پەرەگراف
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم داوا لە هاووڵاتییان دەكات گەشتەكانیان بۆ چین دوابخەن لە پێناو ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەوەش تا ئەوكاتەی ئاگادار دەكرێنەوە.
لە نووسراوێكدا كە بۆ فڕۆكەخانەكانی ناردووە وەزارەتی ناوخۆ ئاماژە بەوەشدەكات، هاتنەژوورەوە لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێم بۆ ئەو كەسە بیانییانەی كە لە 14-1-2020 ـەوە سەردانی چینیان كردووە قەدەغەیە.
بەپێی نووسراوەكە، ئەو هاووڵاتییانەی لە چینەوە دەگەڕێنەوە دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە و پێویستە تیمی پزیشكی لەسەرجەم دەروازە سنوورییەكانی هەرێم دابنرێن.
تائێستا هیچ حاڵەتێكی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لە عێراقو كوردستان تۆمار نەكراوەو ڕێوشوێن بۆ ڕێگریی لە ڤایرۆسەكە گیراوەتەبەر، سەرچاوەی ڤایرۆسەكەو مردنو زۆرترین تووشبووان لە وڵاتی چینە، حكومەتی عێراق ڤیزە بە چینییەكان ناداتو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەسرە لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، ڕێگە بە هیچ كەسێك نادەن لە چینەوە بچێتە بەسرە.
ڤایرۆسی كۆرۆنا جیهانی خستە باری نائاساییو بەخێرایی بڵاودەبێتەوە، ئەمڕۆش لە چەند وڵاتێك تۆماركردنی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە ڕاگەیەندرا لەوانە لە بەریتانیاو ڕوسیا.
تائێستا لانیكەم 213 كەسی لە چین كوشتووەو نزیكەی 10 هەزار كەس تووشبوون، ڤایرۆسەكە لە دەرەوەی چین كەسی نەكوشتووە؛ زیاتر لە 100 حاڵەت لە 22 وڵات تۆماركراوە.
ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیی باری لەناكاوی لە سەرتاسەری دونیا ڕاگەیاند بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ڕێكخراوەكە ترسی خۆی پیشاندەدات كە ڤایرۆسەكە بگاتە ئەو وڵاتانەی سیستمی تەندروستییان لاوازە.
"هۆكاری سەرەكی بۆ ئەم بارە لەناكاوە ئەوە نییە كە لە چین ڕوودەدات، بەڵكو ئەوەیە كە لە وڵاتانی دیكە ڕوودەدات" سەرۆكی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا وای وت.
دەربارەی ڤایرۆسی كۆرۆناو خۆپاراستن لێی
كۆرۆنا گرووپێكی فراوانی ڤایرۆسەكانە، ساڵی 1965 لە مرۆڤدا دەستنیشانكراوە. هۆكارەكانی تووشبوون جیاوازن، دەگوترێت لە ئاژەڵەوە تووشی مرۆڤ دەبێت، بەڵام لە نوێترین زانیارییەكان لەبارەی گواستنەوەی ڤایرۆسەكە بەتایبەت لە چین، دەركەوتووە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگوازرێتەوە.
نیشانەكانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاوشێوەی سەرمابوونن، كە پێكدێن لە سەرئێشە، ئاو لە لووت هاتن، كۆكە، تا، هەناسەتەنگی، ئازاری جەستە و لەرز، كە هەموو كات بەم شێوەیە سادە نییە، هەندێكجار هۆكاردەبێت بۆ هەوكردنی سییەكان و لوولەكانی هەوا، ڕەنگە تووشبووەكە بكوژێت.
ئەم ڤایرۆسە ساڵی 2002 لە چین بڵاوبوویەوەو لە مرۆڤدا دەستنیشانكرا، گوازرایەوە بۆ 25 وڵات، 8000 كەسی نەخۆش خست و زیاتر لە 700 كەسی كوشت، ڤایرۆسەكە جارێكی دیكە لە ساڵی 2012 سەری هەڵدایەو لە چەند وڵاتێك بڵاو بووەوەو نزیكەی 800 كەسی كوشت.
