سێ‌ وڵاتە ئەورووپییەكە بۆ پابەندبوون بە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی مەرجیان هەیە

15-07-2019 11:13

پەرەگراف

بەریتانیا ڕێگەچارەی نوێ‌ بۆ پاراستنی ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی و كەمكردنەوەی بارگرژییەكانی كەنداوی فارس دەگرێتە بەر. هاوكات سێ‌ وڵاتە ئەورووپییەكەی بەشدار لە ڕێككەوتننامەكە، پابەندییان بە ناوەرۆكی ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی دووپات كردەوە، بە مەرجی پابەندیی ئێران و پاشگەزبوونەوە لە هەنگاوەكانی ئەم دواییەی.

جێرمی هانت، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ هاوتا ئەورووپییەكانی و تاووتوێ‌ كردنی چەند پرسێك ئەمڕۆ سەردانی برۆكسل دەكات.

میدیاكانی بەریتانیا باس لەوە دەكەن، جێرمی هانت لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانی لە هەڵپەساردنی هەندێك لە بەندەكانی ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە، هاوكات ڕێگەچارەی نوێ‌ بۆ پاراستنی ڕێككەوتنەكە و كەمكردنەوەی بارگرژییەكانی كەنداو پێشكەش دەكات.

هیچ زانیارییەك لەبارەی ڕێگەچارەكەی بەریتانیا بۆ ڕزگاركردنی ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی لەو قەیرانەی تێی كەوتووە، ئاشكرا نەكراوە.

ئەمە لە كاتێكدایە دوێنێ‌ هەریەك لە بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا جەختیان لە پابەندیی خۆیان بە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمییەوە كردەوە، بەڵام ڕایانگەیاند "بەردەوامبوونی ئەمە بەندە بە پابەندبوونی تەواوەتیی ئێران بە ڕێككەوتنەكە و بانگهێشتی تاران دەكەین بۆ پاشگەزبوونەوە لەو بڕیارانەی كە بەم دواییە دەریكردوون".

سێ‌ وڵاتە ئەورووپییەكەی بەشدار لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی دەڵێن "لە ساڵی 2018ـەوە تا ئێستا، هەرسێ وڵات لەگەڵ ئەو لایەنانەی پابەند بوون بە ڕێككەوتنەكەوە، ئەوەی لەدەستیان هاتبێت ئەنجامیان داوە بۆ ئەوەی گەلی ئێران سوودمەند بێت لە مافە شەرعییەكانی ڕێككەوتنەكە. ئەمڕۆ نیگەرانین لەوەی كە بە دەركردنی زنجیرەیەك بڕیاری جێبەجێنەكردنی مەرجەكانی ڕێككەوتنەكە لە لایەن ئێرانەوە، دەبینین ڕێككەوتنەكە زیاتر مەترسیی لاوازبوونی دەكرێت لەژێر فشارەكانی ئەمریكادا".

هاوكات داوایان لە لایەنەكان كردووە دۆخەكە هێور بكەنەوە و بە دوای ڕێگەچارەی گفتوگۆدا بگەڕێن.

لە مانگی ئایاری ئەمساڵ و لە ساڵیادی كشانەوەی ئەمریكا لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی و سەپاندنەوەی سزاكان، ئێرانیش ڕایگەیاند پابەندییەكانی بە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمییەوە كەمدەكاتەوە. لەو چوارچێوەیەشدا بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بەرز كردەوە.

تاران مۆڵەتی دوو مانگی بە لایەنە ئەورووپییەكانی بەشدار لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی داوە تا دەرفەتی سوودوەرگرتنی ئێران لە مافە ئابووریەكانی لە چوارچێوەی ڕێككەوتنەكەدا بڕەخسێنن، بە پێچەوانەوە بەردەوام دەبێت لە هەڵپەساردنی بەندەكانی ڕێككەوتنەكە.