چونكە لەو كاتەوە سەدان كەس بە گوللەی هێزە ئەمنییەكان كوژراون.

ماوەیەكیشە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێكی تایبەت دەكات بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسە ئەمنییەكان لەبارەی كوژران و برینداربوونی هەزاران خۆپیشاندەر.

چالاكوانە عێراقییەكان داوا دەكەن دانیشتنەكە بە بەرچاوی ڕای گشتییەوە ئەنجام بدرێت، هەمووان ببینن چۆن لێپرسینەوە لەگەڵ سەركردەی دامەزراوە سەربازییەكان دەكرێت، كەسوكاری قوربانیانیش ئامادە دەبن، بەو هیوایەی ئەمە ببێتە فشارێك بۆ كردنەوەی گرێ كوێرەی ئەو هەڵمەتی تیرۆركردن و ڕفاندنانەی لەماوەی ڕابردوودا وڵات بەخۆیەوە بینیوە.

لەبارەی ئەو ئامار و لێدوانانەی سیاسییەكان دەیدەن بە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن، فایەق زێدان دەڵێت "زۆرینەی ئەو ژمارانە و لێدوانی ڕاگەیاندنی سیاسییەكان ڕاست نین"، جەختیشدەكاتەوە "لیژنەیەك پێكهاتووە بۆ چارەسەركردنی بەشێكی یاساكان و پێداچونەوە پێیاندا"، ئەمە جگە لە دروستكردنی لیژنەیەك بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی كە زۆر یاسایی و دەستورییە و ئامانجی گێڕانەوەی پارەی بەهەدەردراوە.