كۆرۆنا تەنگ بە هیندستان هەڵدەچنێت

گڕی سوتاندنی لاشەكان ئاسمانی كردۆتە چراخان، بۆن‌و سوتوو هەموو شەقامەكانی گرتووە
26-04-2021 03:35

پەرەگراف- هەكار مەحمود

ئەوانەی ئێستا لە هیندستان كاریان زۆرە و بەردەوام سەرقاڵن، ئەو كەسانەن كە كاری سوتاندنی تەرم دەكەن، ئەوەش دوای ئەوەی وڵاتەكە نوقمی شەپۆلێكی نوێی كۆرۆنابووە، لەو وڵاتە قەرەباڵغەدا ڤایرۆسەكە بەڕادەیەك بڵاوبووەتەوە، ئامارەكانی توشبوون و مردن ژمارە پێوانەییەكانی تێپەڕاندووە.

ماوەی پێنج ڕۆژە هیندستان لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین ژمارەی توشبوون تۆمار دەكات، بەجۆرێك ڕۆژی دوو شەممە زیاتر لە 350 هەزار حاڵەتی توشبوون تۆماركراوە، بەوەش پێش ئەمریكا كەوت كە ماوەیەك پێش ئێستا زیاتر لە 270 هەزار حاڵەتی توشبوونی لە ڕۆژێكدا تۆماركرد.

بەو هەڵكشانە ژمارەی توشبووان لە شارەكانی هیندستان 17 ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە، لەدوای ئەمریكاوە بووە بە دووەم وڵات كە زۆرترین توشبووی كۆرۆنای هەیە.

ئەوەی دۆخەكەی خراپتر كردووە مردنی ژمارەیەكی زۆری خەڵكە، بەجۆرێك لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە دوو هەزار و 800 كەس گیانیان لەدەستداوە و كۆی ژمارەی مردووان 195 هەزار كەسی تێپەڕاندووە.

دۆخەكە بەڕادەیەك خراپە هەر چوار خولەكێك كەسێك لە دەلهیی پایتەخت بە كۆرۆنا گیان لەدەست دەدات، نەخۆش لەكاتی ڕیزبەستن بۆ بینینی پزیشكی پسپۆڕ دەكەوێت بەلادا و دەمرێت، لەسەر شەقام و ڕێگا گشتییەكان تەرمی قوربانییان دەبینرێن.

كێشە گەورەكە كەمیی ئۆكسجینە

نەخۆشخانەكانی ئەو وڵاتە داوای بەهانەوەچونی بەپەلە و گەیاندنی ئۆكسجین دەكەن، چونكە بەشێكی زۆری ئەوانەی دەمرن، بەهۆی كەمیی ئۆكسجینەوەیە بەتایبەت لە دەلهی.

حكومەت فڕۆكە سەبازییەكان و شەمەندەفەرەكانی تەرخان كردووە تا ئۆكسجین لە شوێنە دوورەكانەوە بۆ پایتەخت بگوێزنەوە، پسپۆڕانی تەندروستی هیندستان ئاماژە بەوە دەكەن، لە وەرزی زستاندا ژمارەی توشبووان لە ڕۆژێكدا بۆ كەمتر لە 10 هەزار حاڵەت كەمبووەوە، لەو كاتەشدا حكومەت ڕێكارەكانی كەمكردنەوە و ڕێگەی بە كۆبونەوەو گردبونەوەی هاوڵاتییاندا، ئەوەش هۆكاربوو بۆ دووبارە هەڵكشانەوەی ئامارەكان.

كێشەكە لە هیندستان قوڵترە

ئەوەی وایكردووە كێشەی قوربانییانی كۆرۆنا لە هیندستان قوڵتر بێت، گرفتی نەبونی گۆڕ و سوتاندنی تەرمی مردووەكانە، بەجۆرێك گڕی سوتاندنی تەرمی مردووەكان لە شەودا، ئاسمانی دەلهیی بەتەواوی ڕووناك دەكاتەوە، دوكەڵ و بۆنی جەستەی سوتاو دەگاتە هەموو شوێنێك.

