لە خانەكانی بێسەرپەرشتان "دەستدرێژی و گێچەڵی سێكسی" هەبووە

وەزیری كار: هەندێك لەو كچانەی لە خانەكان دەركروان بازرگانییان پێوە كراوە
27-04-2021 02:03

پەرەگراف

وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەڵێت "هەندێك لەو كچانە"ی كە لە خانەكانی بێسەرپەرشتان بەهۆی تەواوكردنی تەمەنی دیاركراو لە خانەكان كراونەتە دەرەوە "بازرگانییان پێوە كراوە". هەروەها باس لە بوونی حاڵەتی "دەستدرێژی و گێچەڵی سێكسی" لەناو خانەكان دەكات.

كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، بەشداریی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستانی كرد بۆ گفتوگۆ دەربارەی كێشەكانی (منداڵان و هاووڵاتیانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و خانەوادەكانیان)، لە كۆبوونەوەكەدا ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە بارودۆخی ئەو دوو توێژە پێشكەش كرد.

وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی هەرێم سەبارەت بە دۆخی خانەكانی منداڵانی بێسەرپەرشت ئاماژەی بەوە كرد كە بەر لە دەستبەكاربوونی ئەو "خانەكان تێكەڵی و پێكەڵییەكی خراپی تێدا بوو، منداڵەكان لەسەر ئاستی تەمەن جیا نەكرابوونەوە".

كوێستان محەمەد وتی "پێم گەیشتبوو كە هەندێك منداڵ لەلایەن گەورەكانەوە دەستدرێژی و گێچەڵی سێكسییان پێ‌ دەكرێت"، هەر بۆیە خانەكانیان بەپێی تەمەن جیاكردووەتەوە.

سەبارەت بە دەركردنی ئەو منداڵە بێسەرپەرشتانەی كە 18 ساڵ تەواو دەكەن، وەزیری كار وتی "ئێستا ئێمە ئیزنیان نادەین. پێشتر هەندێك لەو كچانەی كە لە خانەكان كراونەتە دەرەوە، بازرگانییان پێوە كراوە".

هەروەها باسی لەوە كرد كە خانەیەكی دیكەیان بە ناوی (خانەی بابان)مان دروست كردووە بۆ ئەو منداڵانەی كە "پەرتەوازەن، ئەو منداڵانەە كە لە تەمەنێكی گەورەدان، یان لەسەر شەقام بوون یان دایك و باوكیان جیابوونەوەتەوە و هێنراون بۆ خانەكان".

وەكوو وەزیری كار باسی لێوە كرد، بوونی ئەو منداڵانە پێشتر كێشەی بۆ منداڵەكانی ناو خانەكان دروست كردبوو، "تەنانەت لە یەكێك لە خانەكاندا سێ‌ منداڵیان هێنابوو كە دایك و باوكیان جیا بووبوونەوە، شەوێك یەكێك لەو منداڵانە كە تەمەنی 17 ساڵە، خەریك بوو دەستدرێژی بكاتە سەر یەكێك لە منداڵە بچووكەكان، پێی زانرابوو".

سەبارەت بە ژمارەی مووچەخۆرانی خاوەن پێداویستیی تایبەتیش، كوێستان محەمەد وتی "88 هەزار و 122 كەس پارەی كەمئەندامی وەردەگرن، 12 هەزار و 179 كەسیان كە مووچەیەكی دیكەیان هەیە، 100 هەزار وەردەگرن، 75 هەزار و 943 كەسیان هیچ مووچەیكی دیكەیان نییە".

"بەپێی یاسای چاكسازی دەستمان كردووە بە پێداچوونەوەی دۆسیەی كەمئەندامان. كەمئەندام هەیە تەنیا پەنجەیەكی قاچی نییە، لەسەدا 70یان بۆ نووسیوە و مووچەی هەیە، تێیدایە قاچی لە سەروو ئەژنۆیەوە قرتاوە، لەسەدا 50یان بۆ داناوە و مووچەی نییە. ژمارەیەكی زۆریان مووچەی دیكەیان هەیە و 150 هەزاریشیان وەرگرتووە"، كوێستان محەمەد وای وت.

وەكوو وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی باسی كرد، یەكێك لەو شتانەی كە "گەندەڵیی زۆری تێدا كراوە"، مۆڵەتی بەخێوكەر بووە، بەڵام ئێستا لیژنەیەكی باڵایان دروست كردووە و هەر خێزانێك داوای مۆڵەت بكات، دەبێت منداڵەكەی ببینرێت.

وەزیری كار چەند نموونەیەكی لەو گەندەڵییانە هێنایەوە و وتی"كارمەندێكی خۆمان ڕاپۆرتی پزیشكیی بۆ كرابوو كە منداڵەكەی بیركۆڵی تەواوە و چوار ساڵیش بوو مۆڵەتی بەخێوكەری بۆ كرابوو، دواتر ڕاپۆرتمان بۆ هات كە منداڵەكەی لە یەكێك لە خوێندنگا نموونەییەكانی سلێمانییە و هەموو ساڵێكیش لە ڕیزی یەكەمەكاندایە".

"لە هەولێر مۆڵەتی بەخێكەر بۆ كەسێك كراوە بە حیساب منداڵەكەی لەسەدا 100 ئۆتیزمی هەیە، بەڵام منداڵەكە كە هاتووە بە سێ‌ زمان قسەی كردووە و لە خوێندنگەیەكی نێودەوڵەتی دەخوێنێت. فەرمانبەرێكی خۆمان مۆڵەتی بەخێوكەری وەرگرتووە لەبەر ئەوەی منداڵەكەی نابینایە، بەڵام هەردوو چاوی شەش لەسەر شەش بووە"، وەزیری كار وای وت.