پەرەگراف
ژمارەی مردنو تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەرزبوونەوەدایە، مردن بەو ڤایرۆسە لە چین گەیشتە 361 كەس ئەوەش زیاترە لە ژمارەی ئەو كەسانەی بە پەتای ڤایرۆسی سارس لە چین گیانیان لە دەستدا ساڵی 2002-2003 كە 349 كەس بوون.
كۆرۆنا سەربە هەمان گروپی ڤایرۆسی سارسە، بەڵام لە شێوەیەكی نوێدایە. سارس ساڵی 2003 لە زیاتر لە 20 وڵات بڵاوبووەوە، بەهەمانشێوەی كۆرۆنا زۆرترین قوربانییانی ئەو ڤایرۆسەش لە چین بوو.
تەنها ئەمڕۆ لە چین 57 كەس بەهۆی كۆرۆناوە مردوون، بەپێی نوێترین ئامار تووشبووان بە كۆرۆنا گەیشتوونەتە زیاتر لە 17 هەزارو 300 كەس كە زۆربەی هەرەزۆریان لە چینن، ڤایرۆسەكە لە 25 وڵات تۆمار كراوە، بەڵام تەنها یەك كەس لە دەرەوەی چین بە كۆرۆنا مردووە ئەویش هاووڵاتییەكی چینیی بووە لە فلیپین گیانی لەدەستدا.
ڤایرۆسەكە لە عێراقو كوردستان تۆمار نەكراوە، بەڵام ڕێوشوێنی تووند گیراوەتەبەر بەتایبەت لە فڕۆكەخانەو خاڵە سنورییەكان، ڕێگە بە خەڵكی چین نادرێت بێنە خاكی عێراقو ئەو عێراقییانەشی لە چینەوە دەگەڕێنەوە بۆ ماوەی 2 هەفتە دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە، لەبەرئەوەی هەندێكجار نیشانەكانی ڤایرۆسەكە 10 ڕۆژ تا 2 هەفتەی دەوێت تا لە كەسی تووشبوودا دەربكەون.
حكومەتی هەرێم داوای لە خەڵك كردووە گەشت بۆ چین نەكەن، ئەمڕۆش لە سلێمانی ژوورێكی عەمەلیات بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا پێكهێنراو داوا لە خەڵك كرا خۆیان بەدوور بگرن لە ڕاوكردن و دەستلێدان لە ئاژەڵ و باڵندەی كێوی.
لە ڕۆژانی داهاتووشدا هێڵێكی گەرمی تەلەفۆنی 24 كاتژمێریی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەخرێتە كار تا هاووڵاتیان لەكاتی گومانكردن لە هەر حاڵەتێكی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بەو هێڵەوە بكەن.
ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیی بۆ پێنجهەمین جار لە مێژوویدا باری لەناكاوی لە سەرتاسەری دونیا ڕاگەیاند، ئەوەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ڕێكخراوەكە ترسی خۆی پیشاندەدات كە ڤایرۆسەكە بگاتە ئەو وڵاتانەی سیستمی تەندروستییان لاوازەو داوا دەكات وڵاتان ئامادەكاریی پێویست بكەن بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسەكە.
دەربارەی ڤایرۆسی كۆرۆناو خۆپاراستن لێی
كۆرۆنا گرووپێكی فراوانی ڤایرۆسەكانە، ساڵی 1965 لە مرۆڤدا دەستنیشانكراوە. هۆكارەكانی تووشبوون جیاوازن، دەگوترێت لە ئاژەڵەوە تووشی مرۆڤ دەبێت، بەڵام لە نوێترین زانیارییەكان لەبارەی گواستنەوەی ڤایرۆسەكە بەتایبەت لە چین، دەركەوتووە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگوازرێتەوە.
نیشانەكانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاوشێوەی سەرمابوونن، كە پێكدێن لە سەرئێشە، ئاو لە لووت هاتن، كۆكە، تا، هەناسەتەنگی، ئازاری جەستە و لەرز، كە هەموو كات بەم شێوەیە سادە نییە، هەندێكجار هۆكاردەبێت بۆ هەوكردنی سییەكان و لوولەكانی هەوا، ڕەنگە تووشبووەكە بكوژێت.
ئەم ڤایرۆسە ساڵی 2002 لە چین بڵاوبوویەوەو لە مرۆڤدا دەستنیشانكرا، گوازرایەوە بۆ 25 وڵات، 8000 كەسی نەخۆش خست و زیاتر لە 700 كەسی كوشت، ڤایرۆسەكە جارێكی دیكە لە ساڵی 2012 سەری هەڵدایەو لە چەند وڵاتێك بڵاو بووەوەو نزیكەی 800 كەسی كوشت.
خۆپاراستن
پزیشكانی پسپۆڕ ڕێنمایی هاووڵاتیان دەكەن كە خۆیان بە دوور بگرن لە تەوقە كردن بەتایبەت لەگەڵ كەسانی توشبو بە ئەنفلۆنزاو دەبێت دوای تەوقەكردن دەست بشۆردرێتو نابێت دەست ببرێت بۆ چاو و لوتو دەم بەبێ دەست شتن، هاوكات بەردەوام بەرلە دەست بردن بۆ ئەو ئەندامانەو خواردنی خواردن، دەست بشۆردرێت.
هەروەها نە مانەوە لە شوێنی قەرەباڵخو داخراو، چونكە لەو شوێنانە ئەگەری توشبونو بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە هەیەو بەهۆی پژمینو كۆكەو هەناسەی كەسێكی توشبووەوە كەسانی دیكەش توش دەبن، پزیشكان ڕێنمایی ئەوەش دەدەن كە خەڵك ماسك بەكاربهێنێت.
ئەو كەسانەی نەخۆشیی كۆئەندامی هەناسەو ڕەبۆو نەخۆشییە درێژخایەنەكانیان هەیە زیاتر مەترسی توشبونی ڤایرۆسەكەو كاریگەریی خراپی ڤایرۆسەكەیان لەسەرە.
كەسانی توشبو دەبێت داببڕێن لە كۆمەڵگەو لە ژێر چاودێریی تیمی تەندروستیی تایبەتدا دەبن.