پەرەگراف
ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی داوادەكات لەبارەی كێشەی نەوتو غازو پشێوییەكانی بازاڕ، بەزوترین كات لە ڕێگەی حكومەتەوە لێكۆڵینەوە لەكۆی كێشەكان بە ئاڕاستەی چارەسەركردن و لێپێچینەوەی یاسایی لەوانەی بەرپرسیارن، بكرێ و دەست تێوەردانی لاوەكی لە ڕێساكانی حكومەت كۆتایی پێ بهێندرێت.
ئەنجوومەنەكە كە كۆسرەت ڕەسوڵ سەرپەرشتی دەكاتو 8 بەرپرسی باڵای دیكەی یەكێتی ئەندامن تێیدا، بەیاننامەیەكی لەسەر دۆخی كوردستانو عێراقو ناوخۆی یەكێتی بڵاو كردەوەو داوای ئەنجامدانی زنجیرەیەك كۆبوونەوەی نێوان حیزبەكان دەكاتو بڕیاری ئەوەشی داوە لەگەڵ سەرۆكایەتییەكانی هەرێمو لایەنەكان كۆببێتەوە.
بەیاننامەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی (ی.ن.ك)
لەسەر دۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی كوردستان
جەماوەری خۆڕاگری كوردستان!
لای هەمووان ئاشكرایە كە ناوچەكەو عێراق و كوردستان، بەدۆخێكی هەستیارو چارەنووس سازدا تێدەپەڕێت، یەكێتی ی نیشتمانی ی كوردستان، وەك هەمیشە ئامانجی بەدیهێنانی ئامانجە دەستووری و سیاسی و پیشەییەكانی جەماوەرە، بۆیە:
1- لەسەر ئاستی عێراق، پێكهێنانی حكومەتێك داخوازیەكانی خۆپیشاندەران قبوڵا بكات و كێشە سیاسی و یاساییەكان كۆتایی پێ بێنێ و دژایەتی گەندەڵی و مشەخۆری بكات، وە هەروەها عێراق لەهەر جۆرە شەڕوشۆڕێكی دەرەكی و ئاژاوەیی ناوخۆو تایفەگەری بەهەرپاساوێك بێ، بپارێزێت، پشتیوانی دەكەین.
2- لەسەر ئاستی كوردستان، هێزە كوردستانیەكان پێویستە لەبەر رۆشنایی روداوەكان، زنجیرەیەك كۆبوونەوەی بەرپرسیارانە ئەنجام بدەن بۆ گەڵاڵە كردنی ئەركە هاوبەشەكان.
سەبارەت بە بارودۆخەكەش نەخشەڕێگای نوێی پێویست دابڕێژن، ئەو ئەركانەش لە كوردستاندا، بەندن بەچارەسەركردنی كۆی كێشەكانی خەڵك، لەپێشەوەیان پاشەكەوتی مووچە، دژایەتی گەندەڵی، پێشخستنی حكومەت و سیستەمی حوكمڕانی كە سەروەری یاسا و یەكێتی خەڵك و خاك و نەتەوە دەستەبەر بكات.
هاوكات، رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەو باقی هێزەكان، كۆتایی پێ بێنێ.
3- لەسەر ئاستی ناوخۆی یەكێتیش:
ئەنجومەنی باڵا، بەئەركی خۆی و ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی و تەواوی ئۆرگانەكانی یەكێتی دەزانێت، بڕیارەكانی لەچوارچێوەی پرنسیپە پەسەندكراوەكانی چوارەمین كۆنگرە لە ساغكردنەوەی بڕگەكانی پەیڕەوی ناوخۆدا دوا بڕیاریان لەسەر بدرێت و تەواوی ئۆرگانەكان و هەڤاڵانی یەكێتی دڵسۆزانە پابەندی بڕیارەكان بن.
جەماوەری ئازادی خواز!
ماوەیەكە كێشەی نەوت و غاز پشێوی لە كەسابەت و بازاڕی ئازاد دروست بووە، ئەنجومەنی باڵای سیاسی، بەو پێیەی پارێزەری سیاسەت و بەرژەوەندی باڵای یەكێتییە بەرنامەو بڕیاری هەیە لەڕێگەی حكومەتەوە، بەزوترین كات لێكۆڵینەوە لەكۆی كێشەكان بە ئاڕاستەی چارەسەركردن و لێپێچینەوەی یاسایی لەوانەی بەرپرسیارن، بكرێ و دەست تێوەردانی لاوەكی لەرێساكانی حكومەت كۆتایی پێ بهێندرێت.
بۆ كۆی ناوەڕۆكی ئەم بەیاننامەیەش ئەنجومەنی باڵا، زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی حكومەت و تەواوی حزبە سیاسیە تێكۆشەرەكان ئەنجام دەدات.
ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی (ی.ن.ك)
5ی شوباتی 2020