پەرەگراف
وەزارەتی دادی هەرێم فەرمانی كردووە بە پێچۆڵكردنی چوار موڵك بە محەمەدی حاجی مەحموود، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ و پۆلیسی سلێمانی هاوكاریی وەزارەتی داد ناكەن بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە. پارێزگاری سلێمانیش ئاگاداركردنەوەیەكی لەوبارەیەوە ئاراستەی سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكرات كردووە.
ڕۆژی 17ی تەمووزی ئەمساڵ، د. هەڤاڵ ئەبووبەكر، پارێزگاری سلێمانی، نووسراوێكی ئاگاداركردنەوەی لەبارەی چۆڵكردنی ئەو موڵكانەوە ئاراستەی محەمەد حاجی مەحموود، سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان كردووە.
پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێكردنی سلێمانی كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فەرمانگەكانی دادە لە وەزارەتی دادی هەرێم، نووسراوێكی "پێچۆڵكردن"ـی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی كردووە.
لە نووسراوەكەدا هاتووە "لەبەر ئەوەی داوالێكراوی جێبەجێكردن (محەمەد حاجی مەحموود) لە دۆسیەی جێبەجێكردنی ژمارە (700/2002) سەرەڕای تەواوبوونی مۆڵەتی یاسایی موڵكی ژمارە (450، 445، 447، 448،/91 كەرتی 8 ئابڵاخ)ی چۆڵ نەكردووە، بۆیە بڕیارمان دا بە زۆر پێی چۆڵ بكەین".
لە فەرمانەكەدا داوا كراوە هێزێكی پۆلیس كە لە 25 كەس كەمتر نەبێت، لە كاتژمێر 11ی ڕۆژی 18ی-6-2019 بڕیارەكە جێبەجێ بكات.
تا ئێستا فەرمانەكە لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە جێبەجێ نەكراوە. لەوبارەیەوە نەقیب سەركەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی بە پەرەگرافی وت "ئاگاداری ئەو دۆسیە نیم".
هەروەها عەمید ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی، بۆ پەرەگراف وتی "ئەو فەرمانە پارێزگاری سلێمانی ئاگای لێیە و كاك د. هەڤاڵ نووسراوی لەوبارەیەوە كردووە".
لەبارەی هۆكاری جێبەجیكردنی فەرمانی پێچۆڵكردنەكە لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە، عەمید ئاسۆ دەڵێت "بۆ جێبەجێكردنی چاوەڕێی فەرمانی دادگا دەكەین". ئەمە لە كاتێكدایە وەزارەتی داد ئاماژەی بەوە كردووە فەرمانی دادگا بۆ پێچۆڵكردنی ئەو موڵكانە هەیە.
لە سێ نووسراودا لەبارەی ئەو دۆسیەوە كە دەست پەرەگراف كەوتوون، هیچ كامیان ئاماژەیان بەوە نەكردووە كە ئەو موڵكانە گشتین یان تایبەتن، بەڵام لە نووسراوێكیاندا كە وەزارەتی داد ئاراستەی پەرلەمانی كوردستانی كردووە، ئاماژە بەوە كراوە ماوەی چەند ساڵێكە خاوەنەكانی ئەو موڵكانە چاوەڕێی جێبەجێكردنی فەرمانی دادگان بۆ وەرگرتنەوە موڵكەكانیان.
لەو نووسراوەدا كە ڕۆژی 16-12-2018 بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێكردنی سلێمانی ئاراستەی نووسینگەی پەرلەمانی كردووە، جەختی لەوە كردووەتەوە كە پاش چەند ساڵێك و چەند جار چوونی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگا بۆ چۆڵكردنی ئەو موڵكانە، بەڵام هەوڵەكان بێ ئەنجام بووە.
ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی سەر بە وەزارەتی داد، ئاماژەی بەوەش كردووە، هەرچەندە بەپێی نووسراوی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران داوا كراوە بە بەكارهێنانی هێزی وەزارەتی ناوخۆوە فەرمانی پێچۆڵكردنی ئەو موڵكانە جێبەجێ بكرێت، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ لەو ڕووەوە هاوكاریی وەزارەتی دادی نەكردووە، هەر بۆیە داوای لە پەرلەمانی كوردستان كردووە هاوكاری بێت لە جێبەجێكردنی فەرمانەكەدا لە ڕێگەی موفاتەحەكردنی وەزارەتی ناوخۆ و پۆلیسی سلێمانییەوە.
دەستبەسەرداگرتنی ئەو موڵكانە لەلایەن سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانەوە، بۆ ساڵی 1991 و پاش ڕاپەڕین دەگەڕێتەوە. لە ساڵی 2002ـەوە سكاڵا بۆ ڕادەستكردنەوە ئەو موڵكانە جووڵێندراوە، بەڵام تا ئێستا بە ئاكام نەگەیشتووە. موڵكەكان ماڵی محەمەدی حاجی مەحموودە لە شاری سلێمانی و شوێنی نیشتەجێبوونیەتی.
لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991ی گەلی كورد و نەمانی دەسەڵاتی حیزبی بەعس لە هەرێمی كوردستان، ژمارەیەكی زۆر موڵكی گشتی و تایبەت لەلایەن حیزب و بەرپرسانی هەرێمەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، بەڵام تا ئێستا ئامادە نین ڕادەستیان بكەنەوە.