خۆپاراستن
پزیشكانی پسپۆڕ ڕێنمایی هاووڵاتیان دەكەن كە خۆیان بە دوور بگرن لە تەوقە كردن بەتایبەت لەگەڵ كەسانی توشبو بە ئەنفلۆنزاو دەبێت دوای تەوقەكردن دەست بشۆردرێتو نابێت دەست ببرێت بۆ چاو و لوتو دەم بەبێ دەست شتن، هاوكات بەردەوام بەرلە دەست بردن بۆ ئەو ئەندامانەو خواردنی خواردن، دەست بشۆردرێت.
هەروەها نە مانەوە لە شوێنی قەرەباڵخو داخراو، چونكە لەو شوێنانە ئەگەری توشبونو بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە هەیەو بەهۆی پژمینو كۆكەو هەناسەی كەسێكی توشبووەوە كەسانی دیكەش توش دەبن، پزیشكان ڕێنمایی ئەوەش دەدەن كە خەڵك ماسك بەكاربهێنێت.
ئەو كەسانەی نەخۆشیی كۆئەندامی هەناسەو ڕەبۆو نەخۆشییە درێژخایەنەكانیان هەیە زیاتر مەترسی توشبونی ڤایرۆسەكەو كاریگەریی خراپی ڤایرۆسەكەیان لەسەرە.
كەسانی توشبو دەبێت داببڕێن لە كۆمەڵگەو لە ژێر چاودێریی تیمی تەندروستیی تایبەتدا دەبن.
كوردستان ڕێوشوێنی ڕێگریی لە ڤایرۆسەكە دەگرێتەبەر
وەزیری تەندروستی هەرێم، بە نووسراوێك دامودەزگا تەندروستییەكانی لە سەرتاسەری هەرێم ئاگادار كردووەتەوەو تێیدا 6 خاڵ دیاریی كراوە كە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ ڕێگریی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.
ڕێوشوێنەكانی تەندروستیی هەرێم
1- پتەوكردنی چالاكی پەتاگەری نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسەی توند و كتوپڕ، بەتایبەتیش ئەو كەسانەی لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە لە هەر خاڵێكی هاتنە ژورەوەوە دێنە كوردستان.
2- جەختكردن لەسەر جێبەجێكردنی پلانی هۆبەی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسەی توندی كتوپڕ.
3- لە كاتی گومانی تووشبوون بەو نەخۆشییە پێویستە نموونەیەك یان زیاتر وەربگیرێت لە چەند كاتێكی جیاوازداو ڕەوانەی تاقیگەی تەندروستی گشتی بكرێن بۆ پشكنین.
4- دەستبەجێ ئاگاداركردنەوە لە هەبوونی هەر حاڵەتێك كە گومانی ئەو نەخۆشییەی لێبكرێت یان هەر حاڵەتێك بمرێت بە هۆی نەخۆشییەكی دەستنیشان نەكراوی سیییەكانەوە.
5- جەخت كردن لەسەر كوتانی پزیشك و كارمەندانی تەندرووستی و ئەو كەسانەی لە قاوشەكانی نەخۆشییە گوازراوەكان و منداڵان و هەناو كار دەكەن بە ڤاكسینی ئەنفلۆنزا.
6- جەختكردن لەسەر پۆشینی كەلوپەلی خۆپارێزی تەواوەتی لەلایەن پزیشك و كارمەندانی تەندرووستی لە كاتی هەبوونی گومانی كەسێك بەو نەخۆشییە.
پزیشكێكی كورد بانگەوازێكی بەپەلەی دەربارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوكردەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی:
هاوڵاتییانی خۆشەویست
جیهان و ناوچەكە و كوردستان لە بەردەم هەڕەشەیەكی تەندروستی گەورەدایە. ڤایرۆسی كۆرۆنا بە خێراییەكی ترسناك بڵاوبووەتەوە و زوو یا درەنگ بۆی هەیە بگاتە كوردستانی خۆشەویستیش.
وەكو پزیشكێك و چاودێرێكی تەندروستی خۆم بە پەرپرسیار ئەزانم لەوەی ئێوەی بەڕێز لەم هەڕەشەیە ئاگادار بكەمەوە. لێرەوە پێشنیازی هەفتەیەك بۆ تەندروستی ئەكەم كە لە سبەینێوە دەستپێبكا.
بۆ وەزارەتی تەندروستی، تكایە لەم هەفتەیە چیتر ڕوونكردنەوەی بەنجكەر و بێسوود بڵاومەكەنەوە و بەئەركی خۆتان هەڵسن لە پاراستنی خەڵكی كوردستان لەم هەڕەشە ترسناكە.
