گۆڕان ڕەخنەكانی لەبارەی كاركردنی شەش مانگی حكومەت دەخاتە بەردەم پارتی

30-01-2020 06:42
سەردانی مەسرور بارزانی بۆ لای بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی لەكاتی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ.


پەرەگراف

بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری دا ئەو تێبینی و ڕەخنانەی لە بارەی كاركردنی ماوەی شەش مانگی حكومەت هەیانە، لە كۆبونەوەیەكی فەرمیدا لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بخرێنەڕوو.

ئەو بڕیارە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەكەدا دراوە كە تێیدا 6 مانگی ڕابردووی كاركردنی حكومەتی هەرێم تاوتوێ كراوە، هەروەها بڕیاری ئەوەش دراوە كە هەنگاوە كردارییەكانی جێبەجێكردنی چاكسازیی گشتگیر، لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی دەستنیشان بكرێت.

گۆڕان ڕەخنەو تێبینیی لەسەر وەرنەگرتنی سەرجەم پشكەكانی لە حكومەت‌و پڕۆسەی چاكسازیی هەیە.

دەقی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەی گۆڕان

رۆژی پێنجشەمە، ٣٠ی ١ی ٢٠٢٠، كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر دوو تەوەر بەڕێوەچو:

یەكەم: دۆخی رێكخراوەیی

دوەم: هەڵسەنگاندنی كارەكانی كابینەی نۆیەم

پەیوەست بە پرسی خۆرێكخستنەوەی گۆڕان، راپۆرت و راسپاردەكانی ژورەكانی پەیجوری و هەڵبژاردن بۆ رێكخستنەوەی ئۆرگانەكان و تۆماری دەنگدەران و ئامادەكاریەكان بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی خوێندرایەوە و، بڕیاردرا هەنگاوەكان خێرا بكرێن.

هاوكاتیش متمانە درا بە هەریەك لە بەڕێزان دڵخواز كاكەڕەش وەك رێكخەری ژوری كارگێڕی و دارایی، بەختیار عومەر رێكخەی ژوری پەیوەندی سیاسیی، كاردۆ محەمەد رێكخەری ژوری پەرلەمان و ستەم كامیل رێكخەری ژوری توێژینەوەی سیاسیی.

لەبارەی تەوەری هەڵسەنگاندنی ئەدائی كارەكانی شەش مانگی رابردوی حكومەتی هەرێم، كۆبونەوە گفتوگۆی بەشداری بزوتنەوەی گۆڕانی لە كابینەی وەزاری كرد.

لەو چوارچێوەیەدا، راپۆرتی بەراوردكاری دەربارەی ئاست و رادەی جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كورستان و بزوتنەوەی گۆڕان خرایەروو.

بڕیار درا ئەو تێنینی و رەخنانەی لەبارەی كاركردنی ماوەی شەش مانگی رابردوی حكومەت ھەیە، لە راپۆرتێك و لە كۆبونەوەیەكی فەرمیدا لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بخرێتەرو و هەنگاوە كرداریەكانی جێبەجێكردنی چاكسازی گشتگیر دەستنیشان بكرێت. 

ژوری رۆژنامەوانی ٣٠ی ١ی ٢٠٢٠