پەرەگراف
ئاسایشی سلێمانی سێ كەسی بە تۆمەتی كوشتنی ژنەكەی گوندی عەزیزاوای سلێمانی دەستگیركرد و ڕایگەیاند كە دانیان بە تاوانەكەدا ناوە. هاوكات لە حاجیاوا بكوژی پیاوێك دەستگیر كراوە كە تۆمەتبارەكە "لەگەڵ هاوسەری كوژراو ڕێك كەوتووە لە بەرانبەر ٢٢٧٠٠ دۆلاردا مێردەكەی بۆ بكوژێت".
ڕۆژی 10-6-2021 تەرمی ژنێكی كوژراو بە سووتێنراوی لە نزیك گوندی عەزیزاوای سلێمانی دۆزرایەوە. بەپێی لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی "لاشە سووتێنراوەكە ناسرایەوە كە ژنێكە بە ناوی (ب . ع . ح) لەدایكبووی ساڵی 1990".
ئێوارەی ئەمڕۆ ئاسایشی سلێمانی وێنەی سێ تۆمەتباری ئەو دۆسیەی بڵاو كردەوە و دەڵێت "لە ڕۆژی 15 و 16-6-2021 تۆمەتباران سەرجەمیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیر كران بە ناوەكانی (پ . ع . ح) لەدایكبووی ساڵی 1985 سلێمانی، (م . ع . ح) لەدایكبووی ساڵی 1988، (ب . ج . ج) لەدایكبووی ساڵی 1996".
"تۆمەتباران دانیان نا بەوەدا كە لە ڕۆژی 10-6-2021، تۆمەتباری سەرەكیی تاوانەكە لەسەر كێشەیەكی كومەڵایەتی هەستاوە بە بردنی تاوانلێكراو بە ئۆتۆمبێل بۆ دەرەوەی شار. لە كاتی سەرخستنی لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا، ژنەكە بەرەنگاری بووەتەوە و لەلایەن تاوانبارەكەوە بە سێ فیشەك كوژراوە. دواتر بردوویەتی لە چۆڵەوانییەكی نزیك گوندی عەزیزاوا سووتاندوویەتی"، ئاسایشی سلێمانی وا دەڵێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئاسایشی سلێمانی، دوو تۆمەتبارەكەی دیكە بە "تۆمەتی پێدانی چەك و هاوكاریكردن لە ئەنجامدانی تاوانەكەدا، بەپێی ماددەی (406) لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لە كەیسەكە بەردەوامە".
دواتریش بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئاسایشی سلێمانی بڵاوی كردەوە كە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، دەستخۆشیی لە ئاسایشی كردووە و وتووشیەتی "لە تاوانەكانی هەراسانكردن و كوشتنی ژناندا، حكوومەت جگە لە جێبەجێكردنی دادگەری، بە هیچی دیكە ڕازی نابێت"..
دەستخۆشییەكەی قوباد تاڵەبانی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بووە لەگەڵ لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی. بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئاسایش دەڵێت "قوباد تاڵەبانی جەختی كردەوە لێپێچینەوە لە تۆمەتباران و تێوەگلاوانی كوشتنی ژنان، ئەركێكی شارستانی و یاسایی و سەروەرییەكی گەورەیە".
هەروەها جێگری سەرۆكی حكوومەت "داوای لە ئاسایشی سلێمانی كردووە بۆ دۆسیەكانی تری توندوتیژی دژی ژنان زیاتر هاوكاری دامودەزگا یاساییەكان بن، چونكە ئەم دیاردەیە جگە لە دەستدرێژی و سنوور بەزاندن، پەڵەیەكی ڕەشە بۆ لەكەداركردنی ناوبانگی كۆمەڵگاكەمان".
هەر ئەمڕۆیش بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین، ڕایگەیاند كە "بكوژی سەرەكی"ی هاووڵاتی (س.خ.پ)ی ناحیەی حاجیاوا كە 21-4-2021 لە نزیك ماڵەكەی خۆی بە دەستڕێژی گوللـە كوژرا "دانی بە تاوانەكەیدا ناوە".
پۆلیسی ڕاپەڕین دەڵێت "لەو دۆسیەدا دوو تۆمەتبار دەستگیر كران كە یەكێكیان خێزانی كوژراوەكە و ئەوەی تریان خەسوی كوژراوەكە بوو، بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسایی سزادانی عێڕاقی ڕاگیران. بكوژی سەرەكیی ڕووداوەكەیش بە ناوی (س.ئـ.ئـ) دەسگیر كرا و بە هەمان ماددە ڕاگیرا".
"دوای ئەوەی بەڵگەی تەواو و كۆكرایەوە لە دژی تۆمەتباری سەرەكی، بەڵام لە سەرەتادا نكۆڵی دەكرد. دوای لێكۆڵینەوەی زیاتر و وردەكاریی زیاتر و خستنەڕووی بەڵگەی زیاتر، تۆمەتبار (س.ئـ.ئـ) دانی بە تاوانەكەیدا نا".
بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین، "تۆمەتبار (س.ئـ.ئـ دەڵێت كە لەگەڵ خێزانی كوژراو ڕێك كەوتووە كە بڕی ٢٢٧٠٠ دۆلاری ئەمریكی لە خێزانی كوژراو وەربگرێت و مێردەكەی بۆ بكوژێت".

(س.خ.پ) كە 21-4-2021 لە نزیك ماڵەكەی خۆی بە دەستڕێژی گوللـە كوژرا