گیان لەدەستدانی مەجید ئیبراهیم؛ ڕێواز فایەق: ماڵپەڕی پەرلەمان بەكارھێندراوە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی
پەرەگراف
ناكۆكییەكانی پارتیو یەكێتی بەردەوامە لەبارەی كەیسی گیان لەدەستدانی هاووڵاتییەك لەناو ئاسایشی هەولێر، ئەنجامی بەدواداچوونی لیژنەی پەرلەمان لەوبارەیەوە لە ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمان بڵاوكرایەوە، بەڵام سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونو سەرۆكی پەرلەمان كە هەردوكیان یەكێتین ڕاپۆرتەكە ڕەتدەكەنەوە، سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت: ماڵپەڕی پەرلەمان بەكارھێندراوە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی.
بەڵام هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان(پارتی) لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاگاداریی خۆی لە بڵاوكردنەوەی بابەتەكە لە ماڵپەڕی پەرلەمان دەخاتە ڕوو و پشتیوانیی بڵاوكردنەوەی دەكاتو دەڵێت "ئەو نوسینەی لیژنە لاوەكیەكان، خستنە ڕووی هێڵە گشتیەكانی بەرئەنجامی كاری لیژنەكەیان بووەو هیچ پێچەوانەی عورفی كاری لیژنەكان نەبووە".
دۆسیەی مەجید ئیبراهیم كە 16ی ئەم مانگە لەناو ئاسایشی هەولێر گیانی لە دەستدا مشتومڕی جیاوازی لێكەوتووەتەوە، ئاسایشی هەولێر ئەوكات ڕایگەیاند، ئەو هاووڵاتییە لە زیندانی ئاسایش "خۆی خنكاندووە"و تۆمەتی "بازرگانیكردنی بە ماددەی هۆشبەر"ی دایە پاڵی كە بەوهۆیەوە دەستگیر كراوە، بەڵام كەسوكارەكەیو بەرپرسانی یەكێتی باوەڕیان بەوە نییە مەجید ئیبراهیم كە پێشمەرگەیەكی یەكێتی بووە، خۆی خنكاندبێت، هەربۆیە تەرمەكەییان بردە پزیشكی دادوەریی سلێمانی بۆ دڵنیایی زیاتر.
لەگەڵ تێپەڕبوونی دوو هەفتە بەسەر ئەو ڕووداوەدا، هێشتا گومانو دوودڵییەكانی كەسوكاری مەجیدو بەرپرسانی یەكێتی نەڕەویونەتەوە، ئەمڕۆ دۆسیەكە بووەوە بە پرسی گەرمی ڕۆژ، ئەوەش دوای ئەوەی ماڵپەڕی پەرلەمان ڕاگەیەندراوێكی بەناوی (ئەنجامی لێژنەی بەدواداچوونی پەرلەمان بۆ كەیسی گیان لەدەستدانی هاووڵاتی مەجید برایم) بڵاوكردەوە.
لە ڕاپۆرتەكەدا ئەوە خراوەتە ڕوو، كە ڕاگەیەندراوەكە وردەكارییو ئەنجامی بەدواداچوونەكەیانە كە پشتیوانیی لە زانیارییەكانی ئاسایشی هەولێر دەكات لەبارەی ڕووداوەكەوەو دەڵێت "لیژنەكە بەدواداچوونی پێویستی كردووە لەسەر كەیسەكە، چاوەڕێی كۆتایی ئەنجامەكانی دادگا و لایەنی پەیوەندیدار دەبین و وەك لیژنەی بەدواداچوونی پەرلەمانی، پشتگیری لە بەیاننامەی ئاسایشی گشتی دەكەین و هیچ خاڵێكی وا تێبینی نەكراوە كە پێچەوانەی ڕاگەیێندراوی ئاسایش بێت، بۆیە سەرەڕای ئەمە لیژنە چاودێری كەیسەكە دەكات، بۆ ئەوەی ڕاپۆرتی كۆتایی بەشێوەیەكی یاسایی لە ڕێگەی دام و دەزگای پەیوەندیدار (دادگا، پزیشكی داد) یەوە بۆ هاووڵاتیان و ڕای گشتی بخرێتەڕوو".
ڕاپۆرتی لیژنەكە ئەوەی تێدا هاتووە كە سەردانی ئاسایشی گشتیو بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانو شوێنی گیانلەدەستدانی مەجید ئیبراهیمو لیژنەی پزیشكی دادی لە هەولێرو ماڵی مەجید ئیبراهیم كراوەو گوتەی كەسوكاری وەرگیراوە.
سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونەكە عوسمان سێدەری پەرلەمانتاری یەكێتییەو هەر زوو ڕاپۆرتە بڵاوكراوەكەی ڕەتكردەوەو بێ ئاگایی خۆی لە بڵاوكردنەوەی ڕاگەیاندو دەڵێت"ئەندامە پارتییەكانی ناو لیژنەكە بڵاویان كردووەتەوە"، هەروەها ئاماژە بەوە دەكات، ئەوان لەگەڵ ئەو ڕاگەیەندراوەدا نینو سەرقاڵی بەدواداچوونەكەیانن لە بارەی ئەو دۆسیەیەوە.
