چەند بڕیارێك لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە

15-07-2019 03:05
كابینەی نوێ بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجامدا


پەرەگراف

كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجامداو چەند بڕیارێكی دەركرد.

مەسرور بارزانی لە كۆبوونەوەكەدا چەند بڕیارێكی لەبارەی دەوامی وەزیرەكان‌و خاوەن وەزیفە باڵاكان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و نەهێشتنی ڕۆتین و دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن لەناو دامودەزگاكانی حكومەت خستووەتە ڕوو، دواتر بە كۆی دەنگ بڕیارەكان پەسەند كران‌و بڵاوكرانەوە.

هەر لەوكۆبونەوەیەدا، سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەوەی خستووەتە ڕوو، سبەینێ شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ دەربڕینی نیاز پاكی سەردانی بەغدا دەكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گونجاو بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور.

هاوكات ئەنجومەنی وەزیران وەزیرەكانی ڕاسپاردووە لەژێر ڕۆشنایی هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەم، بەرنامەی كارەكانی وەزارەتەكانیان لەماوەی 30 ڕۆژدا دابڕێژن و پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی بكەن بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت‌و بخرێتە بواری جێبەجێ كردنەوە.

دەقی بڕیارەكانی یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو:

یەكەم: سەرجەم وەزیرەكان و خاوه ن پۆستە باڵاكان دەبێت پابەند بن بە دەوامی فەرمی وەزارەتەكانیان لە دەستپێكی دەوامی رۆژانی یەكشەممەوە تا كۆتایی دەوامی فەرمی لە رۆژانی پێنجشەممە.

دووەم: سەرجەم فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێم دەبێت پابەند بن بە كاتی دیاریكراوی دەوامی فەرمی و هیچ كەسێك بۆی نیە لە كاتی دەوامی فەرمیدا شوێنی كاركردنی خۆی بەجێ بهێڵیت یان كارێكی دیكەی دەرەوەی ئەركەكەی جێبەجێ بكات.

سێیەم: فەرمانبەران دەبێت پابەند بن بە پاراستنی نهێنی كارووباری فەرمانبەرییەتی و نابێت ئەو زانیارییانەی كە بە نهێنی پۆلێن دەكرێن، لە دەرەوەی رێكارە یاساییەكان ئاشكرا بكرێن.

چوارەم: هەموو وەزیرەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت بە پێی یاسا ورێنماییەكانی دەستەی دەستپاكیی كوردستان، سەرجەم ماڵ و موڵكی خۆیان ئاشكرا بكەن.

پێنجەم: دەبێت ڕۆتین لەداموودەزگانی حكومەتدا نەمێنێت وسەرجەم مامەڵەی هاووڵاتیان بە شێوەیەكی خێرا و وورد، لەلایەن فەرمانبەرانەوە جێبەجێ بكرێت. هەروەها وەڵامدانەوەی سكاڵاو و پرسیاری هاووڵاتیان بە شێوەیەكی خێرا و گونجاو، ئەركی داموودەزگاكانی حكومەتە و دەبێت وەڵامی روون و ئاشكرا بۆ مامەڵەی هاووڵاتیان هەبێت و هۆكاری هەردواكەوتنێك یا رەزامەندی نەدانێك روون و ئاشكرا بێت وپێویستە رێز لە هاوڵاتیان بگیرێت لە داموودەزگاكانی حكومەتدا.

شەشەم: دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن، لەناو دامودەزگاكانی حكومەتدا هەستی پێدەكرێت، بۆیە بنبڕ كردنی ئەم دیاردەیە دەبێتە یەكێك لەكارە لەپێشینەكانی وەزیر و بەرپرسە باڵاكانی حكومەتی هەرێم و ئەم بابەتە بە هیچ شیوەیەك چاوپۆشی لێ ناكرێت و سەرپێچیكاران بە تووندی سزا دەدرێن.