بۆ مامۆستا بەڕێزەكان. تكایە ئاگاتان لە قوتابی و خوێندكارەكانتان بێ. نەخۆشەكانیان بنێرنە ماڵەوە با پشوو بدەن و نەخۆشیەكە نەگوازنەوە. جێڵی تەعقیم لە دەرگای پۆلەكان دانێن و دەستی خۆتان و خوێندەكارەكانی پێپاكبنەكەوە.
بۆ دایك و باوكە میهرەبانەكان. دە ئەوەنەی جاران ئاگاتان لە جگەرگۆشەكانتان بێ. لە باتی زلەیەك كلینكسێكی نەرمیان بدەنێ. لە جیاتی قسەیەكی زبر ئامۆژگاریەكی هێمنیان پێ بڵێن. مناڵەكان ئاگاداركەنەوە كە پژمین یا كۆكین دەستەسڕ بەكاربێنن و دەستیان بشۆن.
بۆ مامۆستایانی ئاینی قەدرگران. تكایە خوتبەی ئەم هەینیە پیرۆزە تەرخان بكەن بۆ بڵاوكردنەوەی ئامۆژگاری تەندروستی بۆ خۆپاراستن لەم ڤایرۆسە مەترسیدارە. ئامۆژگاری موسڵمانان بكەن كە لە پاڵ دەستنویژەكانیان، دەستیان بشۆن. ئامۆژگاری ئەوانە بكەن كە نەخۆشن كە ئەجری بڵاونەكردنەوەی نەخۆشیەكە لە ئیتاعەتی نوێژی جەماعەت زیاترە.
بۆ پزیشك و كارمەندە خۆشەویستەكان. تكایە ئاگاتان لە خۆتان بێ. ئێوە سەرمایەیەكی گەورەن بۆ هەموومان و بێ ئێوە كوردستانەكەمان نەخۆش ئەكەوێ. تكایە دەستكێش و دەمامك بەكاربهێنن. تكایە خەڵك و هاولاتیان هۆشیاربكەنەوە. تكایە سەروی خۆتان ئاگاداربكەنەوە ئەگەر گومانی ڤایرۆسەكەتان لە نەخۆشەكانتان كرد.
بۆ رۆژنامەنووس و میدیاكارە چاونەترس و ئازاكانمان. تكایە ئەم هەفتەیە مانشێتی رۆژنامە و ریپۆرتاژ و بەرنامەكانتان بۆ بڵاوكردنەوەی زانیاری و هۆشیاری و ئامۆژگاری بۆ پاراستی گیانی هاونیشتیمانیان لەم مەترسیە تەرخان بكەن.
بۆ چالاكەوانانی مەدەنی و ژنانی ئازادیخواز. تكایە ئەم هەفتەیە دە ئەوەنەی جاران توندتر چاودێری حكومەت و دەسەڵات بكەن و لە هیچ كەمتەرخەمی و پشتگوێخستنێكی دەزگا فەرمیەكان خۆشمەبن. تكایە ئەم هەفتەیە كەمپینی جۆراوجۆر بكەن بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تەندروستی.
بۆ سیاسی و پەرلەمانتارەكان، تكایە بۆ هەفتەیەكیش بێ ناكۆكێكانتان وەلاوە نێن. تكایە بچنە ناو خەڵكەوە و لە خەم و ئازارە تەندروستیەكانیان بپرسنەوە.
لە هەموو ئەوانە گرنگتر بۆ نەخۆشە خۆشەویستەكان. تكایە ئاگاتان لە خۆتان بێ. خۆتان پشگوێمەخەن. سەردانی پزیشك بكەن. مەچنە دەرەوە. ماسك بەكاربهێنن. ئاو زۆر بخۆنەوە و نەخۆشیەكە بڵاومەكەنەوە.
با ئەم هەفتەیە بكەینە هەفتەیەك بۆ خۆشەویستی یەكتری. بۆ میهرەبانی بەرامبەر بە یەكتر. بۆ دەستخستنە ناو دەستی یەك بۆ شكستهێنان بەم هەڕەشە تەندروستیە گەورەیە.
بەهیوای تەندروستی بۆ گشت لایەك.
دكتۆر / گۆران عەبدوڵڵا