ترەمپ ناوەڕۆكی ڕێككەوتنی سەدەی ڕاگەیاند؛ فەلەستین ڕەتی دەكاتەوە

29-01-2020 12:18
ترەمپ‌و سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەكاتی ڕاگەیاندنی پلانەكە


پەرەگراف

دۆناڵد ترەمپ پلانی ڕێككەوتنی ئاشتیی سەدەی بۆ چارەسەری كێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین ڕاگەیاند‌و دەڵێت، كاتی ئەوەیە جیهانی ئیسلامیی جارێكی دیكە هەڵە نەكات و دان بە ئیسرائیلدا بنێت، فەلەستین پلانەكەی ڕەتكردەوەو بە "قودس بۆ فرۆشتن نییە" وەڵامی پلانەكەی دایەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كە تایبەت بە ڕاگەیاندنی ڕێككەوتنەكە ساز كرا بوو، ناوەڕۆكی پلانەكەی ئاشكرا كرد.

ترەمپ وتی، ئەمڕۆ ئیسرائیل هەنگاوێكی گرنگ بەرەو ئاشتی دەنێت، ئۆرشەلیم(قودس) دەبێتە پایتەختێكی دابەشنەكراوی ئیسرائیل‌و فەلەستینییەكانیش نابێت خۆیان بخەنە نێو تووندڕەوی و تیرۆر.

سەرۆكی ئەمریكا ئەوەشی خستە ڕوو، كار لەسەر دروستكردنی دەوڵەتی فەلەستین دەكەن لە كاتێكی گونجاودا و ئەگەر فەلەستینییەكان قبووڵی بكەن قودسی ڕۆژهەڵات پایتەختی فەلەستین دەبێت.

ترەمپ نەخشەیەكی نوێی بۆ سنووری ئیسرائیل و فەلەستین لە تویتەری فەرمیی خۆی داناوە و دەڵێت، ئەو خاكەی بۆ فەلەستین لە نەخشە نوێكەدا دیاریكراوە دوو هێندەی ئەوەی ئێستا دەبێت. لە نەخشەی فەلەستیندا كەناری ڕۆژئاوا بە توونێلێك بە كەرتی غەززەوە دەبەسترێتەوە.

بەشێكی پلانی ڕێككەوتنەكە ئابوورییە، ترەمپ ئەوەی خستە ڕوو، پێشنیازەكەی ئەوان ملیۆنێك هەلی كار لە فەلەستین دەڕەخسێنێت، وتیشی"ئەگەر ئەو وڵاتە ئاشتی هەڵبژێرێت، بە بڕی 50 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە فەلەستین دەكرێت".

سەرۆكی ئەمریكا تەئكیدی لەوە كردەوە، هیچ ئیسرائیلی و فەلەستینییەك لە ماڵی خۆیان دەرناكرێن، لەبارەی مزگەوتی ئەقساوە كە لای خەڵك پیرۆزە، ترەمپ وتی: ئیسرائیل لەگەڵ شا عەبدوڵڵای ئوردن كە پیاوێكی مەزنە كار دەكەن تاوەكو ناوچە پیرۆزەكان كراوە بن بۆ موسڵمانان ئەوانەی كە دەیانەوێت سەردانی ناوچەكە بكەن ئاشتییانە و لە مزگەوتی ئەقسادا نوێژ دەكەن.

هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا بنیامین ناتانیاهۆ سوپاسی سەرۆكی ئەمریكای كرد و بە "باشترین هاوڕێی ئیسرائیل كە تاوەكو ئێستا لە كۆشكی سپی بووبێت" ناوی برد، هاوكات وتی، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە بە فەرمی دان بە دەوڵەتی ئیسرائیل وەك دەوڵەتێكی جوولەكە بنرێت.

سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری ئیسرائیل و سەرۆكی ئەمریكا پێكەوە سوپاسی بەحرەین، عومان و ئیماراتیان كرد كە ڕۆڵی باشیان لە پلانی ڕێككەوتنەكەدا گێڕاوە.

سەرۆكی ئەمریكا ڕێككەوتنەكە بە دەرفەتی كۆتایی فەلەستین ناوبرد بۆ بوون بە خاوەن دەوڵەتێكی سەربەخۆ، وتی "ڕێككەوتنی ئەمڕۆ هەلێكی مێژووییە بۆ فەلەستینییەكان تاوەكو لەكۆتاییدا ببنە خاوەنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ. ئەوەش دوای 70 ساڵ لە بەرەوپێشچوونێكی كەم، ئەمەش لەوانەیە كۆتا دەرفەت بێت كە بۆ هەمیشە هەیانبێت".

فەلەستین ڕەتی دەكاتەوە

لە یەكەم كاردانەوەدا، بزووتنەوەی حەماسی فەلەستین ڕێككەوتنی سەدەی ترەمپی رەتكردەوە، خەلیل ئەلحەیا، بەرپرسی باڵای ئەو بزووتنەوەیە وتی "جگە لە ئۆرشەلیم(قودس) هیچ جێگرەوەیەك قبووڵناكەین وەك پایتەختی فەلەستین".

هاوكات مەحمود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتدارێتیی فەلەستین وەڵامی ترەمپی دایەوەو دەڵێت، قودس بۆ فرۆشتن نییە. عەباس داوای لە گەلی فەلەستین كرد، یەكێتیی خۆی بپارێزێت، وتیشی"شكست بەو پلانە دەهێنین و لە كۆتاییدا گەلی ئێمە سەردەكەوێت".

مەحموود عەباس پلانەكەی بە دژی فەلەستین ناوبردو وتی"دەستپێكی پلانەكە بردنی قودس بێت، كۆتاییەكەی باش نابێت. لەدەستچوونی قودس ماڵوێرانییە و دەوڵەتی فەلەستینمان بەبێ قودس ناوێت".