حكوومه‌تی هه‌رێم: هێرش بۆ سه‌ر پاسداران و بۆردوومانكردنی سنووره‌كان مایه‌ی ناڕه‌زاییمانه
په‌ره‌گراف
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی تۆپبارانه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر ده‌ڤه‌ری برادۆست بڵاوكرده‌وه و ده‌ڵێت: هه‌ردوو ڕووداوی هێرشی چه‌كداری بۆ سه‌ر چه‌ند ئه‌ندامێكی سوپای پاسداران و بۆردوومانكردنی ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان مایه‌ی نیگه‌رانی و ناڕه‌زایی ئێمه‌یه.
له ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمدا هاتووه "دوێنێ سێشه‌ممه 9-7-2019، له ناوچه‌ی پیرانشاری سنووری له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، هێرشێكی چه‌كداری كرایه سه‌ر چه‌ند ئه‌ندامێكی سوپای پاسداران، له به‌رامبه‌ردا كۆماری ئیسلامیی ئێران ناوچه سنوورییه‌كانی ناوخاكی هه‌رێمی كوردستانی بۆردومان كرد".
حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێت "به‌داخه‌وه به هۆی بۆردوومانه‌كه‌وه له یه‌ك خانه‌وه‌ده هاووڵاتییه‌ك شه‌هید و دووانی دیكه‌ش بریندار بوون".
حكوومه‌تی هه‌ردوو ڕووداوه‌كه به "مایه‌ی نیگه‌رانی و ناڕه‌زایی" خۆی ناو ده‌بات.
ده‌شڵێت "دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه هه‌رێمی كوردستان كه سه‌لماندوویه‌تی له ناوچه‌كه‌دا فاكته‌ری سه‌قامگیرییه و ڕێز له هاوسنووری و دراوسێیه‌تی ده‌گرێت، هه‌رگیز ڕێگه نادات و به هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵ ناكات سنووره‌كانی بۆ هێرش و تێكدانی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ و كرده‌وه‌ی نابه‌رپرسانه به‌كار بهێنرێت".
له ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا داوا له كۆماری ئیسلامیی ئێران كراوه بۆردوومانكردنی ناوچه‌كه ڕابگرێت و نه‌بێته هۆی دڵه‌ڕاوكێ و ده‌ربه‌ده‌ربوونی دانیشتووانه‌كه‌ی.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ تۆپخانەكانی ئێران بە چڕی دەستیان بە تۆپبارانی ژمارەیەك گوندی سەر بە ناحیەی سیدەكان كرد. هاووڵاتییەكی نیشتەجێی یەكێك لەو گوندانە بە پەرەگرافی وت "لە گوندی دێرێ تۆپ بەر ماڵێك كەوتووە و بەهۆیەوە كچێك كە تەمەنی 18 ساڵە گیانی لەدەست داوە و دوو برایشی بە سەختی بریندار بوون".
تۆپبارانەكەی ئێران گوندەكانی (تەلان، بێ قەپووشك، بەربزین، ناوڕووباران، دێرێ)ی گرتووەتەوە كە نزیكن لە سەنتەری ناحیەی سدەكانەوە.
ئەم تۆپبارانە پاش ئەوە دێت دوێنێ حاسڵ ئەحمەدی، فەرماندەی سەربازیی دیاری سوپای پاسداران لە پیرانشار، لەگەڵ دوو چەكداری دیكەدا كوژران. تا ئێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتیی خۆی لە كوشتنی ئەو فەرماندە كوردەی سوپای پاسداران ڕانەگەیاندووە.