په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان پارێزگاری سلێمانی به تێوه‌گلان له "گه‌نده‌ڵیی ئیداری" تۆمه‌تبار ده‌كات
په‌ره‌گراف
په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان له په‌رله‌مانی عێراق، له‌سه‌ر "دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی و وه‌رگرتنی چه‌ندین ملیۆن لیتر به‌نزین و گاز به ناوی ئاواره‌وه و سه‌رفكردنی به شێوه‌ی دیكه"، ڕه‌خنه له پارێزگاری سلێمانی له‌سه‌ر پشكی بزووتنه‌وه‌كه‌ی ده‌گرێت و به تێوه‌گلان له "گه‌نده‌ڵیی ئیداری" تۆمه‌تباری ده‌كات. غالب محه‌مه‌د ده‌ڵێت: شه‌رمه پارێزگارێك له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان باخچه بكاته‌وه، به‌ڵام پارێزگاكه‌ی خۆی دووكه‌ڵ خواردبێتی.
غالیب محه‌مه‌د، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له فراكسیۆنی گۆڕان، له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا له نووسینگه‌ی سلێمانیی په‌رله‌مانی عێراق، زانیاری و داتای سه‌باره‌ت به بڕی ئه‌و نه‌وت گازه خسته ڕوو كه به ناوی ئاواره‌كانه‌وه بۆ پارێزگاكانی هه‌رێم هاتووه، به‌ڵام به‌ده‌ستیان نه‌گه‌یشتووه.
غالیب محه‌مه‌د وتی "ئه‌مساڵ و ساڵی ڕابوردوویش به ناوی ئاواره‌وه سووته‌مه‌نی بۆ هه‌رێمی كوردستان هاتووه، به‌ڵام به نادیاری سه‌رف كراوه. له ساڵی ڕابوردوودا 21 ملیۆن و 267 هه‌زار لیتر به‌نزین به ناوی ئاواره بۆ پارێزگای سلێمانی هاتووه، به‌ڵام دوای قسه‌كردن له‌گه‌ڵ نووسینگه‌ی ئاواره‌كان له سلێمانی له‌وباره‌یه‌وه، ده‌ڵێن به‌نزینیان به‌كارنه‌هێناوه".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی گۆڕان ده‌ڵێت "حكومه‌تی سلێمانی ئه‌و به‌نزینه‌ی بۆ خۆی به‌كاریهێناوه، به 450 دینار كڕیویه‌تی و به فه‌رمانگه حكوومییه‌كانی داوه".
به‌پێی داتاكانی ئه‌و په‌رله‌مانتاره، هه‌ر بۆ پارێزگای سلێمانی 23 ملیۆن و 481 هه‌زار لیتر گاز به ناوی ئاواره‌وه هاتووه، دوای به‌دواداچوونیش ده‌ركه‌وتووه ئاواره‌كان یه‌ك لیتریان وه‌رنه‌گرتووه. وه‌كو ئه‌و ده‌ڵێت "ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه ئه‌و گازه له فه‌رمانگه حكوومییه‌كاندا به‌كار هێنراوه".
به هه‌مان شێوه‌ی پارێزگای سلێمانی، نه‌وت و گاز به ناوی ئاواره‌وه بۆ پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆكیش ڕۆیشتووه. به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی غالب محه‌مه‌د خستیه ڕوو، "پارێزگای هه‌ولێر بڕی چوار ملیۆن و 680 هه‌زار لیتر به‌نزین و سێ ملیۆن و 816 هه‌زار لیتر گازی به‌لاشی به ناوی ئاواره وه‌رگرتووه. هه‌روه‌ها به پاره‌ش 23 ملیۆن 201 هه‌زار لیتریان وه‌رگرتووه و كه‌س نازانێت چی لێ هاتووه".
