پەیامی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ بەرپرسانی هەرێم: میدیای سەربەخۆ و ئازاد و پاراستنی ڕای ئازاد زۆر گرنگن
پەرەگراف
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، جەختی لە "پاراستنی ئازادیی ڕادەربڕین" و "گرنگیی ئازادیی میدیایی و میدیای سەربەخۆ" كردووەتەوە، ئەو بابەتەشی بە "زۆر گرنگ" وەسف كردووە.
دۆمەنیك ڕاب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە كۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی دوای كۆبوونەەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وتی "لەگەڵ جەنابی سەرۆكی هەرێم، باسی گرنگیی میدیای ئازاد، میدیای سەربەخۆ و پاراستنی ئازادیی ڕادەربڕینمان كرد. ئەمانە چەند خاڵێكی زۆر گرنگن".
لای خۆیشیەوە سەرۆكی هەرێم باسی لەو تەوەرانە كرد كە لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆیان لەبارەوە كردووە، بەڵام هیچ ئاماژەیەكی بە گفتوگۆكردن دەربارەی پرسی ئازادیی كاری میدیایی و ئازادیی ڕادەربڕٍین نەكرد.
ئەمە لە كاتێكدایە لە ماوەی ڕابردوودا دۆسیەی ڕۆژنامەنووس و چالاكانی دەستگیركراوی بادینان، كاردانەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی هەرێم و دەرەوەش دروست كردووە. بەهۆی سزادانی بەشێك لەو دەستگیركراوانە، حكوومەت و بەرپرسانی هەرێم ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی وڵاتان و ڕێكخراوە جیهانییەكان بوونەتەوە.
پاش ئەوەی دوێنێ بە سەردانێك گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق كۆبووەوە، بەیانیی ئەمڕۆ دۆمەنیك ڕاب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، گەیشتە هەولێر و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیی سەرۆكی هەرێم كۆبووەوە.
نێچیرڤان بارزانی لە كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەكەدا، وتی "لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆمان كرد دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ بەریتانیا، كێشەكانی هەولێر و بەغدا و هەوڵەكانی چارەسەركردنیان، شەڕی دژی تیرۆر و مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوە و بەهێزبوونەوەی داعش، هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق، دۆخی ناوچەكە بە گشتی و چەند بابەتێكی جێی بایەخی هاوبەش".
وتیشی "پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەریتانیا بەرز دەنرخێنین. سوپاسی پشتگیریی بەردەوامی بەریتانیا لە گەلی كوردستان دەكەین".
سەرۆكی هەرێم باسی لەوەش كرد كە بابەتێكی دیكەی گفتوگۆی نێوانیان، ژینگە و گۆڕانی كەشوهەوا بووە كە بەپێی توێژینەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان "عێراق یەكێكە لەو پێنج وڵاتەی كە زۆرترین كاریگەریی گۆڕانی كەشوهەوای لەسەر دەردەكەوێت"، لەو ڕووەوە وتی "ئێستا لە هەرێمی كوردستان خەریكە كاریگەرییەكانی دەردەكەوێت و خەریكە وشكەساڵی دەبێتە كێشەیەكی رژدی لەبەردەممان".
هەروەها وەزیری دەرەوەی بەریتانیا وتی، قوربانیدانی پێشمەرگە و گەلی كورد لە دژی داعش بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە بەرز دەنرخێنن. جەختیشی لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەكان كردەوە.
"هەرێمی كوردستان بووەتە قەڵغانێك بۆ بەرگرتن بە كاریگەرییەكانی ئێران لە ناجێگیركردنی ناوچەكە. ڕۆڵی ئێوە گرنگ بوو لە شەڕی داعش، ئێمە ئەوە بەرز دەنرخێنین، هەروەها دەبێت ستایشی ڕۆڵی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەین، چونكە بوونەتە قوربانی"، دۆمەنیك ڕاب وای وت.
هەر لە كۆبوونەوەكەی سەرۆكی هەرێم و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە گفتوگۆی لەبارەوە كراوە و دۆمەنیك ڕاب وتی "بەریتانیان بوودجەیەكی نوێی بۆ پێشمەرگە تەرخان كردووە".
لە كۆتایی كۆنفرانسەكەشدا، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانیی كرد بۆ لەندەن.
دوێنێ سێشەممە، دۆمەنیك ڕاب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، گەیشتە بەغدا و لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، پێشوازیی لێ كرا. دواتریش لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق و محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆككۆماری عێراق، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پابەندبوونی وڵاتەكەی بە پشتیوانیكردن لە ئاسایش و سەقامگیریی و ڕۆڵی كارای عێراق لە ناوچەكە دووپات كردووەتەوە، هەروەها پرسی هەڵبژاردنەكانی پێشوەختەی عێراق و چۆنیەتی باشتر بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە تاوتوێ كراوە.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە سەردانەكەی بۆ بەغدا وتی "بەریتانیا لە بوارەكانی هەڵبژاردن، ئابووری و ئاسایش پاڵپشتی لە عێراق دەكات، بۆ ئەو مەبەستەیش یەك ملیۆن پاوەندی بۆ چاودێركردنی هەڵبژاردنەكانی پێشوەختە لە عێراق تەرخان كردووە، تا پرۆسەكە بە پاكی بەڕێوە بچێت".