ڕاپۆرتە بڵاوكراوەكە لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانیشەوە ڕەتكرایەوە، ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانو ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "دوای ئەوەی ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێك بەناوی لیژنەی پەرلەمانیی بەدواداچوونی دۆسیەی(مجید ئیبراهیم) بڵاوكرایەوە، لێرەوە ڕایدەگەینین كە هیچ ڕاپۆرتێكی واژۆكراو و فەرمی لیژنەی ڕاسپێردراو ئاڕاستەی ئێمە نەكراوە؛ و وا بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیژنە كۆبوونەوەی خۆی بۆ ئاڕاستەكردنی ڕاپۆرتی كۆتایی بكات".
لەبارەی بڵاوكردنەوەی ڕاگەیەندراوەكە لە ماڵپەڕی پەرلەمان، سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت "ماڵپەڕی پەرلەمان بەكارهێندراوە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی بەو پێیەی كە هێشتا لێكۆڵینەوەكان بۆ كەیسی ناوبراو بەردەوامن و ئیشی لیژنەی پەرلەمان نیە قسەی یەكلاكەرەوە لەو بارەیەوە بكات".
ڕێواز فایەق دەشڵێت "بۆیە جارێكی تر ڕێگە نادەین ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمانی كوردستان، كە بەتەنها گوزارشتە لە بۆچونی فەرمی پەرلەمان و هەواڵی كاروچالاكی لیژنەكانی پەرلەمانی تێدا بڵاو دەكرێتەوە، بۆ هیچ مەبەستێكی تر بەكار بهێندرێت و بەووردی چاودێری و ئاڕاستەی دەكەین بۆ كاری پەرلەمانیی".
ئەو ناكۆكییانە لە كاتێكدان، تا ئێستا ڕاگەیەندراوی لیژنەكە لە ماڵپەڕی پەرلەماندا ماوەو نەسڕدراوەتەوە، هاوكات ڕەتكردنەوەكەی سەرۆكی پەرلەمان لە ماڵپەڕی پەرلەمان بڵاونەكراوەتەوەو ڕێواز فایەق لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك بڵاوی كردووەتەوە.
هێمن هەورامی وەڵام دەداتەوە
دوابەدوای ڕوونكردنەوەی ڕێواز فایەق، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە تێیدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، ئەركی سەرپەرشتیكردن و بەدواداچوونی لیژنە هەمیشەییەكان دەسەڵاتی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەو هەردوو لیژنەی پێشمەرگەو كاروباری كۆمەڵایەتی لەسەر ڕاسپاردەی ئەو لیژنەی لاوەكییان بۆ دۆسیەكە پێكهێناوە.
هێمن هەورامی باسلەوە دەكات، ئەمڕۆ هەردوو لیژنەی لاوەكیی پەیوەست بەو دۆسیەیە كۆبوونەوەیان هەبووە بۆ ئامادەكردنی دوا ڕاپۆرتی كارەكانیان كە بڕیارە هەفتەی ئایندە تەواو ببێت، "لە ناوخۆشیاندا لە كۆبوونەوەكە باسیان كردوە كە پوختەیەك وەك هەواڵ لەسەر بەرئەنجامی سەردانەكەیان و بەدواداچوون بۆ كەیسەكە لە ئاسایشی گشتی لە هەولێر دەدەنە ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمانی كوردستان و ئێمەش لاریمان نەبووە".
جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەشڵێت"تیكڕای لیژنە هەمیشەییەكان و لیژنە لاوەكیەكانیش، لە ڕووی كۆبوونەوەو كارو چالاكییانەوە دەسەڵاتی لیژنەكانە ڕاپۆرتی چالاكی و تەنانەت ڕاگەیەنراوی لیژنەكەشیان لە ماڵپەڕی پەرلەمان بڵاو بكەنەوە".
هێمن هەورامی ئەوەش دەخاتە ڕوو، كە پەرلەمانی كوردستان لیژنەی تایبەتی لێكۆڵینەوەی دروست نەكردوە، "چونكە ئەم بابەتە بە پیی پەیرەوی ناوخۆ ماددەی ٤٣ بڕگەی یەكەم دەبێت لەسەر داوای ١/٤ ی ئەندامان یان سەرۆكی پەرلەمان بێت و بە ڕەزامەندی و دەنگدانی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان دروست بكرێت".
جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەشڵێت "ئەو نوسینەی لیژنە لاوەكیەكان، خستنە ڕووی هێڵە گشتیەكانی بەرئەنجامی كاری لیژنەكەیان بووەو هیچ پێچەوانەی عورفی كاری لیژنەكان نەبووە. دەمەوێ ئەوەش ڕوونبكەمەوە، بە داخەوە هەر لە سەرەتاوە لێدوانی جیاجیا لەسەر ئەم دۆسیەیە و تۆمەتباركردنی ئاسایشی گشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوشتنی مەجید ئیبراهیم، و هەوڵەكانی بەلاڕێدابردنی دۆسیەكە و بە حیزبی كردن و بە سیاسیكردنی، سەرەتایەكی خراپی كاری بە دواداچوون بوو بۆ گەیشتنە ڕاستیەكان".