لە ژێر ئاو كەوتنی یەختەكەی یۆنان 3 كورد ڕزگاریان بووە
تەرمی 5 كورد دۆزراونەتەوەو 13ی دیكە بێسەروشوێنن
پەرەگراف
تەرمی 5 پەنابەری كورد دۆزراونەتەوە كە لە ژێر ئاو كەوتنی یەختەكەی یۆناندا بوونو 13 كوردی دیكە بێسەروشوێننو 3 كورد ڕزگاریان بووە.
یەختێ: لە یۆنان 11ی ئەم مانگە ژێر ئاو كەوت كە پەنابەرانی تێدا بوو، دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران ئەمڕۆ دواین زانیاریی لەبارەی كوردەكانی ناو ئەو یەختە بڵاو كردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوێكی دەزگای لوتكە لە بارەی وردەكارییەكانی ڕووداوەكەی دوورگەی پاكسوسی یۆنان
بەیانيی ئەمڕۆ نوێنەری دەزگای لوتكە لە وڵاتی یۆنان، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەو وڵاتەدا، زۆرێك لە كاروبارە یاساییەكانی سەبارەت بەو ڕووداوە ناخهەژێنەی ۱۱/۱/۲۰۲۰ی تەواو كرد.
ئەمڕۆ بەرواری ۱٦/۱/۲۰۲۰، نوێنەری دەزگای لوتكە، بەڕێز شێخ حسێن حەمەساڵح، لەپاش بەدواداچوونێكی چەند ڕۆژی، بە هاوكاریی پۆلیسی كەناراوەكان و پزیشكی دادی یەنەنەو بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە یۆنان، كۆتایی بە بەشێك لە كاروبارە فەرمییەكان هێنا بۆ ئاشكرا كردنی چارەنووسی ئەو پەنابەرە كوردانەی كە لە ڕووداوی ژێرئاوكەوتنی یەختێك لە نزیك دورگەی پاكسۆسدا بوون. ژمارەی ئەو كەیسانەی كە لە دەزگای لوتكە تۆماركراون بریتییە لە ۲۱ كەیس.
بەڕێز شێخ حسێن دەزگای لوتكەی ئاگاداركردەوە لە چارەنووسی پەنابەرە كوردەكان و بەپێی ئەو زانیارییانەش، لەو ۲۱ پەنابەرە ۳ پەنابەر ڕزگاریان بووە كە لە ئێستادا یەك پەنابەرایان لەلایەن پۆلیسەوە، بە هەوڵی نوێنەری دەزگامان، ئازاد كراون و یەكێكی تریشیان پاش تەواو بوونی مامەڵەكانی، لەماوەی دوو ڕۆژدا ئازاد دەكرێت.
تەرمی ٥ پەنابەری دیكە دۆزراوەتەوە و ۱۳ كەسیش تا ئێستا بێسەروشوێنن دەزگای لوتكە كەیسی تایبەت دەكاتەوە بۆ بێسەروشوێن بووەكان و لە گەڕان و بەدواداچوون بۆ ئاشكراكردنی چارەنووسیان بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە ئەو قوربانییانەش كە خنكاون، پاش تەواو كردنی مامەڵە یاساییەكانیان، دەزگای لوتكە تەرمەكانیان دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو خاكی كوردستان. بە سوپاسێكی زۆرەوە، تێچووی گەڕاندنەوەی تەرمەكان لەلایەن بەڕێز لاهور شێخ جەنگییەوە دابین كراوە و هەروەها بەڕێزیان بەڵێنیشیان داوە هاوكار و هەماهەنگ بن لەگەڵمان بۆ دیاریكردنی چارەنووسی بێسەروشوێن بوان.
دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران
16/01/2020