پەرەگراف
ئەو سەرۆكی پارتێكی نەتەوەپەرستە، لەحكومەتدا نییە و حزبەكەی لە هەڵبژاردنەكانی 2018 تەنها 11%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، بەڵام كاریگەرییەكی زۆر گەورەی لە بڕیارداندا هەیە، بەتایبەت لە سیاسەتەكانی دەرەوەی توركیاو ڕوبەڕوبوونەوەی مافەكانی كوردو پارتە كوردییەكان.
كەمبونەوەی لایەنگران و هەژمونی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، بەهۆی ئەو قەیرانە ئابورییە گەورەیەی ڕوبەڕوی وڵاتەكە بۆتەوە، وا دەكات لە هەر كاتێك زیاتر پێویستی بە پشتگیری و پشتوانی دەوڵەت باخچەلی و حیزبەكەی هەبێت تاوەكو بردنەوە مسۆگەر بكات بۆ ویلایەتی سێهەمی حوكمڕانییەكەی.
پیاوە ناڕوونەكەی گەل
باخچەلی تەمەنی 73 ساڵەو حەزێكی زۆری بە دەركەوتن هەیە، وەك "پیاوی گەل" خۆی پیشاندەدات، هەرچەندە لە ساڵی 1997وە سەرۆكی پارتی نەتەوە پەرستی توركیا(مەهەپە) یە، بەڵام تائێستا بۆ زۆر كەس كەسایەتییەكی شاراوە و ناڕوونی هەیە.
ماوەیەكە ئەردۆغان ڕوبەڕوی ڕەخنەیەكی زۆر بووەتەوە، ڕەخنەگران پێیانوایە زۆرتر ڕووی كردۆتەوە پارتەكانی بەرەی ڕاست و خەریكە تەسلیمیان دەبێت، لەنێویاندا مەهەپە، كە زۆر كەس هەنگاوەكانیان بە ئیستفزازیی دەبینێت، لەكاتێكدا ئەوان جەماوەرێكی زۆریان نییە.
ئیدریس شاهین كە لە ڕابروودا سەركردەیەكی دیاری پارتی داد و گەشەپێدان بووە و ئێستا جێگری پارتی "دیڤا"ی ئۆپۆزسیۆنە دەڵێت "لە ساڵی 2016وە دیدگاكانی باخچەلی، ڕێڕەوی سیاسەتەكانی پارتی داد و گەشەپێدان دیاریدەكات".
هەرچەندە پارتی نەتەوەپەرستی توركیا هیچ پۆستێكی وەزارییان نییە، بەڵام سلێمان سۆیڵۆ وەزیری ناوخۆی توركیا هێندە نزیكە لە مەهەپە بە پەنجەرەی ئەو حیزبە ناودەبرێت.
ساڵی ڕابردوو بەهۆی ئەو ڕەخنانەی ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ كرا بەهۆی ڕێكارەكانی ڕوبەڕوبونەوەی كۆرۆنا، سۆیلۆ ویستی دەستلەكار بكێشێتەوە، بەڵام دەوڵەت باخچەلی و حیزبەكەی بەپەلە پشتیوانی خۆیان بۆ ڕاگەیاند، بەوەش ئەردۆغان دەستلەكاركێشانەوەكەی ڕەتكردەوەو وەزیری ناوخۆ بە بەهێزتر لە پێشوتر گەڕایەوە.
مانگی ئازاری ڕابردووش كاریگەری دەوڵەتی باخچەلی زیاتر دەركەوت، كاتێك داواكاری گشتی توركیا داوای لە دادگای دەستوری توركیا كرد پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) دابخات، ئەویش هەڵمەتێكی فراوانی ئەنجامدا بۆ قەدەغەكردنی ئەو پارتە كوردییە.
لەكاتی ئەنجامدانی كۆنگرەی حیزبەكەدا، ڕێكارە یاساییەكان بۆ داخستنی هەدەپە دەستی پێكرد، ئەم هەنگاوە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن وەك دیارییەك سەیریانكرد لە ئەردۆغانەوە بۆ هاوبەشە نەتەوەپەرستەكەی.
