پەرەگراف
هەینیی ڕابردوو زنجیرەیەك كۆبوونەوەی نهێنی لە نێوان ئەمریكا و ئێران لە شاری هەولێر بەڕێوە چووە. كوڕەكەی خامنەیی سەرۆكایەتیی شاندی ئێرانی كردووە. ئەمە بەپێی كەناڵی i24newsی ئیسرائیلی. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكایش زانیارییەكان لەوبارەیەوە ڕەتناكاتەوە.
كەناڵی ناوبراو لە زاری سەرچاوەی تایبەتی خۆیەوە بڵاوی كردووەتەوە كە گفتوگۆی نهێنی لە نێوان بەرپرسانی ئەمریكا و ئێران لە هۆتێلێكی شاری هەولێر بەڕێوە چووە.
شاندی ئێرانی بە سەرۆكایەتیی حەسەن خامنەیی، كوڕی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ ئیرەج مەسجیدی باڵیۆزی ئێران لە عێراق، ژمارەیەك لە بەرپرسانی سوپای پاسداران و چەند كەسێكی دیكە، زنجیرەیەك كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكی ئەنجام داوە.
ناوی بەرپرسانی ئەمریكیی بەشدار لە كۆبوونەوەكە ئاشكرا نەكراوە.
كەناڵی i24news دەڵێت سەرچاوە تایبەتەكەی نەیتوانیوە زانیاریی زیاتر لەبارەی وردەكاریی كۆبوونەوەكە و ئەنجامی گفتوگۆكان ئاشكرا بكات.
لەبارەی كۆبوونەوەكە مۆرگان ئۆرتەیگوس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە كۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی ڕۆژانەیدا پرسیاری ئاراستە كرا، ناوبراو هەواڵەكەی ڕەتنەكردەوە و بە ڕۆژنامەنوووسەكەی وت: گومانم هەیە، زانیارییەكانت لەبارەی ئەو بابەتەوە بۆ پشتڕاست دەكەمەوە و دواتر وەڵامت دەدەمەوە.