پەرەگراف
تیمی وەزاریی بزووتنەوەی گۆڕان ڕەتیدەكاتەوە دواكەوتنی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی پەیوەندیی بە ئەوانەوە هەبێت، ئەوەش ئاشكرا دەكات، لەبارەی پڕۆژەكەوە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوە كردوە كە لاری لێی نییە، "بەڵام ناكرێت لە هەولێر بۆ یەك كیلۆمەتر دو ملیۆن و نیو دۆلاری بۆ تەرخان بكرێت، بەڵام لەوەی سلێمانی بڕی ٩ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوە".
تیمی وەزاریی گۆڕان ئەوەشدەخاتە ڕوو، سەرۆكی حكومەت لە كۆبونەوەیەكدا گوتویەتی "ڕازیم ئەگەر دو ئەوەندەی هەولێریش تەرخان بكرێت، بەڵام بۆ نزیكەی چوار ئەوەندە بێت. هاوكات جەختی كردەوە كە هەمو ئەو گوژمەیەی بۆ پڕۆژەكە دانراوە، دەیدەن بە دەرخستەیەكی ڕاست و دروست و ئەوەی زیاد بو لە پڕۆژەیەكی تری سلێمانی بەكاری بێنن".
دەقی ڕوونكردنەوەكەی تیمی وەزاری بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە پڕۆژەی شەقامی سەد مەتری سلێمانی
تیمی وەزاری بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت، ھاوڵاتیانی كوردستان و بەتایبەتی شاری سلێمانی ئاگادار دەكاتەوە، كە بەرپرسیارێتی جێبەجێ نەكردنی پڕۆژەی شەقامی سەد مەتری سلێمانی دورو نزیك پەیوەندی بە تیمی وەزاری بزوتنەوەی گۆڕانەوە نییە. لەبەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:
1. ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی (2013)ەوە بودجەی بۆ تەرخانكراوەو بەردی بناغەی دانراوەو پێویست بوە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوەو جێبەجێنەكراوە.
2. ئەم پڕۆژەیە لە سنوری كاری وەزارەتی شارەوانیدایە، كە دورە لە كاری ئەو چوار وەزارەتەی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارێتی وەرگرتوە بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانی سەرشانی خۆی لە چوارچێوەی كاری حكومەتدا.
3. تیمی وەزاری بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر دو بنەما بەشداری ئەم كابینەیەی حكومەتی كردوە، بنەمای یەكەم رێككەوتنی سیاسی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان كە ناوەرۆكەكەی چاكسازیی گشتییە لە بوارەكانی كارگێڕی، دارایی، ئابوریی و سیاسیدا. بنەمای دوەم هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتە، كە سەرۆكی حكومەت لەبەردەم پەرلەمان خوێندییەوە. بۆیە ئێمە وەك تیمی وەزاری بزوتنەوەی پابەندبونی خۆمان دوپات دەكەینەوە بە بەرنامەی چاكسازی و بەرگریكردن لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بە سەرجەم ناوچەكانەوە بەبێ جیاوازی و بە شاری سلێمانیشەوە.
4. بزوتنەوەی گۆڕان لە رێی وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنەوە لە ڕێكەوتی ۱۳ی كانونی دوەم لە دیدارێكی لەگەڵ سەرۆكی حكومەت، باسی گرنگی پڕۆژەی شەقامی سەد مەتری كردوە بۆ شاری سلێمانی و داوای لێكردوە بەزوترین كات ئەو پڕۆژەیە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەرچەندە ئەمە لە دەرەوەی سنوری كاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەیە، بەڵام وەك پێداگریییەك و پشتگیریكردنی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە،سەرۆكی حكومەتیش بەڵێنی داوە لە زوترین كاتداو دوای پێداچونەوە بە دەرخستەی پڕۆژەكەدا، پڕۆژەكە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
5. لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئابوری كە لە رۆژی ٢٧/١/٢٠٢٠ بەڕێوەچو، لە بەشێكی كۆبونەوەكەدا پارێزگاری سلێمانی بە پەرۆشەوە قسەی لە پڕۆژەی شەقامی سەد مەتری سلێمانی كردوە، سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوە كردوە كە لاری نییە، بەڵام ناكرێت لەهەولێر بۆ یەك كیلۆمەتر دو ملیۆن و نیو دۆلاری بۆ تەرخان بكرێت، بەڵام لەوەی سلێمانی بڕی ٩ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوە. سەرۆكی حكومەت لە كۆبونەوەكەدا وتی رازیم ئەگەر دو ئەوەندەی هەولێریش تەرخان بكرێت، بەڵام بۆ نزیكەی چوار ئەوەندە بێت. ھاوكات جەختی كردەوە كە هەمو ئەو گوژمەیەی بۆ پڕۆژەكە دانراوە، دەیدەن بەدەرخستەیەكی راست و دروست و ئەوەی زیاد بو لە پرۆژەیەكی تری سلێمانی بەكاری بێنن.
6. تەمەنی كابینەی نۆیەم و بەشداری تیمی وەزاری گۆڕان تیایدا كەمتر لە ١٤٠ رۆژی كاركردنە. ئەم ماوەیەش ناكرێت بەراورد بكرێت بە تەمەنی كابینەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە رابردودا و ناگونجێ تیمی وەزاری گۆڕان بەرپرسیار بكرێ لەو كەمتەرخەمیە.
تیمی وەزاری بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت
2/2/2020