سەركردایەتی یەكێتی تەنها كاندیدی بۆ سێ پۆست یەكلایی كردەوە

06-07-2019 06:50


پەرەگراف- سوركێو محەمەد

سەركردایەتی یەكێتی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا كاندیدی هەرسێ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگری سەرۆكی حكومەتی یەكلاییكردەوە، بۆ ئەو وەزارەت‌و دەستانەی دیكەش كە پشكی ئەو حیزبەن چەند ناوێك لەسەر بنەمای ناوچەی جوگرافی هەڵبژێردراون، بەڵام هێشتا پۆستەكانیان بۆ دیاریی نەكراوە.

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، هەریەكە لە؛ جەعفەر شێخ مستەفا بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، ڕێواز فایەق بۆ سەرۆكی پەرلەمان‌و قوباد تاڵەبانی بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت هەڵبژێردران.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی وتیشی "بەپێی ناوچەی جوگرافی، لە هەڵەبجە حەمەی حەمەسەعید، لە گەرمیان ئارام حەمەی مینا، لە سلێمانی شۆڕش ئیسماعیل، لە كەركوك خالید شوانی، ڕاپەڕین بێگەرد تاڵەبانی، لە هەولێر دەرباز كۆسرەت ڕەسوڵ‌و عوسمان شوانی، لە سۆران ئیسماعیل مەحمود هەڵبژێردراون بۆ پۆستەكانی دیكە".

ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی وتیشی "سبەینێ مەكتەبی سیاسی بە سەرپەرشتی كاك كۆسرەت‌و ئامادەبوونی كاك قوباد كۆدەبنەوەو پۆستەكانی یەكێتی دابەش دەكەن بەسەر ئەو كەسانەی ئەمڕۆ هەڵبژێردران".

پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەو كەسانە لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی سەركردایەتی یەكێتی بە دەنگدان بووە، ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی وتی "كێبڕكێیەكی زۆركەم هەبوو لەهەڵبژاردنی كەسەكاندا".

یەكێتی لە كابینەی نوێدا هەریەكە لە وەزارەتەكانی؛ پێشمەرگە، خوێندنی باڵا، پلاندانان، كشتوكاڵ‌و ڕۆشنبیری‌و وەزارەتێكی هەرێمی بەردەكەوێت، بەدەر لەو پۆستانەی دیكە كە هاوتای وەزیرن یاخود لە خوار وەزیرەوەن.

دوابەدوای كۆبوونەوەكەی سەركردایەتی حیزبەكەی، لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی ئەنجامداو بەبێ ئەوەی ناوی كاندیدەكانی حیزبەكەی بۆ پۆستەكان ئاشكرا بكات وتی،  بۆ هەموو پۆستەكان كاندیدیان ئامادەیە.

لەتیف شێخ عومەر ئاماژەی بەوەشكرد، "سبەینێ‌ لە كاتی خۆیدا ناوی كاندیدەكان و سیڤییەكانیان تەسلیم بە سەرۆكی كاندیدكراوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین".

كۆتایی ئەم هەفتەیە كۆتا وادەیە لەبەردەم مەسرور بارزانی بۆ ڕادەستكردنی كابینەكەی بە پەرلەمان، دەبێت بەرلەو وادەیە حیزبە بەشدارەكانی حكومەت ناوی كاندیدەكانیان پێشكەش بكەن، پێدەچێت سبەینێ یەكێتی‌و گۆڕان ناوی كاندیدەكانیان بنێرنە هەولێر.