پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان سەردانی سەرۆكی هەرێم دەكەن

02-07-2021 02:39

پەرەگراف

بۆ داوای دەركردنی لێبوردنێكی تایبەت بۆ ئازادكردنی پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكە سزادراوەكەی بادینان، تیمی پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان سەردانی سەرۆكی هەرێم دەكەن. لەم مانگەیشدا 11 ڕۆژنامەنووس و چالاك و هاووڵاتیی دیكەی بادینان كە نزیكەی ساڵێكە دەستگیر كراون، دادگایی دەكرێن و عەلی حەمەساڵح بانگەوازێكی بۆ پاڵپشتیركردن لە دۆسیەكە ڕاگەیاندووە.

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، بە پەرەگرافی وت "كۆتایی ئەم هەفتەیەی كە دێت، سەردانی سەرۆكایەتیی هەرێم دەكەین بۆ ئەوەی داوا لە سەرۆكی هەرێم بكەین لێبوردنێكی تایبەت بۆ ئازادكردنی پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسە سزادراوەكەی بادینان دەربكات".

ئەو پارێزەرە وتیشی "وەكو تیمی پارێزەران ڕێككەوتووین و بڕیارمان داوە ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتوو بچینە سەرۆكایەتیی هەرێم بۆ قسەكردن لەگەڵ سەرۆكی هەرێم لەسەر دۆسیەی دەستگیركراوان و سزادراوانی بادینان".

هاوكات، عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، كە شەوی ڕابردوو لەگەڵ بەشدار حەسەن و كامەران سارمەمی، دوو لە پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، كۆبووەتەوە، دەڵێت "بڕیارە لە ٥ و ١٢ و ٢٩ی ئەم مانگەدا، پرۆسەی دادگاییكردنی ١١ چالاكوانی دیكە دەست پێ بكات، بە ماددەی یەكی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣، هەمان ئەو یاسای پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسی دیكەی پێ دادگایی كرا".

وەكو ئەو پەرلەماتارە لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك باسی كردووە "بەپێی قسەی پارێزەران، ئەم چالاكوانانە تۆمەتبار كراون بەوەی بەكرێگرتەی چەند وڵاتێكن، لەوانە ئەمریكا و بەریتانیا، دروستكردنی گرووپێك بۆ پشتیوانی لە مستەفا كازمی".

بەپێی ئامارێك كە پەرلەمانتارەكەی گۆڕان خستوویەتیە ڕوو "نزیكەی ٣٦ كەس ماوەی ١٠ مانگە لە زیندانی ئاسایشی هەولێر زیندانی كراون و چەند كەسێكیش بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە و هەڵهاتوون"، كە پێنج لە دەستگیركراوەكان لەلایەن دادگاوە سزای شەش ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

عەلی حەمەساڵح دەڵێت، لە كۆبوونەوەكەیاندا "لێكۆڵینەوەیەكی ورد"مان كردووە بۆ ئەوی بە "پلانێكی تۆكمە پشتیوانیی سەرەوەریی یاسا و دەستگیركراوان و ئازادیخوازان بین، هەم تیمی پارێزەران لەنێو دادگادا باشترین بەرگری لە دەستگیركراوانی بادینان بكەن، هەم ئێمەش لە ئاستی نێوخۆی و دەرەكیدا پشتیوانی دروست بكەین".

ئەو پەرلەمانتارە داوا لە "جەماوەری كوردستان و سەرجەم ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و لایەنە سیاسیەكان" دەكات پشتیوانێكی بەهێزی ئازادی بن. هەروەها داوا دەكات "نوێنەرایەتی وڵاتان و ڕێكخراوە بیانییەكان بە دەنگ بانگەوازمانەوە بێن بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە ڕاستی و دروستیی دۆسیەكە و پشتیوانیكردن لە ئازادی".

پێشتر بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، بۆ پەرەگراف وتی "ڕۆژی 5-7-2021 یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی (عامر خالید عەگید، فرسەت ئەحمەد سەعید، جەمال خلەیل مەجید، سلێمان كەمال سلێمان و سلێمان موسا ئەحمەد) بەڕێوە دەچێت".

"ڕۆژی 12-7-2021یش یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی (مەسعود شنگالی، شیروان ئەمین، كارگەر عەباس عەلی و بەندەوار ئەیوب) بەڕێوە دەچێت". هەروەها لە 29-7-2021 هەریەك لە ئومێد بەرۆشكی و مامۆستا بەدەل بەرواری دادگایی دەكرێن.

* هەڵوێستی نەتەوەیەكگرتووەكان لەبارەی حوكمی كۆتایی ڕۆژنامەنووس‌و چالاكانی بادینان

* دادگای پێداچوونەوە سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكەی بادینان پەسەند كرد

* دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان؛ سزای ساڵێك زیندانی بۆ ئومێد بەرۆشكی لەسەر "هاندان بۆ خۆپیشاندان"

* دادگاییكردنی نۆ دەستگیركراوی دیكەی بادینان؛ تۆمەتی وەرگرتنی پاڵپشتی لە چەند وڵاتێك و كازمی دراوەتە پاڵیان

* دادگاییكردنی بەرواری و بەرۆشكی دوای ساڵێك لە دەستگیركردنیان؛ "نادادپەروەرییەكی گەورە"

* پێشێلكارییە یاساییەكانی دۆسیەی حوكمدراوانی بادینان؛ لە زاری دادوەر، پسپۆڕی یاسایی و پارێزەران