لە شاری بوباڵ ئەو شوێنانەی تەرمی لێدەسوتێنرێت ڕایانگەیاندووە كە توانای وەرگرتنی تەرمیان نەماوە، چونكە هەر شوێنێك لە ڕۆژێكدا زیاتر لە 50 لاشەی بۆ دەچێت، بۆیە دەبێت هاوڵاتیان چەندین كاتژمێر چاوەڕێ بن تا نۆرەیان دێت تەرمی ئازیزانیان بسوتێنن، بەهۆی زۆری ژمارەكەشەوە هندۆسەكان بەشێكی زۆری مەراسیمە ئاینییەكانی تایبەت بە مردن ئەنجام نادەن.

شوێنێكی دیكەی سوتاندنی تەرم لە شاری بوباڵ ڕۆژی شەممە 110 تەرمی سوتاندووە، بەرپرسی شوێنەكە ڕایگەیاند "ڤایرۆسەكە وەكو دێوەزمە دانیشتوانی شارەكە قووتدەدات"، لەبارەی سوتاندنی تەرمەكانیشەوە دەڵێت "هەر تەرمێك دەگاتە لامان خێرا دەیسوتێنین، وەك ئەوەی لە جەنگدا بین".

قەبر هەڵكەنێكیش لە گۆڕستانی مسوڵمانەكان لە دەلهیی باس لەوەدەكات زیاتر لە هەزار گۆڕی هەڵكەندووە لەكاتی بڵاوبونەوەی پەتاكەوە، ئێستا بەراورد بەشەپۆلەكەی ساڵی پار ژمارەیەكی زۆر دەمرن و دەبێت گۆڕیان بۆ هەڵكەنێت، ترسی ئەوەش هەیە بەم زووانە شوێن نەمێنێت.

ژمارە ڕاستەقینەكان زیاترن

پسپۆڕان دەڵێن حاڵەتەكانی توشبوون و مردن زۆر لەوە زیاترن كە ڕادەگەیەندرێن، چونكە لەئامارەكاندا حاڵەتە گوماناوییەكان ئەژمار ناكرێن، هاوكات لەو كەسانەی دەمرن ئەوانە ئەژمار ناكرێن كە ڤایرۆسەكە توشی نەخۆشیی دیكەیان دەكات.

بەرپرسی یەكێك لە شوێنەكانی سوتاندنی تەرم لە بوباڵ ئاشكرای كردووە، ئەو ڕۆژەی كە ئەو 110 تەرمی سوتاندووە، ژمارەی مردن لە شارەكەی ئەوان بەپێی ئامارەكانی حكومەت 10 كەس بووە.

كۆرۆنای هیندی دەگاتە ئەوروپا

ماوەیەك پێش ئێستا بەرپرسانی تەندروستی هیندستان دەركەوتنی جۆرێكی نوێ كۆرۆنایان ڕاگەیاند كە بە كۆرۆنای هیندی ناسراوە و لە بڵاوبونەوەدا لە جۆرەكانی دیكە خێراترە.

ژمارەی توشبووان بەو جۆرە هیندییە لە ناوخۆی وڵاتەكە لە هەڵكشاندایە، بەڵام هۆكاری زیادبونی ئامارەكانی توشبوون و مردن ئەو جۆرە نوێیە نییە، بەڵكو زۆرینەیان توشی جۆرەكانی دیكە بوون‌و تائێستا بەتەواوی كاریگەرییەكانی جۆرە نوێیەكە نازانرێت.

چەند ڕۆژێك بەر لەئێستاش حاڵەتێك لە سویسرا و 20 حاڵەتی توشبوون لە بەلجیكا لە جۆری هیندی ڕاگەیەندرا، بەو هۆیەشەوە بەشێكی زۆری وڵاتان گەشتەكانیان لەگەڵ هیند ڕاگرتووە.