بوراك بیلگیهان ئۆزبك، توێژەری سیاسی ئاماژە بەوەدەكات، مەهەپە وەك ئەنجومەنێكی نوێی ئاسایشی گەل كاردەكات، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو ئەنجومەنە جێبەجێكارەی توركیا كە لەڕابردوودا بڕیارە ئەمنی و بەرگرییەكانی لەدەستدابووە، جەختی لەوەشكردووەتەوە پارتە نەتەوەپەرستەكە، چوارچێوەی سیاسەتی ئاسایشی نیشتیمانی دیاری دەكات، خودی باخچەلی بڕیاردەدات كێ دەخرێتە لیستی تیرۆرەوە.
ناكۆكی دۆستانە
ئاكەپە كە لە پاشخانێكی ئیسلامیی محافزكار دروستبووە و مەهەپە كە حزبێكی ڕاستڕەوە، زۆر خاڵی جیاوازیان هەیە، هەندێك بابەت هەیە باخچەلی ناتوانێت بڕیاریان لەسەر بدات، بەنمونە؛ ئەو ویستی دووبارە بەشی نەتەوەپەرستی لە قوتابخانەكاندا دابنێتەوە كە ئەردۆغان ساڵی 2013 لایبردبوو، بەڵام هەوڵەكانی هیچ ئەنجامێكی نەبوو.
"هاوپەیمانی گەل" ناوی نافەرمی ئەو هاوپەیمانییەیە كە لەنێوان هەردوو پارتەكەدا دروستكراوە بۆ پشتیوانیكردنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وەك سەرۆك، هەرچەندە پێشتر مەهەپە دژی مانەوەی سەرۆك بوون.
ئاراك ئیسین توێژەرەی سیاسی دەڵێت، پشتیوانی مەهەپە بۆ سەرۆكی توركیا وایكردووە بەشێكی زۆری لایەنگرانیان پۆست و كاری فەرمییان پێبدرێت.
لەبەرامبەردا دیپلۆماتكارانی ڕۆژئاوا پرسیاری ئەوە دەكەن، ئایا باخچەلی بەڕاستی هاوپەیمانێكی گونجاوی ئەردۆغانە یاخود بووەتەبار بەسەرییەوە، چونكە پێشتر هاوپەیمانانی ئاكەپە لە -لیبراڵ و پارتە نزیكەكان لە ڕۆژئاوا- پێكهاتبوون، بەڵام ئێستا تەنیا نەتەوەپەرست و توندڕەوەكانی لەگەڵدا ماوە.
ئیسین پێیوایە قسەی كۆتایی لێرەدا دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆكی توركیا و دەڵێت "پێشبینی ناكەم كۆمەڵێك ڕێوشوێن بگرێتەبەر كە خۆی نایەوێت"، بیلگیهان ئۆزبك هەمان ڕای هەیە و پێیوایە، دەوڵەت باخچەلی ناتوانێت ئەو ڕۆڵەی هەبێت ئەگەر ئەردۆغان خۆی ڕێگەی نەدات، "مەهەپە دەتوانێت ببێتە ئەنجومەنی ئاسایشی گەل، چونكە ئەردۆغان خۆی سودی لێوەردەگرێت".
باخچەلی بەرهەڵستكارێكی سەرسەختی كوردە
دەوڵەت باخچەلی یەكێكە لە بەرهەڵستكارە سەرسەختەكانی كورد بەتایبەت لە باكوری كوردستان، بەردەوام هەوڵی قەدەغەكردنی چالاكیی پارتە كوردییەكانی توركیا دەدات.
لەماوەی ڕابردوودا كە هەوڵی قەدەغەكردنی هەدەپەی دەدا دەیگوت "ئێمە ئەندامانی پەكەكەمان لە پەرلەمانی توركیا ناوێت"، هاوكات لە چەند لێدوانێكی دیكەیدا داوای "یەكلاكردنەوەی دۆخی شنگال و سوتاندنی مەخمور و بەرزكردنەوەی ئاڵای توركیا لە قەندیل" كردووە.
سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا ساڵی 2016 كاتێك گوێی لە چەند لێدوانێكی مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەو كاتەی هەرێمی كوردستان دەبێت لەبارەی سەربەخۆییەوە، پەیامێك ئاڕاستەی ئەحمەد داود ئۆغڵۆ سەرۆكوەزیرانی ئەو كاتەی توركیا دەكات و ڕەخنە لە بێدەنگبونی دەگرێت لەبارەی ئەو لێدوانانە و دەڵێت "ئەگەر داود ئۆغڵۆ پشتگیری سەرۆكی هەرێم بكات بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، ئەو پۆستەكەی لەدەست دەدات".