پەرەگراف
محەمەد تۆفیق عەللاوی لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق.
محەممەد تۆفیق عەللاوی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە توویتەر پەیامێكی ڤیدیۆیی بۆ هاووڵاتییانی عێراق بڵاوكردەوەو ڕووی قسەی لە خۆپیشاندەرانی عێراقییەو ستایشی قوربانیدانو ئازایەتییان دەكاتو دەڵێت"لێتان تێدەگەم، زۆر بەرگەتان گرت و زۆر ئارامتان گرت. باوەڕم پێتان هەیە و داواتان لێدەكەم لە خۆپێشاندان بەردەوام بن، چونكە ئەگەر ئێوەم لەگەڵدا نەبێت، من تەنیا دەبم و ناتوانم هیچ بكەم".
محەممەد تۆفیق عەللاوی سیاسەتمەدارێكی عێراقییەو پێشتر پۆستی باڵای هەبووەو لە كابینەی دووەمی نوری مالیكیدا وەزیری گواستنەوەو گەیاندن بووەو ساڵی 2012 بەهۆی كێشەی لەگەڵ مالیكی دەستی لەكاركێشاوەتەوە.
عەللاوی لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا دەڵێت"كەمێك پێش ئێستا من هاوڵاتییەك بووم، بەڵام ئێستا فەرمانبەرێكم و سپاردەیەكی گەورە هەڵدەگرم. لە داواكارییەكانتان مەكشێنەوە. خۆپێشاندان بكەن، درووشم بڵێنەوە و گردببنەوە. ئەمە وڵاتتانە و مافی خۆتانە. ئەوەی لەسەر منە، ئەوەیە داواكارییەكانتان جێبەجێ بكەم و پێویستە بتانپارێزم، لەبری ئەوەی داتان پڵۆسێنم. دەبێت چەكی وڵات بە ڕووی ئەوانەدا بەرز بكرێتەوە كە چەك بە ڕووتاندا بەرز دەكەنەوە. پێداگربن لەسەر لێپێچینەوە لە بكوژەكان".
محەمەد تۆفیق عەللاوی بەڵێنی قەرەبووكردنەوەی خێزانی شەهیدانی خۆپیشاندانەكانو چارەسەركردنی برینداران دەداتو دەشڵێت"كاتی هەڵبژاردن دیاریدەكەین و یاسای حیزبەكان و "ئەمەت لە كوێ بوو" دادەنێین. ئابووری چاكدەكەین و بەرەنگاری گەندەڵی دەبینەوە و هەروەها حكومەتەكەم پێكدەهێنم".
"ئەگەر لایەنەكان هەوڵبدەن كاندیدەكانیان بەسەرمدا بسەپێنن، ئەوا دێم قسە لەگەڵ ئێوەدا دەكەم و واز لەم بەرپرسیارێتییە دەهێنم، هەر وەك چۆن ئێوە لە پێناو وڵاتدا وازتان لە خوێندن هێنا، منیش واز لە بەرپرسیارێتییەكەم دەهێنم و دەبمەوە بە هاووڵاتییەكی ئاسایی" محەمەد تۆفیق عەللاوی ڕووەو خۆپیشاندەران وادەڵێت.