پەرەگراف
مەسروور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە ئەنقەرەوە ڕایگەیاند: لەگەڵ بوونی پەكەكە نیین لە شنگال و ناوچەكانی هەرێمەكەمان. وەزیری دەرەوەی توركیاش دەڵێت: لەگەڵ مەسروور بارزانی هاوڕا بووین لەسەر ئەوەی پەكەكە هەڕەشەیەكی هاوبەشە لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی هەردوولا.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ مەسروور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەردانێك گەیشتە ئەنقەرە و سەرەتا لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغڵوو، وەزیری دەرەوەی توركیا كۆبووەوە. ئێوارەی ئەمڕۆیش كۆبوونەوەیەكی داخراو لە نێوان مەسروور بارزانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا بەڕێوە چوو.
دۆسیەی پەكەكە (كە توركیا بە دۆسیەی تیرۆر ناوی دەبات) و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێم و توركیا، دوو تەوەری سەرەكیی گفتوگۆكانی نێوان مەسروور بارزانی و بەرپرسانی باڵای توركیا بووە.
ئەردۆغان لە كۆشكی كۆماری پیشوازیی لە مەسروور بارزانی كرد و بە ئامادەیی مەولوود چاوشئۆغڵوو، وەزیری دەرەوەی توركیا و هاكان فیدان، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت)، دوور لە چاوی میدیاكان كۆبوونەوە.
لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ ئەردۆغان، مەسروور بارزانی لە تویتێكدا نووسیوویەتی: "كۆبوونەوەیەكی بەرهەمدارمان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا، ئەنجام دا. بەرەوپێشچوونی بەرچاومان بەدی هێنا لەبارەی پرسەكانی پەیوەست بە بەرژەوەندییە هاوبەشەكان، لەوانەش پەیوەندییە دووقۆڵییە بازرگانییەكان و سەقامگیریی ناوچەكە".
هەر ئەمشەویش مەولوود چاوشئۆغلوو، وەزیری دەرەوەی توركیا، لە تویتێكدا باسی كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسروور بارزانی كردووە و دەڵێت "هاوڕا بووین لەسەر ئەوەی پەكەكە هەڕەشەیەكی هاوبەشە لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی هەردوولا".
چاوشئۆغلوو جەختی لەوە كردووەتەوە كە "پێویستە پێكەوە شەڕ بكەین لە دژی هەموو ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان".
نیوەڕۆی ئەمڕۆیش دوای كۆبوونەوە لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغلوو، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا مەسروور بارزانی وتی "كۆنترۆڵی شنگال لە دەستی ئێمەدا نییە و لە دەستی عێراقدایە، ئێمە گوتوومانە كە لەگەڵ بوونی پەكەكە نین لە شنگال و ناوچەكانی دیكەی هەرێمەكەمان".
سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوە كرد كە لە نیگەرانییە ئەمنییەكانی توركیا تێدەگەن و لەو ڕووەشەوە ئامادەیی هەرێمی بۆ "بەردەوامی لە هەماهەنگی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر" نیشان دا.
هەروەها سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم جەختی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵی و ئابوورییەكانی نێوان هەرێم و توركیا كردەوە و وتی "هەرێمی كوردستان دەبێتە دەروازەیەك بۆ زیادكردنی ئاستی بازرگانی بۆ هەموو عێراق".
سەبارەت بە بارودۆخی سووریاش، مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوە كرد كە گفتوگۆیان دەربارەی "نیگەرانییە هاوبەشەكان" كردووە و خۆشحاڵیشی بە هاوكارییەكانی توركیا بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان نیشان دا. هاوكات جەختی كردەوە كە "نابێت ئاوارەكان بە زۆر بگەڕێندرێنەوە بۆ ناوچەكانیان".
لای خۆیشیەوە مەولوود چاوشئۆغلوو، وەزیری دەرەوەی توركیا، وتی "دەمانەوێت پەیوەندییەكانمان لەگەڵ حكوومەتی هەرێم لە چوارچێوەی پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراقدا بەرەو پێش ببەین. دڵخۆشین بە گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق".
چاوشئۆغلوو باسی لەوە كردە كە لە كۆبوونەوەكەدا سەبارەت بە "ئۆپەراسیۆنی كانیی ئاشتی، ڕووبەڕووبوونەوەی پەكەكە/یەپەگە و داعش و گولەنییەكان زانیاریمان بە سەرۆكوەزیرانی هەرێم دا".
وەزیری دەرەوەی توركیا جەختی لەسەر هەڵگرتنی ئاستەنگە بازرگانییەكانی نێوان توركیا و عێراق كردەوە و وتی "لەگەڵ سەرۆككۆماری عێراقیش گفتوگۆمان لەوبارەیەوە كردووە كە دەمانەوێت بارزگانیی نێوانمان بۆ 20 ملیار دۆلار بەرز بكەینەوە".