ترەمپ: لە چەند هەفتەی داهاتوودا دانوستانەكان لەگەڵ كۆریای باكوور دەست پێ دەكەنەوە

30-06-2019 02:37

پەرەگراف

دۆناڵد ترەمپ وەكو یەكەم سەرۆكی ئەمریكا پێی خستە ناو خاكی كۆریای باكوورەوە و لەگەڵ كیم جۆنگ ئوون كۆبووەوە. ترەمپ دەڵێت: لە چەند هەفتەی داهاتوودا دانوستانەكان لەگەڵ كۆریای باكوور دەست پێ دەكەنەوە.

پاش دابەشبوونی كۆریا بۆ دوو وڵاتی كۆریای باشوور و باكوور، دۆناڵد ترەمپ وەكو یەكەم سەرۆكی ئەمریكا، بەیانیی ئەمڕۆ چووە نێو خاكی كۆریای باكوورەوە و دواتریش لەگەڵ كیم جۆنگ ئوون كۆبووەوە.

ترەمپ كۆبوونەوەكەی بە "زۆر باش" وەسف كرد و وتی "لە كاتێكی گونجاودا لەگەڵ كیم جۆنگ ئوون، سەرۆكی كۆریای باكوور، سەردانی وڵاتانی یەكتر دەكەین، هەر بۆ ئەو مەبەستەش داوام لێی كرد سەردانی كۆشكی سپی بكات".

سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی كۆریای باكوورەوە، سەرۆكی ئەمریكا ئاشكرا كرد "لە میانی چەند هەفتەی داهاتوودا دانوستانەكان دەست پێ دەكەنەوە، بەڵام ئامانجامان پەلەكردن نییە".

دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئەو ساتەی كە گەیشتە (هێڵی جیاكەرەوە)ی نێوان هەردوو كۆریا، وتی "بە گەیشتنم بۆ هێڵی تێپەڕاندنی (هێڵی جیاكەرەوە) لە كیم جۆنگ ئوونم پرسی: دەتوانم لە سنوور بپەڕمەوە؟ ئەویش لە وەڵامدا وتی: بێ گومان ئەوە بۆ من شەرەفێكی گەورە".

ترەمپ تیشكی خستە سەر ئەوەش كە لە قۆناغی داهاتووی دانوستانەكاندا، دۆسیەی سزاكانی سەر كۆریای باكوور لەگەڵ كیم جۆنگ ئوون تاووتوێ دەكات و وتی "لە ئێستادا سزاكانی سەر كۆریای باكوور درێژەیان دەبێت".

هەروەها كیم جۆنگ ئوون، سەرۆكی كۆریای باكوور، ئامانجی سەردانەكەی ترەمپی بە "بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی هەردوو وڵات" ناو برد و ڕایگەیاند "تێپەڕاندنی هێڵی سنوور لەلایەن ترەمپەوە، كردەیەكی ئازایانەیە بۆ كۆتاییهێنان بەو ڕابردووە ناخۆشەی كە هەبووە".

كۆبوونەوەكەی نێوان ترەمپ و كیم لە ناوچەی لە چەك داماڵدراوی نێوان كۆریای باكوور و كۆریای باشوور بەڕێوەچوو.