پەرەگراف
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، یاسای چاكسازی لە مووچە، دەرماڵە، بەخشین، ئیمتیازاتەكان و خانەنشینیی واژۆ كرد.
نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ واژۆكردنی یاساكەدا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا دەڵێت"ئەم یاسایە مایەی سەرنج و تێڕوانینی چین و توێژە جیاكانی كۆمەڵگە بووه، بۆیە لەو ڕۆژەوە بە فەرمی گەیشتووەتە سەرۆكایەتیی هەرێم، شارەزایان و پسپۆڕان لە سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران، زۆر بە وردی تاوتوێیان كرد و لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی یاساكه بە شێوەیەكی بابەتیانە بە وردی خرانە ڕوو".
دەقی ڕاگەیەندراوەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان
ئەمڕۆ یاسای چاكسازی لە مووچە، دەرماڵە، بەخشین، ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان ــ عێراق ژمارە 2ی ساڵی 2020ـم واژۆ كرد كە ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی كردووە و ناردوویەتیە پەرلەمانی كوردستان و ڕۆژی 16/1/ 2020 پەرلەمان پەسەندی كرد.
ئەم یاسایە مایەی سەرنج و تێڕوانینی چین و توێژە جیاكانی كۆمەڵگە بووه، بۆیە لەو ڕۆژەوە بە فەرمی گەیشتووەتە سەرۆكایەتیی هەرێم، شارەزایان و پسپۆڕان لە سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران، زۆر بە وردی تاوتوێیان كرد و لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی یاساكه بە شێوەیەكی بابەتیانە بە وردی خرانە ڕوو.
هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە تێگەیشتنی تەواومان بۆ ئەو سەرنج و تێبینییانە هەیە بەتایبەتی لە بواری خانەنشینیدا، جەختیش لەوە دەكەینەوە كە یاساكە هەنگاوێكی دیكەی چاكسازییە لە بواری كارگێڕی و داراییدا. بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم دامەزراوە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانیش، بەردەوام دەبین لە هەنگاوەكانی دیكەی چاكسازی لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی گەلی كوردستاندا.
لەم ڕوانگەیەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕادەسپێرین تا لە ماوەیەكی گونجاودا پرۆژەیاسای خانەنشینیی یەكگرتوو بۆ هەرێمی كوردستان ئامادە بكات و پێشكەش بە پەرلەمانی بكات، بە شێوەیەك بنەما و پێوەری هێنانەدی دادپەروەری تێدا بێت و مووچەخۆران دڵنیا بكاتەوە كە ئێستا و داهاتووش ماف و شایستەكانیان مسۆگەر و پارێزراو دەبن، هەروەها لە پەیڕەوی جێبەجێكردندا ڕەچاوی ئەو تێبینی و پێشنیارانە بكرێت كە دەربارەی یاساكە خراونەتە ڕوو، ئەو كەموكوڕییانەش كە لە جێبەجێكردنیدا دەردەكەون، دەكرێت بە هەمواركردنەوەی یاساكە و پەیڕەوی جێبەجێكردنی، چارەسەر بكرێن.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
4/2/2020