هه‌رچی پارێزگای دهۆكیشه سێ ملیۆن 408 هه‌زار لیتر به‌نزینی به بێ پاره وه‌رگرتووه و 23 ملیۆن 201 هه‌زار لیتریشی كڕیوه و سه‌رفكردنی ناڕوونه.
له‌باره‌ی ئه‌و نه‌وته سپییه‌ش كه به‌غدا بۆ دابه‌شكردنی به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا ڕه‌وانه‌ی ده‌كات، غالب محه‌مه‌د ڕایگه‌یاند "له 2018دا بۆ پارێزگای هه‌ولێر 29 ملیۆن و 628 هه‌زار لیتر وه‌رگیراوه، باوه‌ڕ ناكه‌م چاره‌كێكی هه‌ولێر وه‌ریان گرتبێت. پارێزگای سلێمانی له 44 ملیۆن و 961 هه‌زار لیتری وه‌رگرتووه كه پێویستی به 100 ملیۆن لیتره، واته ده‌بێت نیوه‌ی پارێزگای سلێمانی نه‌وتی وه‌رگرتبێت، به‌ڵام كه وردی ده‌كه‌ینه‌وه ناوچه‌كانی گه‌رمیان و شاره‌زوور و هه‌ڵه‌بجه وه‌ریان نه‌گرتووه".
غالیب محه‌مه‌د ئاماژه‌ی به‌وه كرد له مانگی نیسانی ئه‌مساڵه‌وه نووسراوی بۆ پارێزگاری سلێمانی كردووه كه له‌سه‌ر بڕی ئه‌و نه‌وته سپییه‌ی هاتووه‌ته پارێزگاكه‌ی زانیاری پێ بدات، به‌ڵام تا ئێستا وه‌ڵامی نه‌بووه
"ئه‌گه‌ر پارێزگارێك نه‌توانێت وه‌ڵامی ئه‌وه بداته‌وه، كه‌واته ئاگای له پارێزگاكه‌ی نییه، به هه‌ر شێوه‌یه‌ك كه ئاگات له‌و ژمارانه نه‌بێت، پێی ده‌وترێت گه‌نده‌ڵی ئیداری"، په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی گۆڕان وای وت.
له وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی كه ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر هه‌ڤاڵ ئه‌بووبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی، وتبووی هه‌ندێك په‌رله‌مانتار بۆ نیشاندانی ڕۆڵی پاڵه‌وانبازی و لایكی فه‌یسبووك زیانیان له پارێزگاكان داوه، غالب محه‌مه‌د وتی "پارێزگار نابێت ته‌نها قسه بكات، به‌ڵكو ده‌بێت بوێری هه‌بێت و ڕێگه نه‌دات دزی له پارێزگاكه‌ی بكرێت. نابێت له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان باخچه بكاته‌وه، به‌ڵام پارێزگاكه‌ی دووكه‌ڵ خواردبێتی ئه‌وه شه‌رمه".
وتیشی "پارێزگاره‌كان خه‌ریكن ده‌سته چه‌وره‌كانیان به ئه‌م و ئه‌ودا ده‌سڕن. شه‌رمه بۆ پارێزگارێك كه پاڵاوگه‌ی پارێزگاكه‌ی بۆ شارێكی دیكه ئیش بكات، به‌ڵام تۆمه‌ت بۆ په‌رله‌مانتار دروست بكات و بڵێت ئه‌وان ده‌یانه‌وێت بیبڕن. شه‌رمه بۆ پارێزگارێك كه ناوچه‌كه‌ی 27 بلۆكی نه‌وتی تێدا ده‌بێت، به‌ڵام یه‌ك لیتر نه‌وت به هاووڵاتیانی نه‌درێت، شه‌رمه بۆ پارێزگارێك كه به‌رهه‌می هه‌موو غازی كوردستان له پارێزگاكه‌یدا بێت، به‌ڵام شاره‌كانی بێ كاره‌با بن و كاره‌باكه‌ی بۆ شوێنی دیكه بڕوات".