پۆلیسی سلێمانی داوای دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید دەكات

16-05-2021 03:36
شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ

پەرەگراف

لەسەر سكاڵایەكی وەزارەتی ناوخۆو داوای پۆلیسی هەولێر، پۆلیسی سلێمانی نووسراوێكی ئاگاداركردنەوە(تبلیغ)ی ئاڕاستەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ كردووە بە مەبەستی ئامادەبوونی لەبەردەم دادوەر.

هیمداد شاهین، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ، دەڵێت "ئەمڕۆ بە فەرمی تەبلیغیان ناردووە و دەڵێن ئەگەر خۆت تەسلیم نەكەیت دەستگیرت دەكەین".

داوای دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید بە تۆمەتی بانگەشەكردنە بۆ "شكاندنی قەدەغەی هاتووچۆ" لە ساڵی ڕابردوودا كاتێك حكومەتی هەرێم بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە قەدەغەی هاتووچۆی ڕاگەیاندبوو.

سكاڵاكە لە 2-6-2020 لە هەولێر تۆمار كراوەو پۆلیسی سلێمانی لە 13-9 داوای لە بەڕێوەبەرابەتی كاروباری ناوخۆی پارێزگای سلێمانی كردووە شاسوار عەبدولواحید وەك تۆمەتبار دەستگیر بكرێت.

كەناڵی ئێن ئاڕتی سەربە شاسوار عەبدولواحید‌و بەرپرسانی نەوەی نوێ، سكاڵاكەو نووسراوی دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحیدیان بڵاوكردەوەو وەك بەشێك لە ململانێی سیاسیی ڕووماڵی دەكەن‌و ئەوان پێیانوایە "یەكێتی دەیەوێت شاسوار عەبدولواحید دەستگیر بكات‌و ڕادەستی پارتی بكات لە هەولێر".