بەرهەم ساڵح 3 ڕۆژ مۆڵەت دەدات بە فراكسیۆنەكان

29-01-2020 06:40


پەرەگراف

بەرهەم ساڵح 3 ڕۆژ مۆڵەت دەدات بە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق تا ڕێكبكەون لەسەر كەسێك وەك كاندید بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێ، بە پێچەوانەوە ئەگەر لەو ماوەیەدا نەگەنە ڕێككەوتن، سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی خۆی بەكاردەهێنێت‌و كاندیدێك بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەستنیشان دەكات.

سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ نامەیەكی ئاڕاستەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق كردو تێیدا شەممەی داهاتوو(1-2-2020)ی وەك دوا مۆڵەت دیاریی كردووە بۆ فراكسیۆنەكان‌و ئەوەی خستووەتە ڕوو، ئەركی نیشتمانیی‌و دەستووریی لەسەر شانی سەرۆك كۆمارە بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانەو ئەگەر فراكسیۆنەكان نەیانتوانی ئەو پرسە یەكلایی بكەنەوە، ئەوا لە دەسەڵاتی ئەودایە كە كەسێكی شیاو بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بكات كە پەسەند كراوی پەرلەمان‌و گەل بێت.

دیاریكردنی دوا مۆڵەت بۆ دەستنیشان كردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە، لە كاتێكدایە خۆپیشاندانەكانی عێراق بەردەوامن‌و دەستبكاربوونی كابینەی نوێی حكومەت بە سەرۆكایەتیی كەسێكی نا حیزبیی لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانە، تائێستاش چەندین كاندید لەلایەن بەرهەم ساڵح‌و خۆپیشاندەرانەوە ڕەت كراونەتەوە كە حیزبەكانی پێشكەشیان كردوون بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ.

تەنانەت بەرهەم ساڵح ئامادەیی پیشاندا دەست لەكار بكێشێتەوە، بەڵام نەچێتە ژێرباری فشاری حیزبەكان بۆ دەستنیشان كردنی كەسێك بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێ كە شەقام قبووڵی نەبێت، مەرجەعییەتی باڵای شیعەكانیش تەئكیدی لە ڕەچاوكردنی خواستی شەقام كردووەتەوە لەو پرسەدا.

لەژێر فشاری خۆپیشاندەران‌و داواكاریی مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان، دوو مانگە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستی لەكار كێشاوەتەوەو حكومەتی عێراق كار بەڕێكەرەو هێشتا ڕێككەوتن نییە بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی نوێ.

بەهۆی هەڵوێستەكانیەوە لە پرسی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا، بەرهەم ساڵح بە مانەوەی لە بەرەی شەقام‌و دژ وەستانەوەی لە بەرەی ئێران لە قەڵەم دەدرێت، شەقامی ناڕازیی‌و خۆپیشاندەران ناڕازایی تووندیان پیشانداوە بەرامبەر هەژموون‌و سیاسەتەكانی ئێران لە عێراق، چەندینجار كونسوڵخانەی ئەو وڵاتەیان لە باشوری عێراق سوتاندووەو هەڵیانكوتاوەتەسەر بارەگای ئەو هێزانەی نزیكن لە ئێران، هەربۆیە نادیدەگرتنی داواكاریی‌و مەرجی خۆپیشاندەران بۆ دیاركردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران پێدەچێت ئاڵۆزییەكان زیاتر بكات، ئەوەش وایكردووە بەرهەم ساڵح نایەوێت پێچەوانەی خواستی شەقام هەنگاو بنێت.

دژ وەستانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ بەرەی ئێران لە كاتێكدایە ئەو وڵاتە ڕۆڵ‌و كاریگەری فراوانی هەیە لەسەر دۆخی عێراق‌و گۆڕانكارییەكان، هاوپەیمانیی بنیاتنان گەورەترین هاوپەیمانییە لە پەرلەمانی عێراق‌و نزیكە لە ئێران، هادی عامری، نوری مالیكی، فالح فەیاز، محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر دیارترین سەركردە باڵاكانی هاوپەیمانییەكەن، ئەوان شوێنگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی بە مافی خۆیان دەزانن، بەڵام بەهۆی ڕەتكردنەوەی شەقامی ناڕازیی عێراقەوە تائێستا بەرهەم ساڵح سەرجەم كاندیدەكانی ئەو هاوپەیمانییەی ڕەتكردووەتەوە كە ڕایان بسپێرێت بۆ سەرۆك وەزیران، دواینیان ئەسعد عیدانی پارێزگاری بەسرە بوو كە سەرۆك كۆمار تا ئاستی دەست لەكار كێشانەوە لەگەڵیدا ڕۆیشت.

گۆڕەپانی سیاسیی عێراق بە شیعەو سوننەوە بێبەش نییە لە پشتیوانیكردن لە بەرهەم ساڵح، موقتەدا سەدر، حەیدەر عەبادی، عەممار حەكیم‌و ئەیاد عەلاوی دیارترین ئەو سەركردانەن كە پشتیوانیی بەرهەم ساڵح دەكەن، لەوانەش كاریگەرتر مەرجەعیەتی ئاینییە كە بەوتەی كەسانی نزیكن لە بەرهەم ساڵح بۆ پەرەگراف "مەرجەعیەتی پشتیوانیی سەرۆك كۆمار دەكات هاوكات لەگەڵ پشتیوانیی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران".

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، وڵاتانی ڕۆژئاوا ناڕاستەوخۆ پشتیوانیی سەرۆك كۆمار عێراق دەكەن، ئەوەش بەهۆی ناكۆكییەكانیان لەگەڵ ئێران‌و دژ وەستانەوەیان لە فراوانیی هەژموونی تاران لە دەرەوەی سنورەكانی وڵاتەكەی.