پەرەگراف
مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، پێویستە كێشەكانی كەركووك بە پارێزگاریشەوە سەرەتا لە نێوان هەولێر و بەغدا یەكلایی بكرێتەوە و چارەسەر بكرێت. ئەم داواكارییەی بارزانی جیاوازە لەو ڕێككەوتنەكەی پارتیو یەكێتی لەبارەی پارێزگاری كەركووك ئەنجامیاندا.
بارزانی لە پەیامێكدا كە لەبارەی دۆخی كەركووك بڵاویكردووەتەوە، ئاماژە بە ڕیشەی مێژوویی بوونی كێشەكانی ئەو پارێزگایە دەكاتو ئەوە دەخاتە ڕوو، هەر ئەنجامێك بۆ چارەسەری كێشەكان "هەبێت دەبێ جێگەی ڕەزامەندیی هەموو پێكهاتەكانی كەركووك بێت"، دەشڵێت"هیچ مساوەمەیەك لەسەر كوردستانیبوونی ناسنامەی كەركووك ناكەین".
پەیامەكەی بارزانی دوای ئەوەدێت، دوو ڕۆژ لەمەوبەر پارتیو یەكێتی ڕێككەوتنی كۆتاییان لەسەر كاندیدی پارێزگاری كەركووك ئەنجامدا و ئەندازیار تەیب جەبار وەكو كاندیدی هاوبەشی هەردوولا و لیستی برایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بۆ ئەو پۆستە ڕاگەیەندرا.
بەپێی ڕێككەوتنەكەی پارتیو یەكێتی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووكو دەستبەكاربوونی پارێزگاری نوێ پێكەوە هەنگاویان بۆ دەنرێت، بەڵام بارزانی ئەمڕۆ لە پەیامەكەیدا دەڵێت دەبێت سەرەتا لە بەغداوە ڕەوشەكە ئاسایی بكرێتەوەو كێشەكان چارەسەر بكرێن ئەمەش جیاوازە لە ڕێككەوتنەكەی پارتیو یەكێتی لەو بارەیەوە.
لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی گەڕایەوەو تەواوی ناوچە دابڕاوەكان كە دەكاتە نیوەی خاكی كوردستان لە دەستدران، لە دەستدانی ئەو ناوچانە كوردی خستە دۆخێكی لاوازەوە كە لەدوای ساڵی 2003 كە ڕژێمی بەعس ڕووخا قۆناغی لەو شێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە.
پارتی گەڕانەوەی هێزەكانی عێراقی بۆ كەركوك بە "خیانەت"ی گروپێكی ناو یەكێتی لە قەڵەمداو لەو كاتەوە ئەو حیزبە شارەكەی جێهێشتووەو گەڕانەوەی پەیوەست كردووە بە ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركووك بەتایبەت لە ڕووی سەربازییو چوونە دەرەوەی هێزە عێراقییەكان لە شارەكە، ئەوەش بە گفتوگۆو ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا دەكرێت.
دەقی پەیامەكەی ئەمڕۆی مەسعود بارزانی بۆ ڕای گشتی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
كێشەی كەركووك تەنیا گرفتی سیاسیی نێوان دوو حزب یان ململانێی سیاسیی نێوان چەند لایەن نییە، لە ڕاستیدا كێشەی كەركووك بابەتێكی مێژوویی و سیاسی و كۆنە لە هەمانكاتیشدا فرەڕەهەند و گەورەیە.
بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاساییەی بەسەر كەركووكدا هاتووە و، لەبەر پێویستیی ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەمنی و ئیداریی شارەكە و خزمەتكردنی خەڵكی كەركووك و هەروەها چارەسەركردنی كۆی كێشەكان، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كە ڕێككەوتن و هاوڕایی لایەنە كوردییەكان، هەنگاوێكی گرنگە بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا پێویستە كێشەكانی كەركووك بە پارێزگاریشەوە سەرەتا لە نێوان هەولێر و بەغدا یەكلایی بكرێتەوە و چارەسەر بكرێت، هەر ئەنجامێكیش كە هەبێت دەبێ جێگەی ڕەزامەندیی هەموو پێكهاتەكانی كەركووك بێت.
ئێستا كەشێكی ئیجابی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هاتووەتە ئاراوە و ئەوەیش دەرفەتێكی زۆر باشە كە بە سوودوەرگرتن لەو كەشە ئیجابییە گرفتە ئەمنی و ئیدارییەكانی كەركووكیش چارەسەر ببێت و لە چوارچێوەی دەستووردا كەركووك بگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی. چونكە ئەو بارودۆخەی ئێستا لە كەركووك هەیە ناكرێ بەردەوام بێت.
ئێمە ئێستا و پێشتریش ڕامان وا بووە كە هیچ مساوەمەیەك لەسەر كوردستانیبوونی ناسنامەی كەركووك ناكەین و دەبێ كەركووك ببێتە نموونەی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و هەموو پێكهاتەكان بتوانن بە ئاشتی و برایەتی و تەبایی لە كەركووكدا لەگەڵ
یەكتر بژین.
مسعود بارزانی
13ـی 7ـی 2019